3/9/2019 11:37 PM

خانووە كۆنەكانی سلێمانی بە خشتی ناوخۆیی رووپۆش دەكرێن

خاوەنی كارگەكانی خشتی سلێمانی پابەندبوونی خۆیان نیشاندا بۆ دروستكردنی ئەوجۆرە خشتەی لە خانووە كۆنەكانی سلێمانیدا بەكارهاتووە بۆ ئەوەی هەر خانوویەك لە گەڕەكە كۆنەكاندا دروستكرایەوە بەوجۆرە خشتە رووپۆش بكرێن.

قائیمقامی سلێمانی بە بەشداری نوێنەری شارەوانی سلێمانی و شوێنەوارو پیشەسازی و وەبەرهێنان و ئاسایش و كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی و لیژنەی پاراستنی شوێنەوار لەگەڵ خاوەنی كارگەكانی دروستكردنی خشت كۆبووەوە.

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: ئەم كۆبوونەوەیە درێژەدانە بە كاری لیژنەی پاراستنی شوێنەوارو دەمانەوێت رێگەبگرین لە دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی خانوو لە گەڕەكە كۆنەكانی سلێمانیدا بە جۆرێك كە سیمای كەلەپووری شاری سلێمانی تێكبدات. 

وتیشی: دەمانەوێت هەمان ئەو خشتەی كە لە خانووە كۆنەكانی سلێمانیدا بەكارهاتووە دروستبكرێتەوەو لەو خانووانەدا بەكاربهێنرێن كە ئێستا لە گەڕەكە كۆنەكاندا دروستدەكرێن یان نۆژەندەكرێنەوە.

ئەندازیار نیاز حسێن ئەندامی لیژنەی شوێنەوار رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا كە نوێنەری تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادەیبوون، جەخت لەسەر بڕیاری پاراستنی سیمای گەڕەكە كۆنەكان كرایەوەو خاوەنی كارگەكانی دروستكردنی خشتیش ئامادەییان دەربڕی بۆ دروستكردنی ئەوجۆرە خشتە.

وتیشی: ئەوجۆرە خشتە هەمان ئەو جۆرەیە كە لە دروستكردنی خانووی گەڕەكە كۆنەكاندا بەكارهاتووە.

ئاماژەی بەوەشكرد لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە هەر كەسێك خانووی نیشتەجێ یان بازرگانی لە گەڕەكە كۆنەكانی سلێمانیدا دروستبكات یان نۆژەنبكاتەوە دەبێت بەوجۆرە خشتە ناوخۆییە كە لە سلێمانی دروستدەكرێت رووپۆشی بكات و بەپێچەوانەوە بەدەر لەو خشتە رێگەنادرێت بەهیچ ماددەیەكی تر خانووەكان رووپۆش بكرێن.

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved