17/9/2019 11:21 PM

نه‌خواردنی شه‌كر بۆ ماوه‌ی 1 مانگ چیت لێده‌كات؟

به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌ هاووڵاتیانی وڵاتی هۆڵه‌ندا به‌ده‌ست نه‌خۆشی قه‌ڵه‌وییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، دوو گه‌نج هه‌ڵده‌ستن به‌ ئه‌نجامدانی تێست له‌سه‌رئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شه‌كر نه‌خۆن، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن ئایا چی له‌باری ته‌ندروستی مرۆڤدا ده‌گۆڕێت گه‌ر بێتو شه‌كر نه‌خوات.

یه‌كێك له‌و دوو گه‌نجه‌ به‌ ناوی (ساشا) بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ هه‌ڵده‌ستێت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر باری ته‌ندروستی خۆی و بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شه‌كر ناخوات، هه‌روه‌ها ئه‌و جۆره‌ خواردنانه‌ش ناخوات كه‌ شه‌كریان تێدایه‌.

پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست بكات به‌ تێست له‌لایه‌ن پزیشكانه‌وه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر باری ته‌ندروستی ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی دوای یه‌ك مانگ ده‌ربكه‌وێت چی له‌باری ته‌ندروستی گۆڕاوه‌، له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ كۆلیسترۆڵی له‌چاو ته‌مه‌نیدا زۆر به‌رزه‌.

دوای یه‌ك هه‌فته‌ به‌بێ شه‌كر ساشا هه‌ست به‌ توڕه‌یی ده‌كات چونكه‌ حه‌ز به‌ خواردنی شیرینی و چه‌وری ده‌كات، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ دوای تێپه‌ڕبوونی 3 هه‌فته‌ حه‌ز به‌ خواردنی شیرینی ناكات و هه‌ست ده‌كات كه‌ باری ته‌ندروستی زۆر گۆڕاوه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ست به‌ هیلاكی ناكات و له‌ به‌یانیاندا به‌ئاسانی له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستێت.

دوای یه‌ك مانگ نه‌خواردنی شه‌كرو دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خواردنه‌ زیانبه‌خشه‌كان، ساشا سه‌ردانی پزیشك ده‌كات، لێره‌دا ده‌ركه‌وت كه‌ كێشی چوار كیلۆو نیو دابه‌زیوه‌، هه‌روه‌ها چه‌وری له‌ جه‌سته‌یدا سوتاندووه‌و فشاری خوێنی دابه‌زیوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی 4% كۆلیسترۆڵی دابه‌زیوه‌.

خاك – س/ ئاژانسه‌كان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved