3/9/2019 11:31 PM

دەرفەتی زیاتر بۆ خوازیارانی ماستەرو دكتۆرا دەرەخسێنرێت

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی جەختیكردەوە پێویستە ڕێنماییەكانی خوێندنی ماستەرو دكتۆرا بە شێوازێك دابڕێژین ڕێگربێت لە چوونە دەرەوەی سامانی نیشتیمانی وڵاتەكەمان و زۆرترین دەرفەتیش بۆ خوازیاران دەستەبەر بكەین. دووپاتیشیكردەوە سەرجەم دەرچووانی زانكۆكان ئەوانەی تائێستا دانەمەزراون بەبێ ڕەچاوكردنی ساڵانی دەرچوون و خزمەت دەتوانن داواكاری بۆ ماستەر پێشكەشبكەن.

ئەو جەختكردنەوەی د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەمیانەی سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەی داڕشتنەوەو پێداچوونەوە بە ڕێنماییەكانی خوێندنی ماستەرو دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان هات، كە ڕاوێژكارو بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت و یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆكان بۆ كاروباری زانستی ئامادەیبوون.

لە وتەیەكدا بۆ یاریدەدەرانی سەرۆك زانكۆكان، وەزیری خوێندنی باڵا سوپاسیكردن، كە بەردەوام ڕۆڵیان لە داڕشتنی بنەما زانستییەكان هەبووە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندنی باڵا بۆ گەنجانی وڵاتەكەمان.

وتیشی: لەم كۆبوونەوەیەدا پێداچوونەوە بە ڕێنمايیەكانی خوێندنی باڵا ماستەرو دكتۆرا دەكەین، بە شێوەیەك بۆ ئەمساڵی خوێندن بتوانین ئەم ڕێنماییانە بە باشترین شێوە ئامادەبكەین لەو پێناوەی زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیاران دەستەبەر بكەین.

وتیشی: سەرجەم دەرچووانی زانكۆكان ئەوانەی تائێستا دانەمەزراون، لەمساڵدا بەبێ ڕەچاوكردنی ساڵانی دەرچوون و خزمەت دەتوانن داواكاری بۆ ماستەر پێشكەشبكەن، بۆ ئەمەش دووپاتیكردەوە دەخوازین بە ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیارانمان بتوانین ڕێگربین لە بردنە دەرەوەی سەرمایەی نیشتیمانی وڵاتەكەمان و كادیری زانستی و ئەكادیمی بە كواڵێت و ستانداردو بنەما زانستییە پێشكەوتووەكان پێبگەیەنین.

وتیشی: ئەم ڕێنماییانە بۆ كواڵێتی كۆرسەكان و توێژینەوەكانیشە بۆ ئەوەی توێژینەوەكان بچنە ئاستێكی باڵاترو لە گۆڤارە زانستيیە ئاستبەرزەكانی دونیا بڵاوبكرێنەوە، ئەمانەش بۆ ئەوەن بتوانین ئاستی زانكۆكانمان زیاتر بەرەوپێشببەین لەرووی زانستی و ئەكادیمی، هەروەك داوای لە یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆكان بۆ كاروباری زانستی كرد، پێویستە مۆدێل و ستایڵی گفتوگۆی ماستەرو دكتۆرا گۆرانكاری بەسەردا بكرێت، بە شێویەك لەگەڵ بنەما زانستییە نێودەوڵەتییە مۆدێرنەكان بگونجێن و گفتوگۆكان لە ئاستێكی زانستی و باڵا بەڕێوەببردرێن.

هەر لەو كۆبوونەوەكەدا بە خستنەڕووی دیدو بۆچوونی زانستی، گفتوگۆیەكی ورد لەبارەی داڕشتن و پێداچوونەوە بە ڕێنماییەكانی خوێندنی ماستەرو دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كرا.


خاك - راگەیاندنی خوێندنی باڵا





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved