26/8/2019 04:13 PM

په‌تای سێڵفیی له‌ قرش مه‌ترسیدارتره‌




به‌ پێی توێژینه‌وه‌یه‌ك مردن به‌ هۆی سێڵفیی گرتنه‌وه‌ زۆر زیاتره‌ له‌ مردن به‌ هۆی په‌لاماری قرشه‌وه‌.گه‌شتكردن بێ وێنه‌یه‌كی سێڵفیی بۆ ئه‌نیستاگرام و فه‌یسبوك بووه‌ته‌ شتێكی ئه‌سته‌م به‌تایبه‌ت به‌لای گه‌نجانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ زۆر له‌و گه‌نجانه‌ سه‌ركێشی بكه‌ن بۆ گرتنی وێنه‌یه‌كی سێڵفی، ئه‌مه‌ش تا ئێستا بووه‌ته‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی زۆر له‌و گه‌نجانه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا. هه‌روه‌ها گه‌ڕانی گه‌شتیاران بۆ كه‌سێك تا وێنه‌یان بگرێت له‌گه‌ڵ شوێنه‌وار یان په‌یكه‌رێك یان شوێنێكی به‌ناوبانگ بووه‌ته‌ شتێك له‌ ڕابردوو، چونكه‌ چه‌ندین ساڵه‌ باوی سێڵفییه‌ و هه‌موو شتێكی باویش لایه‌نێكی شاردراوه‌ و تاریكی هه‌یه‌، چونكه‌ ئاماره‌كان ئاشكرایانكردووه‌ كه‌ ژماره‌ی قوربانیانی (سێڵفیی) له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا چه‌ندین هێنده‌ی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ به‌ هۆی هێرشی قرشه‌كانه‌وه‌ گیانله‌ده‌ستده‌ده‌ن.
به‌ پێی زانیاریی و ئاماره‌كانی گۆڤاری (Journal of Family Medicine and Primary Care)هیندیی له‌نێوان یه‌كی تشرینی یه‌كه‌می (2011) و تشرینی دووه‌می (2017) دا نزیكه‌ی (259) كه‌س به‌هۆی سێلفیی گرتنه‌وه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، له‌ كاتێكدا قوربانیانی هێرشه‌كانی قرش له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌نها (50) كه‌س بوون.
هه‌ر ئه‌و گۆڤاره‌ له‌ئاماره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ژنان زۆرتر حه‌ز به‌ سێڵفیی گرتن ده‌كه‌ن، كه‌چی سێ له‌سه‌ر چواری قوربانییه‌كان پیاون و هیندیش بۆخۆی له‌و چوارچێوه‌یدا پله‌ی یه‌كه‌می هه‌یه‌ و زۆربه‌ی قوربانییه‌كان له‌و وڵاته‌ن، به‌ شێوه‌یه‌ك به‌ ته‌نها له‌ هیند له‌و ماوه‌یه‌دا ( 159) پیاو گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌ویش یان له‌ كاتی سێڵفی گرتندا كه‌وتوونه‌ته‌ ئاوه‌وه‌ و خنكاون یان له‌ته‌لاره‌ به‌رزه‌كانه‌وه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ خواره‌وه‌‌و مردوون، ئه‌مه‌ش بۆخۆی ده‌كاته‌ نیوه‌ی ژماره‌ی قوربانیانی سێڵفیی له‌ جیهاندا.
هه‌روه‌ها ئاماره‌كه‌ ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ زۆربه‌ی قوربانیان له‌ هیند گه‌نجن، چونكه‌ ئه‌وان زۆر حه‌ز به‌ سه‌ركێشیی و كێبڕكێ ده‌كه‌ن بۆ گرتنی دیمه‌ن و گرته‌ی سه‌رنجڕاكێش له‌كاتی سێڵفیی گرتندا، ئه‌مه‌ش وای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هیند كردووه‌ كه‌ سێڵفیی گرتن له‌ هه‌ندێك شوێن قه‌ده‌غه‌ بكه‌ن.
دوای هیند ، ڕوسیا به‌ پله‌ی دووه‌م دێت له‌ ڕووی ژماره‌ی قوربانیانی سێڵفییه‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی 2011 بۆ 2017 له‌و وڵاته‌ (16) كه‌س له‌كاتی سێڵفیی گرتندا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ ،
گۆڤاره‌كه‌ ده‌ڵێت» سێڵفیی گرتن وای لێهاتووه‌ كه‌سێك له‌ كاتی سیڵفیی گرتن له‌گه‌ڵ مینێكدا گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و ئه‌مه‌ش وای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ندێك ناوچه‌ی ڕوسیا كردووه‌ كه‌ به‌ر له‌ چوار ساڵ ڕاپۆرتێك به‌ ناونیشانی( سێڵفییه‌كی بێ مه‌ترسیی)بڵاوبكه‌نه‌وه‌ بۆ عاشقانی سێڵفیی و تێیدا چه‌ند ڕێنماییه‌كی تایبه‌ت بۆ چۆنیه‌تیی سێڵفیی گرتن بخه‌نه‌ ڕوو .
له‌ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش له‌و ماوه‌یدا نزیكه‌ی 14 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ زۆربه‌ی قوربانیه‌كان به‌هۆی سێڵفیی گرتن له‌گه‌ڵ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
ئه‌م مه‌ترسییانه‌به‌ جۆرێك زۆر بوون كه‌ وای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئۆكرانیا كردووه‌ له‌ڕێ (تویته‌ر)ه‌وه‌ گه‌شتیاران له‌ مه‌ترسیی سه‌ركێشیكردن و گه‌مه‌ژه‌یی نواندن ئاگادار بكاته‌وه‌ له‌ كاتی سێڵفیی گرتن دا.
له‌ ئه‌وروپاش چه‌ندین ڕووداو تۆماركراون كه‌ زۆربه‌ی قوربانیه‌كانی گه‌نجانی سه‌ركێش بوون كه‌ وه‌ك ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاتانه‌ ئاماژه‌یان پێداوه‌ تووشی په‌تای سێڵفیی بوون و كێبه‌ركێیان كردووه‌ بۆ گرتنی دیمه‌نی تایبه‌ت و و بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
دوا قوربانی په‌تای سێڵفییش كچه‌ نمایشكاری جلوبه‌رگی تایوانی ( جیجیرو) بوو كه‌ له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایتیه‌كان به‌( كچه‌ی په‌یكینی )ناسرابوو، ئه‌م خانمه‌ ئه‌مساڵ و له‌ كاتی سه‌ركێشیكردنی له‌ یه‌كێك له‌ زنجیره‌ چیاكانی تایوان له‌ كاتی سێڵفیی گرتندا كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و گیانی له‌ده‌ستدا ، ئه‌و خانمه‌ به‌وه‌ ناوبانگی ده‌ركردبوو كه‌ به‌ جلوبه‌رگی نه‌ریتی تایله‌ندییه‌وه‌ له‌سه‌ر لوتكه‌ی چیاكان وێنه‌ی سێڵفیی ده‌گرت.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و خووه‌ پڕسه‌ركێشیی و كاره‌ مه‌ترسیداره‌دا كۆمه‌ڵێك كه‌س هه‌ن هه‌میشه‌ ئه‌و خووه‌ ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ كارێكی گه‌مژانه‌ی دور له‌ لۆژیكی داده‌نێن و پێیان وایه‌ هه‌موو شتێك كه‌ له‌سنوری خۆی تێپه‌ڕی كرد ده‌بێته‌ شتێكی نا ئاقڵانه‌ی داده‌نێن.

سه‌رچاوه‌:elaph




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved