27/8/2019 12:13 AM

دوو منداڵی كورد دادوه‌ری فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی ئیسفه‌هانن

دوو منداڵی كورد بوونه‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی دادوه‌رانی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵانی ئیسفه‌هان.

دوو منداڵی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ناوه‌كانی "مه‌ستی فوئاد جه‌لال" و "میلانۆ فوئاد جه‌لال" وه‌كو ئه‌ندامی لیژنه‌ی دادوه‌رانی سی ‌و دووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ده‌ستنیشان كراون.

به‌پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندنی سی‌ودووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران، دوو منداڵی كورد له شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی كوردستان به ناوه‌كانی "مه‌ستی فوئاد جه‌لال" ته‌مه‌ن ١١ ساڵ و هه‌روه‌ها "میلانۆ فوئاد جه‌لال" ته‌مه‌ن ١٦ ساڵ كه‌ منداڵی "فوئاد جه‌لال" به‌رپرسی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی و خاوه‌نی كۆمپانیای سینه‌مایی "مه‌ستی فیلم" بۆ یه‌كه‌مینجار له مێژووی هه‌رێمی كوردستان به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك منداڵ له وڵاتانی ژاپۆن، ڕوسیا، مالیزی، ئه‌رمه‌نێستان، جۆرجیا، پاكێستان، لوبنان و ئێران كه‌ له‌ 17 كه‌س وه‌كو ئه‌ندامی لێژنه‌ی دادوه‌رانی سی‌ و دووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفه‌هان له وڵاتی ئێران ده‌ستنیشان كراون و فیلمه‌كانی به‌شی پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ گرنگه‌ی سینه‌مای منداڵانی جیهان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و له ڕێوڕه‌سمی كۆتایی ئه‌م فیستیڤاڵه‌دا خه‌ڵاتی په‌پووله‌ی زێڕینی به‌شه‌كان به فیلمه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كانی سی ‌و دووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران له‌ شاری ئیسفه‌هان بریتین له‌: "مه‌ستی فوئاد جه‌لال" و "میلانۆ فوئاد جه‌لال" له‌ هه‌رێمی كوردستان، "ژێنگ یانگ لوو" له وڵاتی ژاپۆن، "مێهدی ئه‌حمه‌د" له‌ وڵاتی لوبنان، "محه‌مه‌د واریام یانكی" له‌ وڵاتی پاكستان، "مریه‌م گیگلاشۆیلی" له‌ وڵاتی جۆرجیا، "ئارام ده‌وڵه‌تییان" له‌ وڵاتی ئه‌رمه‌نێستان، "مه‌هین فاتیما" له‌ وڵاتی پاكستان، "داوید میامۆتۆ سوارێز" له‌ وڵاتی ژاپۆن، "ئانجلینا كاشیر تسوا" له‌ وڵاتی ڕوسیا، "نیكۆلێز چیگۆگیدزه‌" له‌ وڵاتی جۆرجیا، "ماكسیم كۆخارۆك" له‌ وڵاتی ڕوسیا، "سه‌یدمحه‌مه‌د شابیر عه‌‌باس" له‌ وڵاتی پاكستان، "ڕۆكسانا ڕه‌سوڵی" ، "زه‌هرا ئاقاجان"، "زه‌ینه‌ب سادات مورادپوور" و "ئاتریا حاج سوڵتانی" و "ئه‌هوورا ئه‌بوولی" له‌ وڵاتی ئێران.

فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كانی به‌شی پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی سی ‌و دووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفه‌هان كه‌ ئه‌م منداڵانه‌ دادوه‌رییان ده‌كه‌ن له‌ سینه‌ماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان پێكهاتوون كه‌ بریتین له‌: ئیتاڵیا، فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، سویسڕا، ڕوسیا، دانیماڕك، هۆڵه‌ندا، ژاپۆن، به‌لژیكا، قرقیزستان، توركیا، نۆڕوێژ، لێتۆنی، هیندستان، ئه‌فریقای باشوور، كرۆڤاسی و ئێران.

فیلمی سینه‌مایی "كاتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری ناوداری كورد "به‌همه‌ن قوبادی" یه‌كێكه‌ له‌ فیلمه‌ هه‌ره‌ دره‌وشاوه‌كانی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران و خه‌ڵاتی په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین فیلمی 15مین خولی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌.

هه‌روه‌ها فیلمی سینه‌مایی "كیسه‌ڵه‌كانیش ده‌توانن بفڕن" له‌ ده‌رهێنانی "به‌همه‌ن قوبادی" له‌ 19 یه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفه‌هان نمایشكراو له‌لایه‌ن بینه‌رانی ئه‌م ئه‌م فێستیڤاڵه‌ گرنگه‌ی سینه‌مای منداڵانی جیهان پێشوازییه‌كی بێوێنه‌ی لێكراو له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م خوله‌ی فیستیڤاڵه‌وه‌ خه‌ڵاتی په‌پووله‌ی زێڕینی باشترین فیلم، خه‌ڵاتی تایبه‌تی باشترین ئه‌كته‌ری منداڵ بۆ "اواز له‌تیف"، خه‌ڵاتی تایبه‌تی باشترین ئه‌كته‌ری منداڵ بۆ "عه‌جیل زێباری" و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی تایبه‌تی باشترین ئه‌كته‌ری منداڵ بۆ "فه‌یسه‌ڵ ڕه‌حمان"ی به‌ده‌ستهێنا.

سی ‌و دووهه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌كانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێران ICFF به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی "عه‌لیڕه‌زا تابێش" له‌ به‌شه‌كانی فیلمی درێژی چیرۆكی، كورته‌ فیلمه‌كانی چیرۆكی، وێب سێری، فیلمه‌كانی ئه‌نیمه‌یشێنی درێژو كورته‌ فیلمه‌كانی ئه‌نیمه‌یشێن له‌ دوو به‌شی "نه‌ته‌وه‌یی" و "نێونه‌ته‌وه‌یی"دا به‌ سازدانی چه‌ندین كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی پسپۆڕانه‌ له‌سه‌ر هونه‌ری سینه‌ما له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

خاك - مه‌نسوور جیهانی








زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved