هێمۆگلۆبین جۆرێک پرۆتینە کە لە پێکهاتەی خڕۆکە سوورەکانی خوێندا بوونی هەیه. ئەرکی هێمۆگلۆبین ڕاگواستنی ئۆکسیجەنە بۆ بەشە جۆربەجۆرەکانی لەش. هەروەها ئەبێتە هۆی چوونە دەرێی CO2 لە خانەکانی لەش و سییەکان.
گەر ڕادەی ئەم پرۆتینە لە ناو خوێندا کەم بێت ئەم پرۆسەی باسمان کرد تووشی کێشە ئەبێت. لە درێژەدا باس لە هۆکار و نیشانەکانی کەم بوونی ئەم پرۆتینە پڕ بایەخە ئەکەین.
کەم بوونی ئاسنی خوێن، دووگیانی، ئازارەکانی جگەر و گورچیلە و هەروەها نەخۆشیه درێژخایەنەکان ئەتوانن هۆکارێک بن بۆ کەم بوونی هێمۆگلۆبین. دڵەکوتە و ماندوویەتی و کزی ماسولکەکان و ژانەسەر بەشێکن لە نیشانەکانی ئەم کێشەیە.
هەندێک کەسیش به بێ ئەم هۆکار و نیشانانەش، هێمۆگلۆبینی خوێنیان کەمە. هەر بۆیە پشکنینی ناوبەناوی پزیشکی پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. بۆ بەرزکردنەوەی ڕادەی هێمۆگلۆبینی خوێن ئەبێ ڕادەی ئاسنی خوێن بەرز ببێتەوە. کەوابوو خواردنی ماسی و گۆشتی سوور و هێلکە و فاسۆلیای سەوز، کە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندنی ئاسنن، ئەتوانێ ئەم کەموکووڕیه قەرەبوو بکاتەوە. ڤیتامین Aو بێتاکارۆتێنیش ئەتوانن ڕادەی ئاسنی خوێن بەرز بکەنەوە و هەر بۆیە خواردنی جگەر و پەتاتە و گێزەر و کاڵەک پێویستە. جگەرە کێشان لەم کێشەیەشدا ڕۆڵ ئەگێڕێت، هەر وەک چۆن ڕێگاخۆشکەرە بۆ زۆرینەی ئازار و نەخۆشییەکان.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure