ئه‌زموونی ئه‌ده‌بی نووسه‌ری نێوداری فه‌ره‌نسی «مۆپاسان» كه یه‌كێكه له چیرۆكنووسه جیهانییه‌كان و به یه‌كێ له پێشڕه‌وه گه‌وره‌كانی دنیای چیرۆك داده‌نرێ، لای ته‌واوی گه‌لانی دنیا به گرنگ وه‌رگیراوه، به‌رهه‌مه‌كانی بۆ سه‌ر زۆربه‌ی زمانه‌كانی دنیا وه‌رگێڕدراون و خوێندراوه‌نه‌ته‌وه و قسه‌ی له‌باره‌وه كراوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه وه‌ك زۆرێك له شاكاره ئه‌ده‌بییه‌كانی دنیا به‌شێكی كه‌م له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره وه‌رگێڕدراون بۆ سه‌ر زمانی كوردی، كه ده‌بوو ئێستا كۆی به‌رهه‌مه‌كانی وه‌ربگێڕدرایه بۆ كوردی. چه‌ند جێگه‌ی داخه هه‌ندێك له وه‌رگێڕه‌كانمان به‌رهه‌می نووسه‌رانی نمره بیست و سی كه له وڵاتی خۆیان ئه‌سڵه‌ن هه‌ر ناخوێنرێنه‌وه و ناچنه خانه‌ی ده‌قی زیندوو و هونه‌ری باڵاوه، كه‌چی لێره وه‌رده‌گێڕدرێنه سه‌ر زمانی كوردی و به‌شاكاری گه‌وره به‌خوێنه‌ری كوردی داماوی ده‌فرۆشنه‌وه و هه‌ر به‌زۆر ئه‌یسه‌پێنن به‌سه‌ر خوێنه‌راندا و چه‌ند جار چاپی ده‌كه‌نه‌وه. كه‌چی نوسه‌رێكی گه‌وره‌ی وه‌كو مۆپاسان تا ئێستا به‌شێكی كه‌می به‌رهه‌مه‌كانی وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانی كوردی. له‌به‌ر ئه‌وه وه‌رگێڕانی ئه‌م چه‌ند چیرۆكه هه‌وڵێكی جیدییه و جێگای ده‌ستخۆشییه بۆ هه‌ر دوو وه‌رگێڕ كه به‌هاوبه‌شی ئه‌م كاره‌یان كردووه. باوه‌توان و چه‌ند چیرۆكێكی تر، هه‌وڵێكی جیدیه و جێگای ده‌ستخۆشییه، كه هه‌ر دوو وه‌رگێڕ ساسان ئاهه‌نگه‌ری و ئاكۆ عه‌باسی له فه‌ره‌نسییه‌وه وه‌ریانگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی، ئه‌مما چۆن كوردییه‌ك، پاراو و شیرین، به‌جۆرێك چێژ له خوێندنه‌وه‌ی ده‌بینی. من فه‌ڕه‌نسیزان نیم و ناتوانم بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه بده‌م چۆنیان وه‌رگێڕاوه، تا چه‌ند مۆفه‌ق بوون له گۆڕینی زمانه‌كه‌یدا، به‌ڵام ده‌قه كوردییه‌كه ئه‌وه‌نده شیرین و چێژ به‌خشه تێر نابی له خوێندنه‌وه‌ی، خوێنه‌ر وه‌ڕس نابێ له خوێندنه‌وه‌ی، پڕا و پڕه له وشه‌ی كوردی ناسك و جوان، هیوام وایه هه‌ردوو وه‌رگێڕی به‌ڕێز به‌رده‌وام بن له‌م كاره و ده‌ست بۆ هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی ئه‌م نووسه‌ره ببه‌ن، كه ده‌بوو مۆپاسان زووتر وه‌ربگێڕدرایه‌ته سه‌ر زمانی كوردی، هه‌ڵبه‌ته له ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا له باشوور كۆمه‌ڵێك چیرۆكی وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی، خۆزگه ئه‌و به‌رهه‌مه‌ش كه ئێستا لای زۆر كه‌س نه‌ماوه چاپ بكرایه‌ته‌وه. به‌م دواییانه‌ش توانا ئه‌مین چه‌ند چیرۆكێكی مۆپاسانی به‌ناونیشانی تریفه‌ی مانگ له دووتوێی كتێبێكدا وه‌رگێڕا. كۆمه‌ڵه چیرۆكێكی دیكه‌شی به‌ناوی یاده‌وه‌رییه‌كان هاوبیر عه‌لی وه‌ریگێڕاوه، سومه‌ییه خالیدیش پێنج چیرۆكی لێ وه‌رگێڕاوه، به‌ڵام من ئه‌م به‌رهه‌مه‌م نه‌دیوه و ته‌نیا له ئینته‌رنێت به‌رگی كتێبه‌كه‌م بینیوه. ناوبه‌ناویش چیرۆكه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره مه‌زنه وه‌رگێڕدراون له گۆڤار و رۆژنامه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه. لێ ئه‌وه‌ی سوكنایی دڵه وه‌رگێڕانی كۆی به‌رهه‌مه‌كانی نووسه‌ره. ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌ی مۆپاسان له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپی بیریاره له سه‌قز. ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه له كۆمه‌ڵێك چیرۆك پێكدێ كه ئه‌مانه‌ن: باوه توان، ده‌عباكه‌ی وه‌ستا بلۆم، پیره‌ی له گیانه‌ڵڵادا، قوڵكه، سمێڵ، به‌سه‌رهاتی واڵتێر شنافس، شه‌وی كریسمه‌س، بنه‌ماڵه‌یه‌ك، كێ چووزانێ، مسافیرخانه، له ماڵێ، هه‌وه‌ڵ به‌فر، پاشگۆتن. له‌گه‌ڵ ئه‌م چیرۆكانه‌دا دوو بابه‌ت له كتێبه‌كه‌دا هه‌ن، یه‌كێكیان ژیاننامه‌ی مۆپاسانه، ئه‌و دیكه‌یان بابه‌تێكه له‌باره‌ی ئه‌زموونی چیرۆك نووسین لای مۆپاسان به‌ناونیشانی تایبه‌تمه‌ندیی چیرۆكه‌كانی مۆپاسان. بابه‌ته‌كه باسی شێواز و ته‌كنیكی نووسینی چیرۆك ده‌كات لای مۆپاسان. ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure