پ .د.زاهیر لەتیف كەریم بێبەشكردن،كە پێچەوانەكەی چیَّژلێكردنە،بەمانای زەوتكردنی شتێكە لەشتەكان وەك بێبەشكردنی تاكێك یان گروپێك لە یاسا وریّنما وبەرژەوەندی وبیركردنەوە ودەربڕین وبەرنامەكان .ئەم بێبەشكردنە لەبنەرەتدا دوو جۆرە .یەكەمیان ،دوورخستنەوەی چۆنایەتی. دوهەمیان،دوورخستنەوەی بێبەشی. لەنێوانیاندا نیشانە وپەیوەندی تایبەت بە گشتگیری بەدی دەكریّت،بەڵام ڕەخنەگری ناسراو محمد مفتاح لەكتێبەكەیدا بەنێوی" دینامیە النص " دەڵێت " دوورخستنەوەی بێبەشی زیاتر گشتگیرترە بەو پێیەی دوورخستنەوە بێبەشییەكان دەچنە نێو جومگەی دورخستنەوە چۆنایەتییەكان نەك پێچەوانەكەی ". مەبەستیش لە دورخستنەوەی چۆنایەتی ئەوەیە كە كەسانێك یان سستمێك لەپیّناو بەرژەوەندییەكانی خۆیاندا لەهەولّی شكاندن وپووچەڵكردنەوەی بۆچونێك یان ڕاستییەكە لەِراستییەكان، بەنموونەی ڕاستییەكانی ئایین ومێژوو وئەدەب ..هتد.بۆ نموونە ،بەشێك لەڕۆژهەڵاتناسەكان، بەمەبەستی كەمكردنەوە ل بەها ونرخی هونەر وعەقل ومەعریفەتی ڕۆژهەڵات بەگشتی وعەرەب وئیسلام بە تایبەتی ،هەوڵی پووچەڵكردنەوەی شیعری عەرەبی پێش ئیسلامیاندا بەبیانوی ئەوەی ئەم شیعرە دروست كراوە وپەیوەندی بەزەمەنی ڕاستەقینەی دەق وخاوەنەكانیانەوە نیە .گّەر ئەم ڕۆژهەڵاتناسانە لەم هەوڵ وقۆناغەدا سەركەوتنیان بەدەسەت بهێنایە ئەوا ئەگەری ئەوەی لێدەكرا كەپێبنێنە قۆناغیّكی هەستیاری ترەوە كەئیسلام وقورئان وفەرمودەكانی پێغەمبەرە .لێرەدا ولەپێناو ڕاستكردنەوەی زانیارییەكان ،پێویستَمان بەگەڕان وهەوڵ وكۆششی ڕەخنەیی هەیە تائ اسەواری دورخستنەوە چۆنایەتییەكە بگەڕێتەوە دۆخی جاران وگشتگیرییەكەش بمێنێتەوە . محمد مفتاح جەخت لەسەر گشتگیری دوورخستنەوە ی بێبەش دەكات كە لەسەر بنەمای ئارگیومێنتەكان ئەنجام دەدرێت. گەر بگەرێینەوە بۆ نموونەكەی پێشوو، ئەوا ،هەر وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا ،بەئاشكرا تێبینی ئەوە دەكرێت كە شیعری عەرەبی پێش ئیسلام لەگەڵ قورئاندا تاوانیان بەرامبەر كراوە بەوەی بێبەشكراوە لەڕاستییەكان. ئارگیومێنتەكان دەرئەنجامی گرژی وململانێكان دێت بەتایبەتی لەنێوان ئەوانەی دەبنە دەستەڵات ولەِریّگەیەوە ڕاستییەكانی بەرامبەرەكان دەشێوێنن ،كەهەمیشە لەژێر گوشار وتوانج وسڕینەوەدان وبەرگری لەخۆیان دەكەن . بۆنموونە،زەمەنی ململانێی نێوان ئەوروپای خاچپەرستەكان لەگەلّ ڕۆژهەڵاتیّكی ئیسلام زۆر كۆنە .بەڵامم لەشكستی خاچپەرستەكان لەچەرخی ناوەڕاست ڕێژە وقەوارەی ململانێكان لەزیادبووندایە.گەر لەسەرەتاوە جۆری ململانێكان خۆی لەچەمكە ئاینییەكاندا ببینێتەوە ئەوا دواتر پەلی كێشاوە بۆ بازنە ڕۆشنبیری ومەعریفی وئەدەبی وڕەخنەیی وسیاسی وئابووری وفیكرییەكان. لە دەرەوەی ئەم نموونە مێژووییانە ،ئەمڕۆكە ململانێكان خۆی لەدژایەتیكردنی تاقم وگروپە سیاسییەكاندا دەبینێتەوە بەوپیّیەی گروپێك،لەچوارچیّوەی بەرنامەكانیدا ،دەیەوێت تاك وجەماوەر بۆ خۆی ڕابكێشێت وگروپەكانی تریش بەپێچەوانەی ئەمانەوە وەك ئەوەی بڵێت ئێمەش بوونمان هەیە واەهەمان كاتدا توانای گۆڕانكاریشمان هەیە بەسەر بەرنامە سیاسییەكاندا یان توانای لادانەكانمان هەیە كەبەرامبەرەكان نیانە ونەشیان كردووە. لێرەدا لەلایەكەوە گۆڕانكارییەكان بەئاسانی تێناپەڕن،لەلایەكی تریشەوە ئەم گۆڕانكاریانە زەمەنیّكی دەوێت تا بەرنامە نوێیەكە جیّگیر دەبێت وكاریگەر دەبێت بەسەر كاری قایلكردنی بەرامبەرەكانەوە .هەر لەبەر ئەمەشە،تا زەمەنی سەقامگیری ،تێبینی چەندین گرژی وململانێ وپێكدادان دەكەین كەجۆرەكانی بریتیە لەمانەی خوارەوە : یەكەم / ململانێ وپێشبڕكێ لەنیّوان دوو گروپ یان زیاتر لەپێناو وەرگرتنی دەستەڵات یان سەركەوتن . هەر یەكەیان ،بەهەچ شێوە وشێوازێك بێت ،دەیەوێت شكست بەوی تر بهێنیّت وە بە پێی بانگەوازەكانیان لەهەولّی ئەوەدا دەبن كەبەرژەوەندییە باڵا سۆسیۆڵۆژی وئابووری وفیكری وسیاسییەكان بۆ خۆیان دەستەبەر بكەن ،هەندێك جاریش بۆ تیّكرای خەلّكی بە تایبەتی لە ووڵاتە بەسستم ودیموكراسییەكاندا. ئەم شێوازی ململانێیە كاریگەری لەسەر جەماوەر ولایەنگرانی گروپەكان دروست دەكات بەوەی هەچ كامیان گەر سەركەوتنی بەدەست هێنا ئەوا دەیەوێت كارەكانی پۆزەتیڤ نیشان بدات.گەر كارەكە وا دەرنەچوو ئەوا ركابەرەكانیان ئەم هەلە دەقۆزنەوە ودواتر هەوڵی ئەوە دەدەن كەشێوازێكی تر بەكاربهێنن بۆ ئەوەی شكست بەبەرامبەرەكان بهێنن،ئەویش بە مەبەستی وەرگرتنی دەستەڵات بۆ خوّیان. دوهەم / ململانێ وپیّشبڕكێ لەلایەن گروپیّكەوە كە لەپێناو زۆربەی هەرە زۆری تاكە بێبەشكراوەكاندا دروست بوو بێت. ئەم كاری دەستە جەمعیە ئەگەرێكی نزیكی پۆزەتیڤی چاوەڕوانیان دەكات بەوپێیەی گوتارێكی هاوبەش بە كاری پۆزەتیڤەكە هەڵدەستێت. تەنانەت گەر ململانێ وپێشبڕكێكە دەرئەنجامی كاری تاكە كەسیش بێت ئەوا ئەم تاكە،كەلەلایەن دەستەڵاتیّكەوە بێبەشكراوە لە مافە سەرەتایی وسەرەكییەكانی،ئەم بێبەشكردنە دەقۆزێتەوە بۆ بەرنامەیەك تا سروشتی بەرنامەپێشووەكان بگۆڕێت و هۆشیارانەتر تێكەڵ بەتاكە بێبەشكراوەكانی تر ببێت وگوێبیستی داواكارییەكانیشیان بێت .واتە ئەم تاكە پێویستی بە كۆكردنەوەی تاكە بەشخوراوەكانە. لەهەمان كاتیشدا پێویستی بەدایەڵۆگ وهەماهەنگیەكانە بەوپێیەی كاری ِراستكردنەوەكە تەنها بەو تاكە ئەنجام نادریّت . لە ڕوانگەی ئەم دوو جەمسەرەوە،بێبەشكردن خۆی لەم بەشانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە : یەكەم / بیّبەشكردن لە مافە گشتییەكان . بۆ نموونە ،لای نالی ئەم جۆرە خۆی لەچەند سێكتەرێكدا دەبینێتەوە وەك بێبەشكردن لە خۆشەویستی وداب ونەریت ونیشتمان ونەتەوە وخاك .لەچامەكەی ،كە بوّ هاوڕێ وخوّشەویستی خۆی عەبدولڕەحمان بەگی سالمی ناردووە ،بەئاشكرا بێبەشكردنێكی ناڕەحەت وگریاناویی بەدی دەكرێت.بەدەر لە هاوار وزایەلّەی تایبەتی خودی شاعیر،گریانەكە لەبازنەیەكی خودییەوە پێدەنێتە گشتگیری وئێستا نالی تەنها بۆ خۆی ناگری ونیشتمان وناسنامەكەی وئاركۆڵۆژیای خاك لە ژێر هەڕەشەیەكی كوشندەی داگیركەراندا دێت ودەچێت ئەم.بێبەشكردنە بۆتە بابەت وبەلّكو لەمەش زیاتر بۆتە ئایدیۆڵۆژیایەكی پیرۆز بۆ خودی شاعیر وهاوسەنگەرەكانی تا ئەو ڕادەیەی ڕۆحی خوی قوربانی دەكات تەنها لەپێناو كزە بایەكی خاك وخوّڵەكەی شارەزوور ونیشتمان .بێبەشكردنەكە وای كردووە كە ڕێژەی ئازارەكانی نالی لەمەنفا گەر زیاتر نەبێت لەهاوڕێیانی زەمەنی تێكشاندنی حوكمڕانی بابان ،لەكاتیّكدا بوێرانە ئەمانیش مانەوە ونیشتمانیان جێنەهێشت ،ئەوا كەمتر نیە . ئەمەش لەو نێوەندەی كەشارە پیرۆزەكەی نالی ( سلێمانی ) ووڵاتی ومەملەكەتی هەمووانە بەبیّ جیاوازی . ئازارەكانیشی،وەك چەقی كوردایەتی،دابەش بووە بەسەر هەمووان . هەر ئەمەش وای كرد كە سالم بڵێت : شارێكە پڕ لە ظولم و مەكانێكە پڕ لە شین ئەم بێبەشكردنە،وەك زانای سۆسیۆڵۆژیای سیاسی، تید ڕوبیرت گیر لەكتێبەكەیدا بە نێوی " بۆچی مرۆڤ یاخی دەبێت "بۆی دەچێت بریتیە لەململانێ وپێكدادان كەلادانە بێ عەقڵییەكان لەلایەن هێزیّكی خاوەن دەستەڵات ئەنجامی دەدات. لەهەمان كاتدا ،بریتیە لەلوتكەی گرژییەكان لەنێوان دوو جەمسەر یان زیاتری جیاواز، بەوەی جەمسەریّكیان بەخواستی خۆی كارەكان بەرنامەرێژ بكات كە لەگەڵ خواستی جەمسەرەكانی تردا نّاگونجێت. لێرەدا جەمسەری بەرامبەر هەمیشە لەگلەیدا دەبێت وهەست بە نادادپەروەری جەمسەری یەكەم دەكات .ئەمەش،لەدەقەكەی نالی دا ،ئەوە گەنێنت كەهێزی داگیركەری عوسمانی لەلایەكەوە سەرقاڵی سڕینەوەی ناسنامە وشوناسی حوكمی بابان بوو تا ئەو ئاستەی ڕێگر بێت لەگەڕانەوەی نالی بۆ زێدی باوك وباپیرانی. لەلایەكی تریشەوە لە هەولّی پەرت پەرتبوونی گوتاری بەقەوارەبونی حوكمی باباندا بوو بەوپێیەی داگیركەر ترسی لەئایندەی ئەم قەوارەیە هەبوو. چامەكەی نالی باس لەزەمەنی پێش دامەزراندنی چامەكە دەكات بەوەی ووڵات پڕ بووە لەخۆشی وئاسایش وجوانی وهونەر ودادپەروەری وشیعر وئەدەب .سەرجەم ئەو جێگایانەی كە لەچامەكەدا هاتووە ،وەك شارەزور وسلێمانی وشیوە سور وسەرچنار وبەكرەجۆ وپیر مەنسور وشێخ هەباس وسەرشەقام وكانی با وسەیوان وكانی ئاسكان وتانجەرۆ ،وێنەیەكی وەستاوی ئیمپریشینیزم نیە ،بەلّكو هەمویان پێكەوە گوتارێكی بزێوی مەعریفی وڕۆشنبیری وفیكری وسۆسیۆڵۆژی لەخۆدەگرن . نالی بەم شێوەیە پیّناسەی سلێمانی دەكات ودەڵێت شارێكە پڕە لەعەدالەت وخاكەكەشی وەك بەهەشتە وخەلّكەكەشی بەچەشنی فریشتە وحور وخاوەن دەستەڵاتی مەعریفی وفیكری وشیعر وسنعەتە وسەیوانەكەشی جێگەی پیاوی مەردە. بەڵام هەموو ئەم نیعمەتانە بەهۆی داگیركردن وداگیركەر وبێبەشكردنەوە ئاڕاستەكانی گۆڕا بۆ ئەوانەی كە لەوەڵامەكەی سالم دا هاتووە .شار،ئێستا،بۆتە جێگەی پۆستاڵی جەندرمەكانی توركی عوسمانی وجوانی وبەهەشت گۆڕا بۆ كیّلّگەی مەرگ ودڵەڕاوكی وترس وتۆقین .بێبەشكردنەكەلەم ساتە وەختەدا خۆی لە سڕینەوەی ئاسەواری زەمەنی ڕابردودا دەبینێتەوە كەهوّكارە بۆ دابەشبوونی تاكەكان وپەرت پەرتبوونیان بەنموونەی نالی وسالم . لەلایەكی ترەوە هەر یەك لەنالی وسالم توانای دەربڕین وتێگەیشتن وهەستپێكردنیان هەیە گەرچی لە نێو پڕۆسەیەكی سەخت وهەڕەشەیەكی بێ سنووری داگیركەراندا گوزەریان دەكرد. بەمەش تاكی كورد لەزەمەنی دوای چامەكەی نالی لەهەموو مافەكانی نووسین وبیركردنەوە وژیان وهاوڕێ وخزم وخاك ونیشتمان بێبەشكرا .بەلّگەش بۆ ئەمە، بیّكەس لە شیعری" بیست وحەوت ساڵە من ڕەنجبەری تۆم " باس لەقوّناغیّكی تری داگیركەر دەكات كە ئەم جارەیان ئینگلیزە .لەم قۆناغە نوێیەدا،ئێش وئازار ودیلێتی وزوڵم وستەم وبێبەشبوون لە مافە نەتەوایەتییەكانی كورد ببووە دیاردەیەكی هەرە دیاری زەمەن .بەمەش تاكی كورد لەخراپێكی زەمەنی نالی یەوە پێی نایە قۆناغیّكی ترسناكتر. بەمانایەكی تر پەنگخواردنەوەی بێبەشكردن گورزێكی كاریگەر وبزوێنەر بوو بۆ بێكەس تا ئەوەی كۆیكردبووە بەشێوازێكی ڕەخنە ئامێز وكوشندە ڕووبەروی ئەدمۆنزی حاكم بكات . ئەم بێبەشكردنە لەم چركە ساتەدا پێویستی بە تەقینەوە ودەربڕینە هەلّچوونییەكانە وچاوەِرێی بەرنامەیەكی عەقلی وهزری ناكات،چونكە بێكەس لەلایەكەوە خۆی بیّكەس وداماو وبێبەشكراوە لەهەموو مافیّكی ژیان. لەلایەكی ترەوە زەمەن زەمەنی دەربڕینە هەلّچوونییەكانە .ئەمەش بەو مانایە دێت كەبیّكەس ،گەرچی بەشێوازی ئامڕازی قسەكەری یەكەم دایەڵۆگمان لەگەڵ بەرامبەر بوَّدەكات ،بەڵام ئاڕاستەی جێگەی ئەم ئامڕازە دەگۆرَیّت بۆ ئامڕازێكی كۆی گشتی بەوپێیەی زوڵمی بێكەس زوڵمی هەمووانە وپێچەوانەكەشی هەر ڕاستە بەمەرجێ هەمووان رۆڵی بێكەس ببینن ،چونكە گەر وانەبێت ئەوا هەر وەك بێكەس خۆی دەلّیّت : پیاو ئەبێ دائیم خەمی قەوم و وڵاتی خۆی هەبێ ئەو كەسانەی بێ خەمن حاشا نەوەی ئەم خاكە نین كاركردنیش بە هەمان شێوازی بێكەس فیداكاری وئازایەتی وبوێری وسەركەشی وهەڵوێستەی دەوێت .بێكەس لەم بارەیەوە دەڵێت: داری ئازادی بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەر ناگرێ سەربەخۆیی بێ فیداكاری ئەبەد سەر ناگرێ پیاو ئەبێ بۆ سەندنی حەققی لە مردن سڵ نەكا هەر بڕوخێ بەس نی یە، تاكو نەسەنرێ نادرێ گۆران یش هەمان بۆچوون وهەڵوێستەی هەیە : ئەی لاوی كورد كوری ئازا دانەنەوێنی بۆ قەزا بۆ زوڵم وزۆر ملی رەزا نە بە نیاز نە بە نزا نیشتمانت ڕزگار ئەبێ كۆمەڵت بەختیار ئەبێ هێز پێویستە بۆ هەقسەندن هێزی پێكهاتووی یەكگرتن هێزی باوەڕ هێزی وتن هێزی كردن ورەی دوشمن گوران لە شیعریّ " شەهید " ،كە بۆ شەشی ئەیلولی شەری بەردەركی سەرای سلێمانی ووتوە وێنەیەكی تراژیدی و قارەمانی ئەم شارەمان بۆ دەردەخات كە شاریّكە پڕە لە قوربانی وفیداكاری .نموونەكەشی هەڵۆ بەگی شەهیدە .لەهەمان كاتدا دەیەوێت بڵێت شەهیدبوونی هەڵۆ بەگ نەوەیەكی تر دەخوڵقێنێت تا بتوانێت تۆڵەی ئەم شەهیدە وشارەكە لەداگیركەران بكاتەوە: بڵێ بەو بووكی تازەی یەكشەوەم گەر هاتە سەر نەعشم نەڵێ خۆی بۆ وەتەن كوشت ولە ڕێی عەشقی منا نەژیا وەزیفەم بوو لە پێناوی وڵاتێكا سەرم بەخشم كە تۆی پەروەردە كرد بۆ من لە داوێنی چیا و كەژیا ئەگەر خوای گەورە بەخشی پێت هەتیوێ،پێی بڵێ : ڕۆڵە لە من فرمێسكی ویست باوكت،لە تۆش داوا ئەكا تۆڵە دوهەم / بێبەشكردن لەمافە تایبەتییەكان،وەك ئەوەی تاكێك لەسنووری جوگرافیای خۆیدا ولەلایەن كەسانێك یان گروپێك لە دەستەڵات ئازادییەكانی لێ زەوت كرابێت .یان تاكەكان لە نێو خۆیاندا زوڵم لەخۆیان بكەن وەك ئەوەی خاوەن كارگەیەك زوڵم وستەم لەكرێكارەكانی خۆی بكات یان مامۆستایەك بە ویژدانی زانستی وئەخلاقییەوە نەڕوانێتە خوێندن وقوتابییەكانی یان دەرەبەگێك لە پێناو بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیدا جوتیارەكان بچەوسێنێتەوە. بێكەس لەشیعری " كە پارەت بوو خزم زۆرە " دەڵێت: سەرم سووڕ ماوە نازانم چ شەخسێ بێ غەش و چاكە لە ناو ئەم قەومەدا كێ یە لەگە لهاو جینسی خۆی پاكە _ _ _ _ _ _ _ _ ئەگەر پارەت نەبێ بە خوا هەزار خزمت ببێ پەشمە كەس و كارت وەكوو مارن،ئومێدت هیچ نەبێ پێ یان _ _ _ _ _ _ _ _ بە رەنجی خۆت لە دنیادا بژی ئا دو سەربەست بە هەموو كەس پێت ئەڵێ مەردە و كوڕێكی چوست و چالاكە ئەمەبەشێكی ووزەبەخشە بۆ دروستبوونی گەرای بێبەشكردن لەناوخۆدا . هەر وەك بێكەس دەڵێت قەومێكی زۆرین بەڵام ناگاتە ئامانجی خۆی . هۆكاری ئەمەشی لەلایەكەوە گەڕاندۆتەوە بۆ ئەوەی كورد هەمیشە نۆكەری بێگانە بووە. لەلایەكی تریشەوە بۆ دوو دڵی وناكۆكی لەگەڵ یەك ولەهەمان كاتیشدا بۆدەستكەوتێكی میتریاڵی : كورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆكەری بێگانەیە دوودڵن،پیسن لەگەڵ یەك،بۆیە وا بێ لانەیە میللەتێكن بۆ نەمانی یەكتری هەر هەوڵ ئەدەن داخەكەم وردو درشتی شێت و شەیدای ئانەیە بێكەس بەمەشەوە ناوەستێت ودەستنیشانی فاكتەریّكی تری بێبەشكردنەكە دەكات ودەڵێت: بۆ كوشتنی یەك گورج وبەكارین ڕوژی َدەسمان بێ بڵح وزۆردارین لە پێویستی دا وەك ژن هەژارین هەموو ئەمانەشی بەستۆتەوە بەوەی كورد زەلیلی دەستی یەكنەگرتن و دووفاقییە: ئێمە كوژراوی دەستی نیفاقین موحتاجی پارەو عیلم و ئەخلاقین بۆیە وا پەستین،بێ ئیتتفاقین ئەم دەرد ونەخۆشیانە پەیوەست نیە تەنها بە زەمەنی بێكەس، بەڵكو هەموو زەمەنەكانی داگیر كردووە. گەر بەنموونە بگەڕێینەوە بۆ زەمەنی مەولانا خالیدی نەقشبەندی و نالی وحاجی ئەوا دەقە شیعری ومێژووییەكان ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن كە ململانێی قورس وبێهودەكانی ماڵی كوردی ل ەئەوپەڕی لووتكەی گرژی ودژایەتیدا بووە . لەمامە كوڕنووەكەی دیلان یشدا : مامە كوڕنوو ڕاكشاوی گردەكەی سەیوانەكەم سەر ڕەحەت،دڵ بێگرێ ،گوێ شلكە بو َداستانەكەم سەیرە،بەزمە ،هەڵپەڕینە ،پڕ لە قاقا و خەندەیە نەعرەتەی گوێ كەڕ ئەكا،جۆش و كوڵی سەیرانەكەم ئەرخەوان سوورە،بەهارە ،گوڵشەنە،ڕازاوەیە دەشت وكۆ ڕەنگین و پڕ شۆیە وەنەوشەی یانەكەم شاعیر لەلایەكەوە زۆر هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ زەمەنی بابەتەكەیدا دەكات وە ئاگاداری سەرچاوە ی ئەم زەمەنەیە بەبێ دەستكاری .لەلایەكی تریشەوە لە نێو بازنەی ململانێیەكی سەختی سایكۆڵۆژی وسۆسیۆڵۆژی وفیكریدا دەسوڕێتەوە. وەك وەرگێڕ ودەرهێنەرێك دیمەنی دوو زەمەنی دژ بەیەك سیناریۆ دەكات. زەمەنی ئەحەی كوڕنوو ،كەپر بووە لەجوانی وخەندە وبەزم وخۆشی وهەڵپەرین وقاقا وپیّكەنین .زەمەنی دەقیش پڕە لەپێچەوانەكەی. هۆكاری ئەم پێچەوانەییەش دەخاتە ئەستۆی ململانێكانی ناوخۆ بەتایبەتی لەنێوان كەسانێك كەخۆیان بەنوێنەر وپێشەنگی فیكر وئایدیا زانیوە لەگەڵ كەسانێك كەپێشبڕكێ ودژایەتی بەرامبەر دەكەن بەمەبەستی گۆڕینی ئاڕاستەی نوێنەرایەتی وپێشەنگی.ئەوانەی زەمەنی دەقیان تێكشكاندووە كەسانێك بوون وەك فریشتە خۆیان بەخەڵكی ناساندووە كەئەمانە لەبنچینەدا گڕتێبەری خەرمان وبكوژی ئاواتەكان بوون.مامەی كوڕنوو ،كە ئەكتەریّكی سەرەكی دەقەكەیە، هێمای عەقل ومەعریفەت ومێژووە وبزوێنەری لەدایك بوونی دەقەكەیە وئەركی وێنەگرتن وگێڕانەوە وزانیارییە ڕەوشتییەكانی لەسەرە . وەك زمان حاڵی زەمەنیش دەرخستنی زانیاری وسروشتی دۆخە سۆسیۆڵۆژیا وفیكری وسیاسییەكانی خستۆتە ئەستۆی خۆی.دیلان یش تەواو خودی خۆی ئاوێتە بەكڕنوو كردووە وتەنانەت دەمامكێكە بۆ كڕنوو .بەمەش دەقەكە خۆی لەكارنامە پەیوەنّدێتی وكاریگەریی وتێگەیشتنییەكاندا دەبینێتەوە .بەدیوێكی تریشدا،دیلان،وەك ڕۆشنبیرێك وخاوەن ویژدان ،ئاگاداری ئەوەشە كە تاكی كورد لەشارەكەی كڕنوو وەك پێویست ڕێزیان لەكڕنوو وهاوشێوەكانی نەگرتووە وبەڵكو مافی خۆیان پێنەدراوە كەئەمەش بەشێكە لە بێبەشكرنی توانا زهنی ومەعریفییەكانی كڕنوو وهاوشێوەكانی كە لەڕیّگەی دەستەڵاتی ناوخَووە ئەنجام دراوە .هەر ئەم دەقە شیعرییەی دیلان وایكرد كەنووسەری ئەم بابەتە لێكۆڵینەوەیەكی ئەكادیمی ئەنجام بدات لەسەر كڕنوو بەنێوی " الانساق المعرفیە عند احمد كرنو " بڕوانە گۆڤاری ...... سێهەم / بیبەشكردنی سۆزداری . وەك ئەوەی تاكێك ،بەهۆی گوشارێك لەگوشارە سۆسیۆڵۆژیاوسایكۆلۆژیا وسیاسییەكانەوە ،ڕووبەروی بێبەشكردن دەبێتەوە كەئەنجامەكەی بریتیە لەكاردانەوەی پێچەوانەیی .لە شیعری " پاكانە " ی ئەنوەر قادر جاف دا ،خودی بكەری شاعیر بە بەرامبەریشەوە لە دۆخێكی ناجیّگیری سەختدا گوزەر دەكەن .هۆكارەكەش خۆی لەدابڕاندا دەبینێتەوە بەڵام بەدەر لەویست وئارەزووی خوّیان،بەڵكو گوشارە دەرەكییەكە،بەپێی سیاقی سیاسی ومێژوویی وتەنانەت دەقەكەش،بەر پرسیارێتی ئەم دابڕانە دەكەوێت ئەستۆ .پێش دابڕان گرێبەستێك لەنێوان خودی بكەری شاعیر وبەرامبەردا (خۆشەویست ) بوونی هەیە .جۆری گرێبەستەكە ڕۆمانسی ومرۆڤایەتیە ونامە گۆڕینەوەكان ڕێژەی سۆزدارییەكەیان پتەوتر كردووە .بەلگەی ئەم ڕێكەوتن وگرێبەستنە لە زۆر شوێنی دەقەكەدا بەدی دەكرێت.سەرەتا شاعیر شیعرەكەی پێشكەش بەپیتی ( ت ) كردووە ،كەئاماژە و نیشانەیەكە بۆ ئەوی بەرامبەر،هەر وەك لەناونیشانە لاوەكیەكەشدا هاتووە.دواتر هەر خۆی پاكانە بۆ بەرامبەر دەكات كەهۆكاری دابڕانەكە ناگەڕێتەوە بۆ خودی بكەری شاعیر وئەوی بەرامبەر، بەڵكو قەدەرێك لەپشت كارەكەوەیە.لەهەمان كاتدا پاكانەكە ئەو زانیاریەمان دەداتی كەخودی بكەری شاعیر بەپەرۆشەوە باس لەپەیوەندی هەر دوو جەمسەر وگرێبەستەكە دەكات كەپڕە لەخوّشەویستی ڕاستەقینە وبێگەرد.بەڵام،وەك دواتر بە ئاشكرا بەدەردەكەوێت ،سەرچاوەی قەدەرەكە دۆخیّكی سیاسییە كەخودی شاعیریان ناچار كردووە بەرەو سنووری جوگرافی خۆی بڕوات وگەڕانەوەشی بۆ بەردەست دەستەڵاتی سەركوتكەر كارێكی مەحاڵە.ئەم كارە،هەر لەسەرەتاوە ،كاردانەوەی نیگەتڤی كردۆتە سەر بەرامبەر ودواتر بەجووتەدەكەونە بەر شاڵاوی بێبەشكردن وچەشتنی ئازارەكان ،كە ئەمە نیشانەیەكی ڕەشی سڕینەوەی گرێبەستەكەیە .شاعیر،بەر لەوەی بچێتە ناو دەقەكەی ،پێشبینی ئەوە ی كردووە كەدۆخەكە بەشێوەیەكی سروشتی ناڕوات ولەپشت ئەم دابڕانەوە ڕووداوێكی چاوەڕوان نەكراو دەخوڵقێت ودواتر ئاڕاستەی بابەتەكە بە تەواوی دەگۆڕێت.هەر لەبەر ئەمەشە ،سەرەتا بە وێنەیەكی ئەپستراكی دەست پێدەكات ئەویش ئەگەری سووتانی نامە ویادگارییەكان وپشتگوێخستنی زەمەنی ڕابردوو دەكات لەلایەن ئەوی بەرامبەرەوە . بەكارهێنانی ووشەی " ڕەنگە " بە ڕێژەی شەش جار،كە شەش وێنەی كاریگەری لەگەڵ خۆیدا خوڵقاندووە ،قەبارەی بێبەشكردنەكە فراوانتر دەكات .بەمەش خودی بكەری شاعیر لەڕووبەری غوربەتدا چارەنووسی نا دیارە وتەنانەت نووسینی نامەكانی لێ قەدەغە كراوە تا لەڕێگەیەوە بتوانێت چیرۆكی ناخی خۆی،وەك ئەوەی كەهەیە ،بۆ ئەوی بەرامبەر باس بكات .لەهەمان كاتدا ئەم " ڕەنگە " یە، كەسەرچاوەكەی بریتیە لەدلّەڕاوكێی خودی بكەری شاعیر،هیوایەك دروست دەكات بەو پێیەی زۆر باوەڕی بەبابەتەكەی وئەوی بەرامبەرە. بەڵام،لەگەڵ ئەمەشدا ،شاعیر تەواو چۆتە نێو سروشت وڕەوشتی دەستەڵات كە جۆرێكە لەدرندە ویەقینێك دەخاتە بەردەم پێشبینییەكەی ودەگاتە ئەو ئەنجامەی كەكاری بێبەشكردنەكە لەلایەن دەستەڵاتەوە سەركەوتن بەدەست دێنێت وزەرەرمەندیش ،لێرەدا،هەر دوو جەمسەر وهاوشێوەكانیانە. هەموو ئەمانە وزیاتریش لە دەقەكەدا هاتووە كە دەڵێت: ڕەنگە ئێستە ئەو نامانەی ، كە هەنسكی شەوانی دوور وڵاتیم بوون هەموویانت سووتاندبێ _ _ _ _ _ _ _ _ من دەریام وئەوینی تۆ _ _ _ _ _ _ _ _ من بووم تۆم كردە گۆرانی شەو بێداران دەیانوتی تا بەیانی _ _ _ _ _ _ _ _ منێكی گەمیی ڕاونراو لە دەریا غەریبەكاندا چواردەور گیراو ، منێكی چارەنووس وێڵی،لەكۆڕی یاران دابڕاو لەم دوورەوە،چیم لە دەس دێ،ئەی كچی ژیر نە دەست دەگاتە دامانت ، نە نمەی بارانی چپە،دادەكاتە دنیای زویربووی بیستنت ، هەر بۆ گەردن ئازادیش بێ،نامەی مل كەچ و ڕووزەردم ، خۆی ناخاتە بەر نیگای چاوی شەرمنت . كامەران موكری یش لە شیعری " تەلار " دا دەڵێت: من ئاواتێكم هەبوو زوو وەك خەوی خۆش لە دەستم چوو یارێكم هەبوو،وەك باڵدار فڕی بۆ ناو كۆشك وتەلار مەل بۆم گریا نەگریام خۆم سەرم نەنایە سەر ئەژنۆم ئەی گوڵی گەشاوەی بەهار با تۆ ماچ كەم لە جیاتی یار پێشتر ،هاوشێوەی ئەم چیرۆكەمان لە گۆران بیستووە بە تایبەتی لەشیعری " بوكێكی ناكام " .ئەمەش ،ئەوە دەگەیەنێت كە تاكی كورد زۆر دەمێكە ئاشنایەتی لەگەڵ بێبەشكردندا هەیە ،لەلایەكی تریشەوە داب ونەریتە سۆسیوڵۆژییەكان لەكۆمەڵگای كوردیدا باڵی كێشاوە بۆ هەموو ئەوانەی كەوتوونەتە داوی خۆشەویستی وسۆزداری.بەمەش چیرۆك وگێڕانەوەكان تەنها پەیوەست نیە بە گۆران ەوە بەڵكو زۆرێك لەشاعیرانی زەمەنی گۆران وكامەران تێپەڕاندووە وتا ئەمڕۆكەش بەردەوامیان هەیە. حەسیب قەرەداغی یەكێكە لەوانە .لە شیعری " لەیلی لە خۆ بایی " دەڵێت : داخەكەم ئێستە ئەوەی تۆ خۆشتەوێ من نیم و نیم گفت وگۆو پەیمانی جاران هەر خەوێكی خۆش بوو دیم گەر چی نۆ غونچەی دەست بووم دانرام وشكم رزیم ئیستە باوی دەولّمەندە،لاتی وەك من بۆچ بژیم سەرەتا،قەرەداغی بە دابڕانێك دەست پێدەكات،وەك ئەوەی تاكی كورد لەمەسەلە ویژدانی وسۆزدارییەكاندا هەمیشە شكستی خواردبێت .دابڕانی ئەم جارەش دەگەڕێتەوە بۆ داب ونەریتە سۆسیۆڵۆژیاكەی كورد. پیاوانی خاوەن دەستەڵات وكۆشك وتەلار زۆر بە ئاسانی دەیانتوانی ودەتوانن فۆڕمەكان بەلای خۆیاندا ڕابكێشن وبەلّكو لادانێك لەمەسەلە سۆزدارییەكاندا بخوڵقێنن. كاردانەوەی ئەمەش لەلایەكەوە هەستكردنە بەچەمكی بێبەشكردن .لەلایەكی ترەوە خوڵقاندنی ململانێیە كەئەنجامەكەی لەبەرژەوەندی خودی بكەری شاعیردا نیە.دەرئەنجامی ئەم سروشتە سۆسیۆڵۆژیاییە شاعیر ناچار دەكات بەرەو گرژی وپەرچدانەوە وخۆبەدەستدانەوە وگریان وپەنگ خواردنەوە بەرێت .هەندێك جاریش شاعیر خۆی لەنێو هاوسەنگییەكی بابەتیدا دەبینێتەوە وەك ئەوەی كامەران لەجیاتی ماچكردنی یارەكەی گوڵێك ماچ دەكات .ئەم وێنە ڕۆمانسی وئەبستراكییە نیشانەی گەندەڵییە سۆسیۆڵۆژییەكانە وهێدی هێدی بەرەو سڕینەوەی ڕیالیستی ژیانمان دەبات ئەویش بەوەی وێنەكان بەپێچەوانەی خۆیان دایەڵۆگ وجێگۆڕكێ دەكەن،هەر وەك دایەڵۆگ وجێگۆركێكانی "باختین ". دیارە هەر ئەمەش وای لە سلفادۆر دالی كردوە كە بەرەو سوریالی بچێت لە كاتیّكدا،بەهۆی گەندەلّییەكانی واقیعەوە، شتە نا مەعقولەكانی تێكەڵ بەهونەر كرد وكەرەستەكانی دوای واقیعی بەكارهێنا كە بەلای هەرە زۆری خەلچكییەوە بەجۆرێك لە شێتێتی لە قەلّەم دەدرا. بەڵام بەلای دالییەوە چێژەكان لەمەوە سەرچاوە دەگرن . كامەران یش،ناڵێم سلفادۆر دالییە،بەڵام بەهۆی سەركووتكرن وبێبەشكردنی لەمافە سۆسیۆڵۆژییەكان لەهەوڵی خۆ ڕزگار كردندایە بەوەی گەر نەیتوانی واقیع بەدەست بهێنێت ئەوا لەسەرو واقیعەوە شتێك هەیە كەپێی دەوترێت خەیاڵ دەتوانێت باڵانسی بارە سایكۆڵۆژی وسۆزدارییەكان ڕابگرێت. بەمەش كامەران دەرباز دەبێت لەواقیع بەڵام لەهەمان كاتیشدا واقیع لەبەرامبەردا هەر وەك خۆی بەگەندەڵی دەمێنێتەوە. (بۆ زیاتر زانیاری لەسەر گەندەلّی واقیع ،بڕوانە چامە بەناوبانگەكەی ئینگلیز وجیهانی ت.س.ئیلیۆت،بەناونیشانی وێران خاك). چوارهەم / بیّبەشكردنی سەربەستی ،وەك ئەوەی دەسەلّاتیّك بەرژەوەندییەكانی خوّی لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەكانی ترەوە دابنیّت .هەر ئەم دەسەلّاتە هەمیشەدەیەویّت رەقیب بیّت بەسەر دەسەلّاتەكانی تر وچەندین شیّواز بەكار دیّنیّت تا شكستیان پیّبهیّنیّت . بەمەش بەرامبەرەكان لە حالّەتیّكی نا جیّگیردا گوزەر دەكەن كە ،كە بە شیّوە گشتییەكەی ،لە بەرژەندی گوتاری سەرەكیدا نیە. بەرامبەرەكان بە ئاشكرا هەست بە بیّبەشكردن دەكەن ولیّرەشەوە قین وگرژی وئالّوّزی وپیّكدادان دروست دەبیّت .حسین بەفرین لە شیعری" ڕێبوار " دا دەڵێت : بە وڵاتی گوڵ و ئاگردا بە وڵاتی خوێن وبەفردا بە ناو خەم و مەینەتی دا بە هەورازی سەغلّەتی دا لە بێشەی مەرگ و ژینەوە لە ناو كێلّگەی برینەوە گوێ نادەم بە كۆسپی سەرە ڕێم بەرەو ئاسۆ هەنگاو ئەنێم ئەم دەقە شیعرییە خۆی لەدوو جەمسەری جیاوازدا دەبینێتەوە ،دوالیزمەی گولّ وئاگر وخویّن وبەفر( سور وسپی ).هۆكاری ئەم جیاوازییە لەبنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ بێبەشكردنی جەمسەرێك ،كەخودی بكەری شاعیر نوێنەرایەتی دەكات وداوای ئازادی وسەربەخۆیی ویەكسانی دەكات ولەمافە گشتی وسەرەتاییەكان بیبەشكراوە.ئەمە بەرامبەر بەجەمسەرەكەی تر كەهێزی دەستەڵات نوێنەرایەتیان دەكات وهەموو هێزی خۆی دەخاتە گەِر تا پێوانە وڕووبەر وقەبارە وئاڕاستەكان لەدۆخێكەوە بۆ دۆخێكی زۆر جیاوازتر بگۆڕێت . گۆڕینەكەش دەبێت بەرژەوەندییەكانیان بپارێزێت . لەوەش زیاتر ،بەلایانەوە گرنگ نیە بەرامبەر چی دەڵێت.هەر لەبەر ئەمەشە،زۆر بەئاسانی ،ڕێچكەی جوانییەكانی ژیان دەگۆڕن بۆ ئازار وخەم ومەینەتی وكێڵگەی مەرگ.گومان لەوەدا نیە كە كارەكتەرەكانی ئەم دەستەڵاتە بێباكە ونایانەوێت ڕێبواریّكی وەك خودی بكەری شاعیر لەنێو جوانییەكاندا بەئازادی وسەربەستی ئەركە سروشتییەكەی خۆی جێبەجێ بكات. لەبەرامبەر ئەم شێوازە ترسناكەدا كاردانەوەیەك لەلایەن خودی بكەری شاعیرەوە دەخوڵقێت ئەویش بەپەنابردنە بەر بانگەوازەكانی یەكسانی ودادپەروەری وئازادی .لەهەما كاتدا،لەپێناو پەرچدانەوەی دەستەڵات،داكۆكی لە داواكانی خۆی دەكات وكۆڵیش نادات وبەڵكو زۆریش گەشبینە بەئەنجامی داواكارییەكانی. لێرەدا،گەر چی شاعیر بە شێوازی قسەكەر گفتوگۆ دەكات ،بەڵام كارەكە تەنها بەخودی بكەر ئەنجام نادرێت وپێویستی بەهاریكاری وهەماهەنگی هاوشێوەكانی خۆی هەیە كە هەموویان یەك چارەنووس چاوەڕێیان دەكات وهەمووشیان وێڵی یەك بەرنامەن .بەمەش خودی بكەر بەتەنها نامێنێتەوە ،بەوپێیەی هەول وداواكارییەكانی پەیوەست نیە تەنها بەخۆیەوە بەڵكو هەڵبژاردنی ڕێگەی خەباتی لەپێناو هاوشێوەكانیدایە . لە شیعرێكی تریدا بە نێوی " هیوا " دەڵێت : ئەتكەم بە خۆری ئازادی وەكو زەوی هەر لە دەورت ئەخولێمەوە هێندەی تریش .. دەس بەسەر بم من دڵنیام ڕۆژێك دادێ لەگەلّ هیوا .. گۆرانیت بۆ ئەڵێمەوە. لەمەیاندا ڕوونتر وشەفافانەتر چۆتە نێو جومگەكانی زەوتكردنی نیشتمان وئازادی وبێبەشكردنی تاكی كورد لە مافە ئاساییەكانی خۆی .ئەم زەوتكردن وبێبەشكردنە لەلایەن هەمان دەستەڵاتی پێشوەوە ئەنجام دراوە. خودی بكەری شاعیریش ،بە هەمان هەڵوێستەی پێشوو ،قایل نابێت بەم ڕەوشتە وكاردانەوەیەكی شۆڕشگیرانە وهەڵچوونانەی لا دروست دەبێت ئەویش بەوەی تا هێزی دەستەڵات خۆی لەشێوازی توندوتیژیدا ببینێتەوە ئەوا ئەم دوو هەندەی ئەوە وزیاتریش لەسەنگەری بەرگری وململانێدا دەمێنێتەوە ولەهەمان كاتدا گەشبینە بەهیواكانی.هێزی بزوێنەر،لێرەدا،بریتیە لەكارلێكی خودی بكەری شاعیر بە پڕۆسەی بێبەشكردن.گەر هیواكان لەزەمەنی دەقیشدا سەركەوتنی بەدەست نەهێنا ئەوا خودی بكەر ئەم هیوایە دەخاتە بەردەم نەوەی ئایندە كەئەم نەوەیە،بەپێی گریمانەكانی خاوەن دەق،ڕەنگە چاوەِروانی شتی گەورەی لێ بكرێت ودواتر توانای گۆڕانكاری ئاڕاستەكانی هەیە و ئازادانەتر نەوەی كۆن و تازە پیّكەوە گۆرانی سەربەستی دەڵێن. هەندێك جار ،ڕێژەی لەڕادەبەدەری بێبەشكردن لەسەربەستی وجوگرافیای خاك ونیشتمان،كاردانەوەی سەرنجڕاكێش دەخوڵقێنێت. بەمە دەوتریّت " شكاندنی پێشبینییەكان ". ئەم جۆرە وێنەیە گەرچی ،پێشتر ،بوونی هەیە وبیستراوە،بەڵام زۆریش دەگمەنە و دووبارەبونەوەی كارێكی ئاسان نیە .لەشیعری " تەقینەوە " ی كەساس جەباری دا ئەم وێنەیە بەدی دەكرێت : لەم خاكەدا لە ناو قورگی ئەم شارەدا بابا گرگرخەلّكی توورە كۆمەڵ كۆمەڵ ڕائەپەرین _ _ _ _ _ _ _ _ لە شۆریجە لە بناغەی خانوویەكی ویرانەوە مناڵێكی ڕەش و ڕووتی مەچەك ئەستوور وەك برووسكە سەری هەڵدا هەردوو دەست وقاچەكانی هاتنە یەك و گرمۆڵە بوون . بوون بە بۆمبا لە ناو سكی موڵگەكەدا تەقی یەوە شاعیر ،لەپێناو بەرجەستەكردنی ئەم وێنەیە ،كە ب سیناریۆیەكی هونەری جوان كاری لەسەر كراوە ،وە بەپێی ئەو دەستەڵاتەی كە هەیەتی هاوێنەی كامیراكەی دَخاتە سەر دوو جێگە كە ل ڕووی ڕووبەری فیزیكییەوە یەكێكیان گەورەترە لەوی تریان . بابا گوڕ گوڕ لەگەڵ كەلاوەیەكی ِرووخاوی شوّڕیجە. بەڵام گرنگییەكە لەوەدایە كەبچووكەكەی بەهێندەی گەورەكە گەورە كردووە چونكە بچووكەكە دەتوانێت نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەورەكە بكات بە بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ بڕیاری دادگای دەستەڵات .لەهەمان كاتدا ئەم جێگە بچووكە توانای گۆڕینی ئاڕاستەكانی هەیە بەڵكو ئەركێكی نیشتمانی گەورەی لەسەرە. ئەمەش بەو مانایە دێت كە شۆڕیجە،وەك جێگە سنوورێكی بچووكی داگیر كردووە ،بەڵام لەڕووی فیكری وسیاسییەوە،بەشیّكی گرنگی گوتاری كوردییە بە گشتی وباباگوڕ گوڕە بە تایبەتی .بۆیە ئەم جێگەیە، بەشێوەیەك لەشێوەكان دەبێتە ئایدیۆڵۆژیایەك بۆ تاكی كورد كەمەبەستی سەرەكی دەقەكەش خۆی لەمەدا دەبینێتەوە. هاوێنەكە جەختی لەسەر منداڵێكی ڕەش و ِرووت وهەژاری كورد كردووە ،كەڕۆژانە ژیانی خۆی لەنێو چوارگۆشەی خانویەكی داڕوخاوی وێرانە و لەژێر هەڕەشەی بێدادی وزۆرداریدا دەباتە سەر . بەر لەوەی بچینە نێو كارنامەی كارەكتەری سەرەكییەوە،ئەم جیّگەیە بەپێی سیاقی مێژوویی و بەر لەوەی ئەم منداڵە ڕەش و ڕووتەش لەدایك بێت،هەمیشە چەقی ململانێ و زوڵم وستەم بووە . هۆكارەكەش،گەرچی زۆرە،بەڵام بوّ كارەكەی ئێمە ،بریتیە لەبێبەشكردنی ئەم جێگەیە لەمافە ئاسایی وسەرەكییەكانی خۆی .تەنانەت ،هەر، وەك شاعیر ئاماژەی پێكردووە ،خەڵكی شار هەمیشە تووڕە كراون وخواستەكانیشیان گوێی لێنەگیراوە .ئەمەش ئەوە نیشان دەدات كە تاكی كورد لەبابا گوڕگوِردا هەر لەسەرەتای ژیانی سیاسییەوە بەهەژاری وقوڕبەسەری ژیانی ئاسایی خۆی بردۆتە سەر كە ئەمە قەدەرێكی هاوشێوەی قەدەرەكەی ئەنوەر قادر جافە .باسكردن لەم قەدەرە باسكردنە لەئاركۆڵۆژیای جێگە وهەڵكەوتە جوگرافیا وداهاتەكەی كە بۆ تاكی كورد هەمیشە نەهامەتی بووە .خودی بكەری شاعیریش ،وەك كوردپەروەرێك وئەندامێكی خێزانی بابە گوڕ گوڕ ،ئەركی گواستنەوەی ڕاستییەكانی لەسەرە وبەپێی ِرێبازە ئەدەبییەكەشی ،كە ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە وشۆڕشگێرانەیە ،لە هەوڵی چارەسەرە سۆسیۆڵۆژی وسیاسییەكەدایە بەوەی ئەم جێگەیە بەمیّژوو وكەسەكانییەوە چیتر قبوڵی هەڕەشە وگوڕەشەی بێبەشكردنی سیاسی وسۆسیۆڵۆژی ناكات.سەبارەت بەكارەكتەریش،شاعیر زۆر بە ووریایی كاری لەسەر كردووە .لەِروویەكەوە هەڵبژاردنی منداڵێكی هەژار نیشانەی هەژاری وبرسێتی وبێبەشكردنە لەمافە زۆر بچووكەكان .لەهەمان كاتیشدا ئاماژەشە بەئیرادە وهێز( مەچەك ئەستوور) وفیداكاری (تەقینەوە ) وگۆڕینی سیاسەتی دەستەڵاتی زۆردار : لەو ڕۆژەوە مۆتەكەی ترس لە هەناوی زۆردارانا بوو بە ڕەگ وڕیشەو ڕووا پیّنجهەم / بێبەشكردنی ئاسایشی ،وەك ئەوەی كۆمەلّگا، بەهۆی گوشارێكی سەركوتكەرانەوە ،هەمیشە لەحاڵەتێكی ناجیّگیری پڕ لە ترس وتۆقاندا بژی هەر وەك چۆن نازییەكان لە بەرامبەر گەلانی ئەوروپا وجیهان ئەنجامیاندا .ئەم دۆخە،وەك ئەوانەی پێشوو،كاردانەوەیەك بەدوای خۆیدا دەخوڵقێنێت بەوەی ئەم جۆرە كۆمەڵگایە تاسەر كۆیلایەتی ودیلایەتی قبوڵ ناكات. لەهەمان كاتدا تا گوشاری بێبەشكردن،بەتایبەتی ئاسایشی ،لەزیادبووندا بێت ئەوا تاكی ئەم كۆمەڵگایە زیاتر پەرۆشی خۆیان بۆ دژایەتی وپەرچدانەوە نیشان دەدەن. برایم ئەحمەد ( بلە )لە شیعری " ئازار وبەهار "دا دەڵێت : دیسان ئازارە،دیسان ئازارە لای خۆی سەرەتای گوڵ و بەهارە _ _ _ _ _ _ _ _ چرۆی درەختان زامی برینە دایكی كوڕ كوژراو وەنەوشەی شینە _ _ _ _ _ _ _ _ جۆلانەی میران،پەتی سێدارە بۆمبا تەرزەیە وگوللە بارانە _ _ _ _ _ _ _ _ داگیركەر نییە كە پایەدار بێ بەرامبەر گەلێ ویستی ڕزگار بێ _ _ _ _ _ _ _ _ ڕۆژێ دێ كوردیش هەڵئەسێتەوە تەمی مەینەتی ئەڕەوێتەوە ئاڵای ئازادی ئەشەكێتەوە گوڵ وگوڵزارمان ئەگەشێتەوە _ _ _ _ _ _ _ _ كوردستان وەك بوك ئەڕازێتەوە _ _ _ _ _ _ _ _ تەنیا بەو مەرجەی تەباو هوشیار بین یەك ڕێ، یەك ئامانج ،ڕاست و یەك بار بین ئاماژە بەم جۆرە بێبەشكردنە دەدات . شێوازی دەستەڵاتی سەركوتكەری بەوە پێناسە كردووە كەهەمیشە لەهەوڵی تێكشاندنی ئاسایشی كوردا بووە وبەمەشەوە ناوەستێت جوانی سروشتەكەشی دەسووتێنێت،ئەمەش وای كردووە كەبەهاری كوردستان ببێتە دۆزەخ وئاگر.زەمەنی بێبەشكردن لەدەقەكەدا بریتیە لەدوو زەمەنی بینراو ویەك زەمەنی پێشبینیكراو. واتە ،هەر وەك پێشتریش ئاماژەمان پێدا،تەمەنی بێبەشكردنەكە نویَّنیە ،بەڵكو زۆریش كۆنە وپەیوەست نیە ،تەنها،ب زەمەنی دەق .ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە قەدەریّكی شومایی،ئەمجارە شیان وەك قەدەرەكانی ئەنوەر قادر جاف وكەساس جەباری ،هەر لەكۆنەوە یەخەی كۆمەڵگاكەی گرتووە وبەری نادات وبەو هۆیەشەوە ئاسایش لەكوردستاندا بەرقەرار نەبووە ونابێت.هەرئەمەش پاڵیان ناوە بە شاعیروە كەترسی لەئایندەش هەبێت.بەمانایەكی ڕوونتر،قەوارەی جوگریافی وسۆسیۆڵۆژی وسیاسی وفەرهەنگی كورد،لەهەردوو زەمەنی پێشوو وئێستادا،شكستیان خواردووە وخودی بكەری شاعیریش ترسی گەورەی لەئایندە هەیە بەوەی گەر هاتوو تاكی كورد یەكگرتوو وتەبا وهوشیار نەبێت،ئەوا نەهامەتی هاوڕێی هەتا هەتاییە.گەر وادەرچوو ئەوا ئاسایش لە ووڵاتدا پێدەنێتە قۆناغێكی زۆر ترسناك،بەو ئاڕاستەیەی كەهەمیشە كۆیلەی داگیركەران بێت وبەوشێوەش بمێنێتەوە.لەپێناو دەربازبوون لەم وێنە ترسناكە ،شاعیر ،وەك خودی بكەر،بەووردی ئاگاداری ڕەوشی جیّگەیە بەهەموو جومگەكانیەوە وڕێگەش بەخۆی نادات كە دەستەوستان بەرامبەر خاوەن دەستەڵاتداران بوەستێت. بۆیە بە ئەركی خۆی دەزانێت كەئامۆژگاری سەرجەم خەباتكەران ،بە سیاسەتمەدار وهاوەڵەكانیانەوە ،بكات بەوەی ئایندە مسۆگەر ناكرێت گەر هاتوو تاكی كورد یەكگرتوو نەبێت .لەپاڵ ئەمەشدا شاعیر،وەك ئەدیب وڕۆشنبیرێكی دیاری كورد،بە سوود وەرگرتن لەدەقە ئاینییەكان بەنموونەی مەسیح وحەللاج ،كەنموونەی ئازار وفیداكارین،هۆشیاری دەداتە هاوخەباتەكانی خۆی كە سەركەوتن كار وئازار وفیداكاری دەوێت وە تا ڕێژەی ئازارەكان لە زیادبووندا بێت ئەوا بێبەشكراوان دەبێت زیاتر گڕی ئاگری خەبات خۆشتر بكەن . بەپێچەوانەوە پڕۆسەی بێبەشكردن لەلایەن دەستەڵاتەوە بەردەوام دەبێت .بەڵام شاعیر تەواو دەستەڵاتی بەسەر پیشبینییەكاندا دەشكێت وئەو یەقینەی لا دروست بووە كە ڕۆژێك دێت دەرد وئازارەكان دەڕەوێنەوە وكوردستانیش وەك بووك دەرازێتەوە . هەر بلە لەشیعریّكی تریدا بەنیّوی " كوردە هاوارە "،كە دەرئەنجامی شەڕی ئێران – عێراق لە دایك بووە،بەهۆی ناجیّگیری دۆخی ئاسایشی لە كوردستان وب كاریگەری پڕۆسەی بێبەشكردن لەلایەن دەستەڵاتی سەركوتكەرەوە لەدۆخێكی سایكۆڵۆژی وفیكری سەختدا دەژی وتەواو گڕی گرتووە وبەئاشكرا هەڵچوونەكانی پێوە دیارە. تەنها لەم دەقەدا چواردە جار سوێندی تاكی كورد دەدات كە واز لە ناكۆكی ودووبەرەكی و دووفاقی وخۆكوشتنی بهێنن . ئەم ژمارە زۆرە لەسویندخواردن دلّسوزی شاعیر بۆ كوردایەتی وقەوارەكەی نیشان دەدات. لە هەمان كاتدا گوشارێكیشە بۆ سەر تاكی كورد كە قایل نەبێت بەكۆیلایەتی وژێر دەستەیی بێگانە .لەپال ئەمەشدا تاكی كورد بەبیر دەهێنێتەوە كەخاكەكەی لەت لەت كراوە وڕەنجەكانی بە زۆر براوە وكوردستانەكەی بەخوێن ئاو دراوە وگەلەكەی لە ژین وژیان بێبەشكراوە وئاسایشی لێ زەوتكراوە وشەهیدێكی زۆریشی داوە ،لەسەرو هەمووشیانەوە شاعیر داوا لە كورد وسەركردەكانی دەكات كە ئەم جەنگە فرسەتیّكی مێژووییە ودووبارە بوونەوەی دەگمەنە بەوەی گەر لەم زەمەنەدا ئاسەواری بێبەشكردنەكە نەسڕێتەوە ئەوا ئایندەكە هەر بە ترسی دەمێنێتەوە : كوردە توو خاكی لەت لەت كراوت توو بەری ڕەنجی بە زۆر براوت توو كوردستانی بە خوێن گوڵگونت _ __ _ _ _ _ _ توو گەلی دیلی بێبەش لە ژینت _ _ _ _ _ _ _ _ كوردە قوربانە ڕۆژێكە و ئەمڕۆ بە قسەی دوژمن مەبە دەستخەرۆ جووتێ دوژمنت بەربوونە یەكتر زەحمەت هەڵكەوێ هەلی گەورەتر _ _ _ _ _ _ _ _ هەر بە یەكێتی وفیداكاری خۆت ڕزگارت ئەبیّ لە زنجیر و كۆت هەر بە ویستن وتەبایی و خەبات گەلانی دونیا گەییونە ئاوات لە هەموو ئەمانەی كە لەسەرەوەدا باس كرا،دەگەینە ئەو باوەڕەی كە بێبەشكردن لەڕێگەی بە فیداكردن وبەهەڵوێستە وەرگرتنەوە لەدایك دەبێت كە ئەمانەش ئامانجێك دەیبات بەِرێوە بەمەرجێ قەبارەی ئەو ئامانجە گەورەتر وپیرۆزتر بێت لە خودی بكەر وبابەتەكەی. بۆنموونە،شاعیرە ڕۆمانسیزمەكان دەرئەنجامی بنەما بێبەشكردنەكان خوڵقاون وئەم بێبەشكردنەیان كردۆتە ڕێبازە فیكری وفەلسەفی وئەدەبییەكانیان . واتە ئەم شاعیرانە، لەِرێگەی بێبەشكردنیانەوە،بە دوای جیهانە تایبەتییەكەی خۆیاندا دەگەڕان ودەگەڕێن كە بریتیەلەجیهانی یۆتۆبیا ونموونەیی و ویژدانە بەرزەكان .بەمەش قێزیان لە یەكگرتن وتەواكردنی (تكامل ) واقیع دەبێتەوە ودەیانەوێت لەبازنەی بێبەشكردندا گوزەر بكەن.ئەم ناتەواكردنەیان لەگەڵ واقیع سەرچاوەیەكی هەرە گرنگی جیهانەكەیانە ( یۆتۆبیا ). بەمانایەكی تر، تەواوكردن ویەكگرتنی ئەمان خۆی لەدەرەوەی واقیعدا دەبینێتەوە،كەنزیكیان دەكاتەوە لە جیهانەكەیان وە لیرەشەوە خەیالێش ِرۆلّێكی سەرەكی لەكاری گواستنەوەكەی بابەتەكاندا دەبینێت. بەڵام لای شاعیرە كڵاسیزمەكان ،سەرچاوەی مەعریفەت وِرێبازەكەیان بریتیە لەیەكگرتن و تەواوكردنیان لەگەلّ واقیع وعەقلّێكی ڕەها و لەو وێنانە دەرناچن ولانادەن كەواقیع بۆی نەخشاندوون.بەمەش دەبنە نێچیری ڕێبازەكەیان .لای شاعیرە سوریالیزمەكانیش سەرچاوەی ڕێبازەكەیان،وەك ڕۆمانسیزمەكان،بریتیە لەتەواونەكردن ویەك نەگرتنیان لەگەڵ واقیع .بەڵام ئەوەی ئەمان لە ڕۆمانسیزمەكان جودا دەكاتەوە بریتییە لەئامانجەكەی ئەویش بەوەی ئاماجی سوریالیزمەكان بریتییە لەجیهانێكی پەرتەوازەیی بەوپێیەی جیهان،لای ئەمان،لەنا مەعقوڵەوە سەرچاوە دەگرێت.پەرتەوازەییش بەمانای گالّتەجاری نایەت،بەڵكو بنەمایەكی سەرەكی چێژە. سەرچاوەی ڕیالیزمیش بریتیە لەگرتنی وێنەی یەكنەگرتن وتەواونەكردنی واقیع وەك ئەوەی لەیەكێك لەدوا شیعرەكانی شێركۆ بێكەس بەنیّوی " ئێستا كچێك نیشتمانمە " بەجوانی ڕەنگی داوەتەوە لەكاتێكدا شاعیر زۆر هونەریانە مامەڵە لەگەڵ كەرەستە وبوونەوەرەكانی واقیعدا دەكات و مەتریّكی پێوانە، بەنموونە ،دەبێتە ئەكتەر وهاواری گەندەڵی لێ بەرز دەبێتەوە وبەئاشكرا گەندەڵی وگەندەڵكاران دڕاندوویانە وشەكەتیان داوە و تەواو بێزارە لەخویی وبەرامبەرە بەرپرسەكان .نالی و ئەنوەر قادر جاف كە قایل دەبن بەدابڕان وپڕۆسەی بێبەشكردنەكە ئەوا لەپشت هەردووكیانەوە ئامانجێكی پیرۆزتر بوونی هەیە .هەر یەك لەم دوو شاعیرە دەیانتوانی بگەڕێنەوە وهەرەس بەخۆیان وبابەتەكەیان نەدەن .بەڵام هاتنەوەكە ئەوسا لەسەر حیسابی بێ هەڵوێستەیی ئەژمار دەكرا .هەر لەبەر ئەمەشە سەركەوتن وداهێنانی هەردووكیان لەچیّژ وەرگرتنی بێبەشكردن بەدەست هاتووە.بەئاڕاستەیەكی تر ،ڕاستە سلێمانی ،بەهەموو پێكهاتەكانیەوە ،جێگەیەكی پیرۆزە بۆ نالی ،وە ئەوی بەرامبەریش فۆڕمیّكی جوان وخۆشەویستە بۆ ئەنوەر ،بەڵام بەلای هەردووكیانەوە سەرچاوەی بێبەشكردنەكە گرنگترە ئەویش بەوەی هیچیان نایانەوێت بەشێك بن لەژێر دەستەی سەرچاوە بیّبەشكردنییەكان كەدەستەڵاتی داگیركەر وسەركوتكەرە. بۆیە ،لەلایەكەوە،پێداگرتن لەسەر كاری پەیوەستێتی وەك قەبارە وتەن وڕووبەر گەورەتر هاتۆتە نێو زهنی هەر دوو شاعیرەوە .لەلایەكی تریشەوە هەردووكیان قوربانییان داوە و غوربەتیان هەڵبژارد گەرچی باشیش دەیانزانی كە ئەم غوربەتە كارێكی خۆكوژییە .
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure