10/9/2019 11:34 PM

هاوردەكردنی هەنار قەدەغە دەكرێت

بە بڕیاری وەزیری كشتوكاڵی هەرێم، لە پێناو بەرژەوەندی جوتیاران و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆو ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان، تا كاتێكی نادیار هاوردەكردنی بەروبومی هەنار لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە قەدەغەكرا.

بەگوێرەی بڕیارێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم و بە ئیمزای بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كه تیایدا هاتووە: بە پشتبەستن بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەروبومی كشتوكاڵ ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠٠٨) و پاڵپشتن بە نووسراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٦٥٤٧) لە (٢٢-١٠-٢٠١٤) تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، لە ئەمڕۆوە ۱۰ی ئەیلولی 2019، بڕیارەكە جێبەجێدەكرێت و هاوردەكردنی بەروبومی هەنار لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناو هەرێم قەدەغە دەكرێت.

دەشڵێت: بڕیارەكە بۆ ماوەیەكی نادیار كاری پێدەكرێت تا ئەوكاتەی بەروبومی ناوخۆیی ساغدەكرێتەوەو دەگاتە ئاستێك كە پێویستی بازاڕە ناوخۆییەكان پڕناكاتەوە، یان نرخ بە جۆریك بەرزببێتەوە كە بەرژەوەندی بەكاربەرانی تێدا پارێزراو نەبێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو: ئەم بڕیارە هەنگاوێكی تری وەزارەتی كشتوكاڵە بە ئاراستەی پاراستنی بەرهەمی كشتوكاڵی ناوخۆیی و رێگریكردن لە زەرەرمەندبوونی جوتیارانی كوردستان.

پێشتریش وەزیری كشتوكاڵ، بە بڕیارێكی تر هاوردەكردنی تەماتەی قەدەغە كردو تا ئاستێك بووە مایەی قازانجكردنی جوتیاران و دەربازكردنیان لە كێشەی نەبوونی بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved