1/9/2019 11:51 PM

وێستگەكانی گۆڕين بە كارەبای نیشتمانییەوە دەبەسترێنەوە

وەزیری كارەبا  رایدەگەیەنێت، سەرجەم ئەو وێستگانەی گۆڕینی كارەبا كە 100%ی كارەكانیان تەواوبووە، دەبێت بە زووترین كات بە هێڵی كارەبای نیشتمانییەوە ببەسترێنەوەو بۆ خزمەتی هاووڵاتیان و گەیاندنی كارەبا بۆ هاوبەشانی كارەبا بەكاربهێنرێن.

ئەم لێدوانەی ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا لە چوارچێوەی ئەو كۆبوونەوەیەدا هات كە لەگەڵ بریكاری وەزارەت و راوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت كۆبووەوەو داوای لێكردن هەرچی زووە كار بۆ بەستنەوەی هەموو ئەو وێستگانەی گۆڕینی كارەبا بكرێت كە كارەكانیان تەواوبووەو ئامادەن بۆ كاركردن، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری كارەبا دوای گوێبیستی راوبۆچوون و پێشنیارەكانی ستافی باڵای وەزارەت و وردەكارییەكانی لێژنەی ئامادەكردنی كارنامەی وەزارەت بڕیاریدا لەم هەفتەیەدا لە چوارچێوەی هێڵە گشتیيەكانی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كارنامەی وەزارەت تەواوببێت.

لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا وەزیری كارەبا باسی لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان كردو بڕیاردرا دوای گفتوگۆكردن لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان كار بۆ چارەسەركردن و رێكخستنی هەموو ئەو كارو پرۆژانە بكرێت كە پەیوەندی بە گەیاندنی وزەی كارەباوە هەیە بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان.

سەبارەت بە كۆنترۆڵكردن و بەڕێوەبردنی سیستمی كارەباش وەزیری كارەبا داوای لە بەڕێوەبەری گشتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان كرد بەدواداچوون لەسەر پرۆژەی سكادا بكات كە پرۆژەیەكی پێشكەوتووی كۆنترۆڵكردنی كارەبایەو رۆڵی لە چارەسەركردنی زۆربەی گرفت و كێشەكان دەبێت.

لە كۆتایی قسەكانیدا ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا باسی لە كاری سیانەی وەرزی تۆڕەكانی كارەبا كرد كە پێش هاتنی وەرزی زستان پێویستە تیمەكانی چاكسازی لە وەزارەتی كارەبا دەستی پێبكەن و ئامادەیی وەزارەتی نیشاندا بۆ پێشكەشكردنی هەموو كارئاسانی و پاڵپشتیيەك كە پێویستیانە.


خاك -  راگەیاندنی وەزارەتی كارەبا 





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved