7/9/2019 10:29 PM

هۆشداری له‌ مه‌ترسی خه‌ته‌نه‌كردنی مێیینه‌ ده‌درێت

رێکخراوێکی ئەڵمانیا هۆشداری دەداتە کچانی بیانی


رێکخراوێکی ئەڵمانی سەبارەت بە کچانی بیانی کە دانیشتووی ئەڵمانیان و بۆ پشووی هاوین لەگەڵ خێزانەکانیان سەردانی ولاتانی خۆیان دەکەنەوە، هۆشداری ئەدات لە مەترسی خەتەنەکردنیان.

لەمبارەیەوە ڕێکخراوی "تیری دی فام" کە ڕێکخراوێکی تایبەتەو بایەخ بە کاروباری ژنان و مەترسی کچان ئەدات لەو کۆمەڵگایانەدا کە شێواندنی ئەندامی زاوزێ و مێیینەی کچان بۆتە نەریتیان.  ئەم ڕێکخراوە  لە بەرلینەوە ئاماژە بەوە دەکات لەو کۆمەڵگا داخراوانەدا فشارێکی زۆر لەسەر کچان هەیە.

لەمبارەیەوە چالاکوانی دیاری ئەو ڕێکخراوە "ئیزاتوباری"دەڵێت: شێواندنی ئەندامی مێینەی کچان واتە بەخشینی ئازارێکی بەردەوام بە درێژایی ژیانی لەسەر هەردوو ئاستی جەستەیی و دەروونی.

ئەم چالاکوانە کە بە ڕەگەز خەڵکی گامبیایە لەهەوڵدایە کەسانی تر بێنێتەسەر ئەو باوەڕەی کە واز لەو تاوانە بێنن و دەستبەرداری ئەو نەریتە قێزەونە ببن.

باری باس لەو دیاردەیە دەکات لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقیا بەتایبەتی زیاتر لە 30 وڵات و وڵاتانی  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەندێک لە وڵاتانی ئاسیا ئەو دیاردە دزێوەی تیایەو پێشیوایە هیچ توندوتیژيیەکیش لەوە گەورەتر نیە بەرامبەر بە ژنان.

ئاماژەی بەوەشداوە خەتەنەی ژنان لە ئەڵمانیا قەدەغەیەو دەکرێت لێپرسینەوە لەوانە بکرێت کە تەنانەت لە ئەڵمانیاوە دەڕۆن و لە دەرەوەی وڵات ئەوکارەیان پێدەکەن.

بەپێی داتاکانی ئەو ڕێکخراوە 15 هەزار کچ کە لە ئەڵمانیا دەژین ئەو مەترسيیەیان لەسەرەو ئەو زانیاریانە ئەوەش دەڵێن لەسەر ئاستی جیهان نزیکەی 200 ملیۆن لە ژنان و کچان خەتەنەکراون.

سەبارەت بەم دیاردە جیهانیە زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین ساڵە کاردەکەن بۆ قەدەغەکردن و ڕێگەگرتن لە شێواندنی ئەندامی مێینەو بەپێی دوا زانیاريیەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش سەرەڕای بەردەوامی ئەو دیاردەیە خەتەنەکردنی کچان تا ڕادەیەک کەمیکردووە.


خاك - پوكمیدیا





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved