ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەند پرۆژەیەکی نوێی چاپ و بڵاوکردنەوە ڕادەگەیەنێت، کە خۆی لە چاپکردنی کتێبی فەلسەفیدا بۆ نەوجەوانان دەبینێتەوە. سەبارەت بە پرۆژەکە بەڕێوەبەری چاپ لە ناوەندی ڕەهەند "ئارام سدیق" گوتی: ئەم پرۆژەیە لە زنجیرەیەک کتێب پێک دێت، کە بە شێوەیەکی ئاسان و لە لە فۆڕمی چیرۆکی پەندئامێز و فیکرییەوە بیری فەلسەفی دەگوێزێتەوە و بەشێوەیەکی ئاسان بیر و ئەندێشەی فەلسەفی بە نەوجەوانان دەگەیەنێت. گوتیشی: ئەم زنجیرەیە ئێستا دوو کتیبی ئامادەیە و لە سەرەتای مانگی نوێدا بڵاو دەکرێنەوە. سەبارەت بە ئامانجی پڕۆژەکە ئەو بەرپرسەی ڕەهەند گوتی' تا ئێستا بە شێوەیەکی ورد و ڕێکخراو کار لەسەر گەیاندنی بیری فەلسەفی بە نەوجەوانان نەکراوەتەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا بە پچڕپچڕ کار لەم بوارەدا کراوە، بەڵام کارێکی ڕێکخراو و بە بەرنامە نەبووە. بۆیە ئەم پڕۆژەیە دەبێتە یەکەمین پڕۆژە لەو بوارەدا کە بەشێوەیەکی بە بەرنامە کار بۆ گەیاندنی بیری فەلسەفی دەکات بۆ نەوجەوانان. ناوەندی ڕەهەند ناوەندێکی رۆشنبیریی و کولتوورییە و بنکەی سەرەکی لە شاری سلێمانییە و لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا دامەزراوە. خاك
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure