6/9/2019 10:39 PM

گرفتەکانی رۆشنبیری و وەرزش چارەسەردەکرێن

ئه‌حمه‌د ریاز عوبێدی وه‌زیری وه‌رزش و لاوانی عیراق سه‌ردانی  حه‌مه‌ی حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هه‌رێمی كوردستانی كرد.

له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا باس له‌ كێشه‌و گرفته‌كانی نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌ت و هه‌ماهه‌نگی و كاری هاوبه‌ش له‌ داهاتوودا كرا .

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هه‌رێم ڕایگه‌یاند: له‌ كۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زیری وه‌رزش و لاوانی عیراق باسمان له‌و كێشه‌و گرفتانه‌ كرد کە له‌نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌ت هه‌ن، بۆیە هەوڵی جدی دەدەین بۆ چاره‌سه‌رکردنیان. له‌ داهاتووش پێكه‌وه‌ لێكتێگه‌یشتن و رێكه‌وتنێك ئیمزا ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بۆ په‌یوه‌ندی و هاوكاری و دانیشتن له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی هه‌یه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا لیژنه‌ دروستده‌كه‌ین.

وتیشی: وه‌زیری وه‌رزش و لاوان یه‌كێكه‌ له‌و وەزیرانەی حکومەتی ناوەند هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی باشی له‌گه‌ل وه‌زاره‌تی رۆشنبیری هه‌رێم هه‌یه‌و بۆ داهاتووش هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریيه‌كه‌ زیاتر ده‌بێت،  وه‌ك وەزارەتمان  زیاتر به‌شداری ده‌كه‌ین له‌و چالاكییانه‌ی له‌ ناوخۆی عێراق و ده‌ره‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێن.

ئه‌حمه‌د ریاز عوبێدی وه‌زیری وه‌رزش و لاوانی عێراق وێڕای سوپاس و پێزانین بەرانبەر بەو پێشوازییە ڕایگەیاند: دەمانەوێت پەیوەندی و هەماهەنگی جدی و کارامان لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم هەبێت،  بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش  سەردان و دیدارمان بەردەوامدەبێت، ئێستاش گه‌یشتینه‌ ئه‌و لێکتێگه‌یشتنه‌ی له‌ داهاتوودا له‌بواری وه‌رزش و لاوان كاری هاوبه‌ش ئه‌نجامبده‌ین، دیدارو كۆبونه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی و لیژنه‌كانی هه‌ماهه‌نگی زیاتر هەبێت بۆ داڕشتنی هێڵه‌ گشتیيه‌كانی پرۆتۆكۆلی هاوكاری نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکان  له‌بواری وه‌رزش و لاوان له‌ چوارچێوه‌ی عێراقی فیدراڵ. هەردولا هاوهەڵوێست و هاوڕابوون بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی و هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوانیاندا، بۆ ئەمەش پێویستە پەیوەندییەکان شۆڕبکرێنەوە بۆ خوارەوە، بە شێوەیەک بەڕێوەبەرایەتییەکانیش بگرێتەوە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند.

خاك - راگەیاندنی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved