14/9/2019 04:47 PM

پارتیزانێک گیتار دەژەنێت


دەوەن مەعروف

بەشی یەکەم

(بەیانیت باش کاکە ئازاد
لە ئاسۆی « کەرکوک»دا
ڕەنگێکم ئەناسی
قرمزی.
ئەم ڕەنگە بەپێوە
لەگەڵ « ڕەش» ئەجەنگی و
هەتاکو و ئاوابوون
بۆ تەنها جارێکیش
ڕەنگێکی خامۆش و
ڕەنگێکی بەزینی
نە ناسی!)

شێرکۆ بێکەس

بۆ یادی سی و یه‌ك ساڵەی شەهید کاک (ئازاد هەورامی) و دیارییه‌ به‌ شۆڕشگێڕو پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژگاره‌ سه‌خته‌كان (هاوڕێ شنۆ) هاوژینه‌ تاقانه‌كه‌ی كاك ئازاد هه‌ورامی.
نووسینی یادەوەریی، مرۆڤ تووشی ڕاچڵەکین و دڵەڕاوکێ دەکا. بەجۆرێک ناتوانێت بەئاسانی بەسەر ڕووداو و بەسەرهاتەکاندا زاڵ بێت و وەکو خۆی بیانگێڕێتەوە، ئەمەش پەیوەندی بەو تەمەنەوە هەیە، کە ساڵ دوای ساڵ شتەکان و ڕووداوەکان، لە زاکیرەماندا وەک خۆی نامێننەوەو بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە، بەشێکی زۆری ئەو یادەوەرییانە لەبیر دەچنەوە. بەبڕوای من یادەوەریی سەفەرێکە بەناو خودی مرۆڤ خۆیدا. لەم یادەوەرییەدا دەگەڕێمەوە بۆ سی ساڵ پێش ئێستا. کە بەشێکیان مەگەر مردن لەبیرم ببەنەوە. هەر بۆیە ناچارم بەپارچە پارچە بەسەریاندا گوزەر نەکەم و وەکو خۆی بیانگێڕمەوە.
ـ چۆن کاک ئازاد هەورامی، سەرکردە و نووسەر و مەزیکژەنم ناسی؟
دەمێک بوو دەماودەم کاک ئازاد هەورامیم دەناسی. زۆرجاران برادەران باسیان دەکرد و وەک مرۆڤێکی ژیر و لێهاتوو لەسەر زاریان دەپژا. پێش ئەوەی لەتەک ئەو هێزەی کە سەرکردایەتی(ی.ن.ک) ئامادەی کردبوو بچنە بادینان. بەسەرپەرشتی کاک ئازاد هەورامی. بەندە چەند جارێک کاک ئازاد هەورامیم دیووەو بەسەروزمان و ئاکاریدا لە مرۆڤێکی تەواو جیاواز لە سەردەمەکەی خۆی دەچوو. بە تایبەت ئەو کاتەی کە لە ناوەندی کۆمەڵە بوو لەگەڵ هەڤاڵان: مامۆستا جەمال تایەر. قادر حاجی عەلی. ڕێکەوتی عوسمان بەگ. پاشان لە ڕۆژانی پلینۆم و ئەو کاتانەی کە بارەگاکەی لە دۆڵی جافایەتی بوو لە(هەرمێلە) لەنزیک گوندی گاپیلۆن. ئەو ڕۆژانە چەند جارێک چوومەتە هەرمێلە. کاک ئازاد هەورامی. مرۆڤیک بوو سادەوساکار وەک خاکوخۆڵ، لەناو دڵیدا هەرگیز ڕق و تۆڵە جێگەیان نەدەبۆوە. هەمیشە زار شیرین و بێ گرێ و گۆل بوو. خاوەن ڕەوشتێکی بڵند بوو، دەنگخۆش و ژەنیاریی گیتار بوو، نووسەر و ڕووناکبیرێکی لێهاتوو بوو، لە زووربەی بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەدا بابەتەکانی بڵاودەکردەوە، یەکێک لەنووسینە گرنگەکانی بەناوی
(مەسەلەی جاشایەتی لە کوردستاندا) لەدوای ئەوەی گەیشتینە بادینان، کاک ئازاد هەورامی ڕۆمانێکی وه‌رگێڕابوو بەناوی « ئاغای سەرۆک کۆمار» ئەم ڕۆمانە دەستنووس بوو، لەدوای ئەوەی خۆی ده‌ینووسیوه‌، پاشان «لوقمان ڕەحیم» ناسراو بە لوقمانە ڕەش. جارێکیتر بە دەستوخەتە جوانەکەی دەینووسیووە. لەدوای ئەوەی دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەی سۆران. لە دۆڵەکۆگێ ڕۆمانە دەستنووسەکە تەسلیم بە دای وەهاب دەکات تاکو بیگەێنێتە قەندیل، بەڵام بەداخەوەپێش ئەوەی بگەنە «دۆڵە لێنە» وڵاخەکە هەڵدەدێرێ و ڕۆمانەکە و گشت شتەکانی تر تیا دەچن. لەگەڵ کاک ئازادا زۆرجاران پێکەوە گۆرانیمان چڕیوە! بەتایبەتی ئەو کاتانەی کە هەموومان کۆدەبوونیەوە پێکەوە گۆرانیی و سروودمان ئەچڕی. لەناو ئەدەبدا بەتایبەتی لەشیعری کلاسیکدا، تووابۆوە، لەیادمە جارێکیان لەناو بارەگاکەی زێوە. چەند دێڕێکی چامەکەی نالی خوێندەوە:
(قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مرور
ئەی پەیکی شارەزا بە هەموو شاری شارەزوور)
لە دوایدا منیش وەڵامەکەی سالم-م بۆخوێندەوە.
(قووربانی سروەکەت ئەی بادەکەی سەحەر
ئەی پەیکی موستەعید لە هەموو ڕاهی پڕ خەتەر)
ڕووی تێکردم و وتی: ئەم پێشمەرگانەی ٥٧ی سەگرمە. لە شیعریی کلاسیکدا زۆر باشن و مایەی دڵخۆشییە کە بەو جۆرە گۆشکراون سەد جاران ئافەرین بۆ کاک ئازادی سەگرمە. کە کۆمەڵێک پێشمەرگەی ژیر و وریایی ناردووە بۆ بادینان.
داستانی ڕزگاریی
لەدوای ئەوەی کە شەوی ١٣ ـ ١٤/ ٤/١٩٨٧ داستانی ڕزگاریی تۆمارکرا، هێزی پێشمەرگە بە ورەیەکی پۆڵایینەوە ئەو سەرکەوتنە گەورەیەیان مسۆگەر کرد. داستانی ڕزگاریی. لە چەند قۆڵێکەوە پەلاماری دوژمن درا.(شاخی گۆجار، گڵاڵە، زەروون، زینۆی سپیی، شاخی وڵاغلو، پیرئەلیاس، باڵخ، کلکەی پیرەمەگرون، قووڵە پووشێن، قووڵە سەوز، شاخی قەیوان، قووتەی دووبرا، خەمزە، شاخی ئەزمەڕ، شاخی گۆیژە، شاخی گەوەڕە، شاخە سوور، شاخی قوڵەجاخ، خەجەلەرزۆک، کۆڕەنگ) گشت پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لە جێگەکانی خۆیان نزیک بوونەوەو لەماوەیەکی کورتدا چەندین بارەگای فەوج و سریەی دوژمنایان گرت و هەموو شوێنەکان ئازادکران. کە بریتی بوو لە گرتنی: ١١٧ ڕەبیەو ٥ بارەگای سریە و ٤ بارەگای فەوج و ١ سەربازگەی گەورە. کووشتنی ١٧٦٢ پۆستاڵ ڕەشی دوژمن. بریندار بوونی ١٨٥٦ کەس لەهێزەکەی دوژمن، بەدیلگرتنی ١٨٦ کەس لە هێزەکانی دوژمن و دەستکەوتێکی زۆروزەوەند کەوتە ژێر دەستی پێشمەرگەکانی یەکێتیی. بەخوێنی ١٠٦ پێشمەرگەی قارەمان داستانی ڕزگاریی چووە ناو مێژووی گەلەکەمانەوەو بە خوێنی گەشیان ئەم داستانە گەورەیەیان بۆ مێژووی یەکێتیی و کوردستان تۆمار کرد. لە تیپی ٥٧ی سەگرمە دوو فەرماندەی قارەمانمان شەهید بوون ئەوانیش بریتی بوون لە شەهیدان کاک(سەربەست حەمە ڕەحیم) فەرماندەی کەرتی یەکی تیپی ٥٧ی سەگرمە(خەباتە بچکۆل) فەرماندەی کەرتی چواری جەباری کە کەرتەکەی شەهید(مامە ڕیشە) بوو. بەشێک لە پێشمەرگەکانی تیپی ٥٧ی سەگرمە لە قووتەی دووبرا بوون. لەسەر داوای کاک حەمە ڕەش، کە سەرتیپی ٥٣ی شێروانە بوو. داوای لە کاک مەحمود سەنگاوی کرد بوو، کە سەرتیپی ٥٧ی سەگرمە بوو، کە مەفرەزەیەکی بۆ ڕەوانە بکات بۆ شاخی کۆڕەنگ. لەیادمە ١٢ پێشمەرگە بووین، شەهید (حەمە بی کەی سی، شەهید عەلی مەلا، مەریوان عەبدوڵا، تەها بەرواری، شاهۆ، عادل، فریاد ئەحمەد ڕەمزی) بە لێپرسراوێتی کاک کوردۆ. برادەرانمان لە قووتەی دووبرا جێهێشت و بەڕێکەوتین بەورە شاخی کۆڕەنگ، هەرکە گەیشتینە سەرشاخ، کاک حەمە ڕەش و کاک سەردار ناوتاقی هاتن بە پیرمانەوەو زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنیان کردین و لەدوای کەمێک حەوانەوە چووینە ئەو شوێنانەی کە بۆمان دانرابوو. دوژمن ڕۆژانە بۆردومانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی دەکرد، جارێک لەکاتی بۆرودوماندا فەرماندەی کەرت حەمە سوور دوشوانی بە خەستی بریندار بوو. جارێک لە نیوەی شەودا دوژمن هێرشێکی زۆر قوورسی کردە سەر شاخی کۆڕەنگ، هێزی پێشمەرگە زۆر بە ئازایانە وەڵامی هێزەکەی دوژمنیان دایەوە دوژمن شکا و گورزێکی کاریگەریان لەدوژمن وەشاند. دوای ماوەیەک بەدلیان کردین و هاتینە خوارەوەو لە گوندی چۆخماخ جارێکیتر برادەرانمان بینیوە. ڕۆژێکیان کاک شێخ جافر و کاک قادری حاجی عەلی، هاتنە لامان و پێیان وتین کە کاک ئازاد هەوارمی حەزدەکات بێتە لاتان و کۆبوونەوەیەکتان پێ بکات. ئێمەش لەکات و ساتی خۆیدا ئامادەبووین و کاک ئازاد هەورامی و چەند پێشمەرگەیەک هاتنە لامان و سڵاویان لێکردین، کاک کوردۆ، وتی: برادەران، کاک ئازاد هەورامی هاتووەو دەیەوێت کۆبوونەوەیەکتان پێ بکات. ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە گوێمان گرت بوو، سەرەتا پیرۆزبایی سەرکەوتنی داستانی ڕزگاریی لێکردین و کەوتە قسەکردن لەسەر مێژووی خەباتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان. پاشان وتی: سەرکردایەتی یەکێتیی، بە نیازە هێزێکی تۆکمە و ئازا ڕەوانەی ناوچەی بادینان بکات، منیش پێم خۆشە کە بەشێک لە پێشمەرگە ئازاکانی ٥٧ی سەگرمە لەگەڵمان بێن بۆ بادینان. کێ پێی خۆشە با دەست هەڵبڕێ. هەموو سەیریی یەکتریمان کرد و کەس دەستی هەڵنەبڕی! ئیتر کاک ئازاد خۆی پێ نەگیراو وتی: حەیف کە تیپێکی وەک ٥٧ی سەگرمە پێشمەرگەکانی لەگەڵمان نەیەن بۆ بادینان. کە وای وت: چەند پێشمەرگەیەک دەستمان هەڵبڕی و هەژدە پێشمەرگە بووین لە کەرتە جیاجیاکانی تیپی ٥٧ی سەگرمە. لەناویاندا، شەهید حەمە بی کەی سی، شاهۆ، مەریوان، فریاد، بەداوی لێبووردنەوە ئەوانیترم لەیاد نەماوە. کاک ئازاد ناوی هەر هەژدەمانی نووسی و بە جیا کۆیکردینەوەو پێی وتین: ئیتر ئێستا ئێوە بڕۆنەوە بۆ ناوچەکانی خۆتان و لە بیرتان نەچێت لە ١٠/ ٥/١٩٨٧ هەر هەمووتان وەرنەوە بۆ گوندی گۆپتەپە. شەهید محمد فاتیح، ناسراو بە حەمە بی کەی سی. لە ساڵی ١٩٦٨ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. لەساڵی ١٩٨٢ پەیوەندی کردووە بە هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە، یەکێک بوو لە عەدەد بی کەی سییە ئازاو قارەمانەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە گشتی و تیپی ٥٧ی سەگرمە بە تایبەتی، لە ٢٧/٢/ ١٩٨٨ لە شەڕیکی قارەمانانەدا لە تەشوێ تاش، لە ناوچەی سەرکردایەتی شەهید بوو.

گەڕانەوە بەرەو بارەگای تیپی ٥٧ی سەگرمە
ئەو ڕۆژە ڕێکەوتی ٢٨/٤/١٩٨٧ بوو. لە گوندی چۆخماخ. لەدوای کۆبوونەوەکە ماڵئاواییمان لە برادەران کردو بەڕێکەوتین بەرەو گوندی قزلەر و و زێوێ و یاڵانقۆز و پەڕینەوە لە جادەی نێوان دوکان سلێمانی و شەو گەیشتینە گوندی تەڕەماری سەرو، لەوێ ماینەوە تاکو بەیانی. بۆ بەیانی بەڕێکەوتین و بۆ ئێوارەکەی گەیشتینە هۆمەرامان. بۆ بەیانی بەڕێکەوتین و نیوەڕۆ گەیشتنیە مێوڵی، کە بارەگای تیپی ٥٧ی سەگرمە. کە گەیشتینە مێوڵی. کاک(ئازادی سەگرمە) ڕەوانشاد(بەکرە کەڕ) و برادەران بەخێرهاتنەوەو پیرۆزباییان لێکردین بەبۆنەی سەرکەوتنی داستانی ڕزگارییەوە. لە دوای پێنج ڕۆژ هەموو برادەران لە گوندی مێوڵی کۆبووینەوەو بەڕێکەوتین بەرەو گوندی گۆپتەپە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved