6/9/2019 11:07 PM

بۆ چاخۆرەکان؛ سوودە زۆرەکانی چا

بۆ ئەوانەی بەردەوام هۆگری خواردنەوەی چان، ئەزانن کە خواردنەوەی چا بێ شەکر هاوکاری جەستە دەکات و رێگری دەکات لە توشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و هاوکاری خانەکانی لەش دەکات لە خۆنوێکردنەوە.

ئەنتۆنی کۆری پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و جوگەکان لە ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمەریکا دەڵێت: گەڵای چا دەوڵەمەندە بە مادەی دژەئۆکسان کە بە (کاتیکین) ناسراوەو ئەم مادانە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکانی پێست و شێرپەنجەو زەهایمەرو بارکنسۆن کەمدەکەنەوە هەوکردنێکیش لە جەستەدا ناهێڵێت.

سەرەڕای ئەوانە، بەگشتی چا چەند سودێکی هەیەو دیارترینیان پێنج سوودە لەوانەش:

کەمکردنەوەی مەترسی توشبوون بە شێرپەنجە
توێژەرەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە ئەو پێکهاتەو مادە دژە ئۆکسانانەی لە چادا هەیە پەیوەندیان هەیە بە کەمکردنەوەی مەترسی توشبون بە نەخۆشی شێرپەنجە.
بە وتەی پزیشکێکی پسپۆڕی خۆراک لە زانکۆی هارڤارد: خواردنەوەی چا سودێکی زۆری هەیە بۆ رێگریکردن لە توشبوون بە شێرپەنجەی پێست و پرۆستات و سییەکان و مەمک، ئاماژەی بەوە کردووە خواردنەوەی چا تەنها هۆکارێکی سادەیە بۆ رێگریکردن لەو نەخۆشییە، نەک بنەبڕکردنی بە تەواوەتی.

پێستێکی تەندروست
توێژینەوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە خواردنەوەی چای رەش بە شێوەیەکی دیار ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی پێست کەمدەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەش شێوازەکانی ئامادەکردنی چا کاریگەری هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ و چای گەرم سودێکی زۆرتری هەیە بەراورد بە چای سارد.

دوورخستنەوەی شەکرە
لەپاڵ سودەکانی بۆ پێست و بەرگریکردن لە توشبوونی لەش بە شیرپەنجە، خواردنەوەی چا رێگر دەبێت لە توشبوون بە نەخۆشی شەکرە لە جۆری دوو ئەوەش لەرێگەی کۆنتڕۆڵکردنی رێژەی شەکر، خواردنەوەی چا لەدوای نانخواردن هاوکاری رێکخستنی شەکر لە خوێندا دەکات بەتایبەت دوای ئەو خۆراکانەی کە مادەی شەکرۆزیان بە رێژەیەکی زۆر تێدایە.

ددان بەهێز دەکات
هەرچەندە زۆر خواردنەوەی چا ددانەکان زەرد دەکات، بەڵام سودێکی زۆریشی هەیە لە بەهێزکردنی دداندا، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک چای سەوز کاریگەرییەکی زۆری هەیە لە نەهێشتنی بەکتریای ناو دەم و ئەو بەکتریایانە کەمدەکەنەوە کە دەبێتە هۆی کلۆربوونی ددان.

رێکخستنی خەو
ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی قورس خەویان لێدەکەوێت پێویستە پێش خەوتن کوپێک چا بخۆنەوە، توێژینەوەکان دەریانخستووە خواردنەوەی چا دەکرێت کاریگەری لەسەر باشکردنی خەو هەبێت و چارەسەری کەمخەوی دەکات.


یەکێکی دیکە لە سودەکانی  خواردنەوەی چا بەهێزکردنی سەرنجدانی مرۆڤە.
بوونی ئەم سودە زۆرانەی چا مانای ئەوە نییە خواردنەوەی چا هیچ زیانێکی نەبێت، خواردنەوەی چا دەبێتە هۆی کەمبونەوەی ئاسن لە خوێنداو ئەگەری خوێنبەربوون زیاد دەکات ئەگەر بڕێکی زۆر بخورێتەوە لە رۆژێکدا بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشییەکانی دڵ و فشاری خوێنیان هەیە.


خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved