1/9/2019 11:38 PM

دەرفەتی زیاتری خوێندنی ماستەرو دكتۆرا دەڕەخسێنرێت

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە ڕێوڕەسمی خولی دەرچووانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ڕایگەیاند: دامودەزگاكانی كەرتی گشتی بەتەنها ناتوانن دەرفەتی كاركردن بۆ هەموو دەرچووانی زانكۆكان فەراهەمبكەن، بەڵكو بەشێكی ئەم ئەركە لەئەستۆی كەرتی تایبەت و كەرتی پیشەسازی و كەرتەكانی تر دەبێت.

بە چاودێری و ئامادەبوونی د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك لە سەرۆك زانكۆكان و مامۆستایان و خوێندكاران و كەسوكاریان، ڕێوڕەسم و ئاهەنگی (٣٠)هەمین خولی دەرچووانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە هۆڵی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بەناوی خولی نوێبونەوە بەڕێوەچوو.

لە وتەیەكدا د.ئارام محمد وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: ئەم پۆلە گەنجە هاوشانی دەرچووانی زانكۆكانی دیكەی كوردستان دەبنە بەشێكی گرنگ لە سەرمایەی مرۆیی هەرێمی كوردستان و بەشداردەبن لە بنیادنان و گەشەپێدانی هەرێمەكەمان، بۆ ئەمەش دەستخۆشی لە زانكۆكانی پۆلیتەكنیكی دەكەم كە لەماوەی ڕابردوودا هەوڵیانداوە بۆ داڕشتنی نەخشەرێگەی ڕیفۆرمی خوێندنی تەكنیكی لە كوردستان، لە ئێستاشدا هەرسێ زانكۆی پۆلیتەكنیكی ئامادەكاری دەكەن بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستم و پرۆگرامەكانی خوێندن بە جۆرێك پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەڵ پێداویستییەكانی بازاری كارو تواناكانی گەشەكردنی ئابووری واڵاتەكەمان دروستبكات.

وتیشی: ئێوەی دەرچووان دەرفەتی یەكسانی هەلی كارو ژیانێكی ئارام و ئابووريیەكی سەقامگیرتان دەوێت، بەڵام دەبێت هەمیشە ئەو ڕاستییەمان لەپیش چاوبێت كە هیچكات دامودەزگاكانی كەرتی گشتی بەتەنها ناتوانن دەرفەتی كاركردن بۆ هەموو دەرچووانی زانكۆكان فەراهەمبكەن، بەڵكو بەشێكی ئەم ئەركە لەئەستۆی كەرتی تایبەت و كەرتی پیشەسازی و كەرتەكانی تر دەبێت، هاوكات دەرچووانیش دەبێت لەڕێگای توانای كارسازی و بیركردنەوەی داهێنەرانە هەوڵی خولقاندنی مۆدیلی نوێی كارسازی و دروستكردنی هەلی كارو گەشەكردنی ئابووری بدەن.

ڕاشیگەیاند: لەدوای دەرچوونتان ئێوە بەتەنها نین، ئێمەش پشتیوانتانین، پلانمان هەیە كە لەڕێگای سەنتەرەكانی بەكارخستن واتا سێنتەرەكانی (CDC) هەمیشە لە پەیوەندی بەردەوامدابین لەگەڵتان، بۆ ئەمەش وەك وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پشتیوانی لە سێنتەرەكانی بەكارخستن دەكەین.

هەر لە وتەكەیدا لەبەردەم دەرچووانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی د.ئارام محمد ئاشكرایكرد: ئەمساڵ لەڕێگەی پلانەكانی خوێندنی ماستەرو دكتۆراوە دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچووانی زانكۆكانمان دەڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن كاتەكانتان بەكاربهێنن بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەكادیمتان.

وتیشی: دەرچووان فاكتەری سەرەكی بنیادنانی نیشتیمان و سەركەوتنی هەرێمەكەمانن، هەموومان پێكەوە دەتوانین كار بۆ بنیادنانی ئابوورییەكی فرەڕەنگ و سەقامگیرو گەشەكردو بۆ هەرێمەكەمان بكەین.

لە كۆتایی وتارەكەیدا وەزیری خوێندن باڵا سڵاوی زانست و خەباتی ئەكادیمی بۆ سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ناردو وتی: ئەگەر لە خۆبوردی و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەبووایە ئێستا ئێمە نەدەگەیشتین بەم ڕۆژەی ئێستا، هەروەها ڕێزو وەفاشی بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردو كوردستان نارد.

لە وتەیەكیشدا د.ئالان فەرەیدون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەناوی ئەنجومەنی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئاماژەی بە هەنگاو و كارەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كرد بۆ ستراتیژی تازەو خۆنوێكردنەوەو دووبارە بونیادنانەوەی كۆمەڵگەیەكی مەعریفی رۆشنبیر، هەروەك بەڵێنیشیدا بەردەوامبن بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی خوێندن و پێشخستنی زانكۆكەیان.

جێگەی ئاماژەیە، لە (٣٣)هەمین خولی دەرچووانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی (٤٥٠٠) دەرچوو لەبوارە جیاجیاكانی كۆمەڵەی كارگێری و پزیشكی و ئینفۆرماتیك و كۆمەڵەی ئەندازیاری و تەكنیكی و كشتوكاڵ و میدیاو بوارەكانی دیكە. بڕوانامەی بەكالۆریوس و دبلۆمی تەكنیكییان پێبەخشرا.


خاك - راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved