15/9/2019 06:14 PM

دنیا سێ پیتە

دنیا سێ پیتە ناونیشانی کۆمەڵە چیرۆکێکی نوێی چیرۆکنووس و رۆماننووس مەحمود نەجمەدینە و بەمزوانە بڵاودەبێتەوە، ئەم بەرهەمە لەبڵاوکراوەکانی چاپەمەنی خانی و فەرهەنگ و سەرای هونەری ئەندێشە‌بۆچاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب، لە سەقزە، کتێبەکە چووەتە چاپخانە و بڕیار وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو بێتەوە و پاشان لەباشووری کوردستان بڵاو دەبێتەوە. سەبارەت بەم کۆمەڵە چیرۆکە مەحمود نەجمەدین بەم شێوەیە بۆ سایتی خاک دوا، و گوتی: ئەم بەرهەمە كۆمەڵێك چیرۆكی ترسناكن، رووداوەكان بەكەشێكی ترسناك و فانتازیدا تێدەپەڕن، بابەتی ترس لە ئەدەبیاتی چیرۆک و رۆماندا لە نێوەندی ئەدەبی كوردی دەستی بۆ نەبراوە یان كەمتر كاری لەسەر كراوە، ئەم چیرۆكانە فەزایەكی ترسناكیان هەیە، چیرۆكی ترس و فانتازیایە. چیرۆكی ئەو مرۆڤانەیە كە لەدنیای واقیعەوە دەكەونە كەشێكی فانتازی ترسێنەرەوە. لەم چیرۆكانەدا كار لەسەر دوو شوێن كراوە، شوێنێك بوونی هەیە لەسەر زەمینی واقیع و شوێنێك لە دنیای خەیاڵە. مەملەكەتی خەیاڵە ترسێنەر و فانتازییەكانە پاڵەوانەكان بەرەو دنیای بوونەوەری نامۆ و نەدیتراو دەڕۆن. لەپاڵ ئەو مرۆڤە ئاساییانەدا چەندین كارەكتەری فانتازی لەم چیرۆکانەدا هەیە، رۆڵ دەگێڕن. هاوشێوەی مرۆڤی دنیای واقیع ئەوانیش پانتاییەكیان لە گێڕانەوە داگیركردووە و لەهەندێك چیرۆكدا بەسەر كەسایەتییە راستەقینەكاندا زاڵن. 
ئەم بەرهەمە لە نۆ چیرۆك پێك دێ كە ئەمە ناونیشانەكانیانە: "چەكەرداسی قزە، كەللەزراو، بەڵای سەرشین، بۆرچیل و مۆرە، منداڵەكەی زامبیا، كفن دڕ، بە لاقی مۆفەرەح رادەكات، دڵم دەلەرزی، سیدرا رۆیشت و دنیا سێ پیتە" ئەم کۆمەڵە چیرۆکە لەبڵاوکراوەکانی چاپەمەنی خانییە لە سەقز، پیتچنی وپەڕازێن کاری کاک ئومێد موقەددەس و رووبەرگ کاری خاتوو نەسرین کاکی یە. بەقەبارەی نیو ئەیفۆڕ، لەدووتوێی 163 لاپەڕەدایە. جا لێرەوە دەمەوێت سوپاسی هەموو دۆستان و هاوڕێیانی خانی بکەم بە تایبەت کاک ئازاد ماندووبوون بەم کارەوە. 

نووسەری و رۆژنامەنووس مەحمود نەجمەدین چەند بەرهەمێكی دیكەی بڵاوبوونەتەوە لەوانە" رۆمانی پیاوەكان بە خەونیش نەگەڕانەوە، كۆمەڵە چیرۆكی پاسەكەی گورون، كۆمەڵە چیرۆكی هاوشێوەكانی سەلیم جەودەت. چەند بەرهەمێكی دیكەشی ئامادەن بۆ چاپ.

خاك





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved