27/8/2019 12:09 AM

سەوزەی خۆماڵی پێداویستی بازاڕ پڕدەكاتەوە

ئاستی بەرهەمهێنانی سەوزە لە پارێزگای سلێمانی گەیشتووەتە رێژەی 100% و پێداویستی بازاڕ بە شێوەیەكی بەرچاو دابیندەكات، قائیمقامی سلێمانیش دەڵێت بایەخی تەواو بە بەروبوومی ناوخۆیی دەدەن و داواش لە جوتیاران دەكات پارەی "عمولە" نەدەن.  

بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لیژنەی دیاری هاوسەنگی بەروبوونی سەوزەو میوە لە پارێزگای سلێمانی كۆبوەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی جەختی لە هەنگاوەكانی حكومەت كردەوە بۆ پاڵپشتیكردنی جوتیاران و پرۆژە كشتوكاڵییەكان، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد لەپێناو بوژانەوەو زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی پاڵپشتی تەواوی جوتیاران دەكەن.

وتیشی: وەك هاوكارییەك بۆ جوتیاران و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان بڕیاری وەرنەگرتنی "عمولە" لە جوتیاران لە عەلوەی سلێمانی جێبەجێ دەكرێت و لەكاتی فرۆشتنی بەرهەمەكانیان هیچ بڕە پارەیەك لە جوتیاران وەرناگیرێت، داواشی لە جوتیاران كرد لە ئەگەری وەرگرتنی پارەی "عمولە" سكاڵا تۆماربكەن بۆ ئەوەی سزای ئەو كەسانە بدرێت كە پابەندنی بڕیارەكە نابن، راشیگەیاند: مەبەست لەو بڕیارە پاڵپشتیكردنی زیاتری جوتیاران و بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و زیادكردنی بەرهەمی خۆماڵییە.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بە پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی سەوزە لە پارێزگای سلێمانی كرا كە لەم وەرزەدا بەڕێژەی لە "100%" پێداویستی بازاڕ دابیندەكات و پێویست بە هاوردەكردنی هیچ جۆرە سەوزەیەك ناكات.  

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەداو دەربارەی پێگەیشتنی بەرهەمی میوەی خۆماڵی ئاماژە بۆ ئەوە كرا بەهۆی پێگەیشتنی بەشێك لە جۆرەكانی میوە، بەرهەمی میوەی خۆماڵی بەشێكی زۆری پێداویستی بازاڕ دابیندەكات و باج دەخرێتەسەر ئەو بەروبومانەی كە لە ناوخۆی هەرێم بەرهەمدەهێنرێت. 

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved