لیژنه‌ی نانه‌واو سه‌مونخانه‌كانی سه‌ر به لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی، رۆژانه به‌دواداچوون بۆ هه‌ردوو بڕیاری "به‌كارنه‌هێنانی مادده‌ی سۆده‌و به‌كارهێنانی زه‌رفی كاغه‌ز" ده‌كات, سه‌رۆكی لیژنه‌كه رایده‌گه‌یه‌نێت به‌هۆی به‌كارهێنانی سۆده چه‌ندین شوێنیان سزاداوه‌و هه‌موو سه‌مونخانه‌و نانه‌واخانه‌كانی سلێمانیشیان ئاگاداركردووه‌ته‌وه له زووترین كاتدا پابه‌ندبن به بڕیاری به‌كارهێنانی زه‌رفی كاغه‌ز له‌بری زه‌رفی نایلۆن. به‌روار محه‌مه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌ی نانه‌واو سه‌مونخانه‌كانی سه‌ر به لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: له ماوه‌ی رابردوودا‌و له‌سه‌ر فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی به‌هۆی زیانه ته‌ندروستیيه‌كانی به‌كارهێنانی سۆده له دروستكردنی نان و سه‌مون قه‌ده‌غه‌كرا, دوای ئه‌و بڕیاره لیژنه‌كه‌یان رۆژانه سه‌ردانی نانه‌واو سه‌مونخانه‌كان ده‌كات و هه‌ر شوێنێك مادده‌ی سۆده به‌كاربهێنێت له دروستكردنی نان و سه‌مون روبه‌ڕووی سزا ده‌كرێته‌وه. سه‌رۆكی لیژنه‌ی نانه‌واو سه‌مونخانه‌كانی سه‌ر به لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ڵێت: له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا به‌هۆی به‌كارهێنانی سۆده چه‌ندین نانه‌واو سه‌مونخانه ڕوبه‌ڕووی سزای دارایی كراونه‌ته‌وه‌و سه‌دان شوێنیشیان ئاگاداركردووه‌ته‌وه له‌پێناو پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتیان پابه‌ندبن به بڕیاره‌كه‌وه. له باره‌ی بڕیاری به‌كارهێنانی "زه‌رفی كاغه‌ز له‌بری زه‌رفی نایلۆن" له نانه‌واو سه‌مونخانه‌كانی سلێمانی به‌روار محه‌مه‌د رایگه‌یاند: ئه‌م بڕیاره‌ش له‌سه‌ر فه‌رمانی ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی دراوه‌و به‌وردیش چاودێری ده‌كرێت. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: لیژنه‌كه‌یان رۆژانه سه‌ردانی نانه‌واو سه‌مونخانه‌كان ده‌كات و ئه‌وه‌ی به‌دیده‌كرێت به‌شێكی زۆریان پابه‌ندی بڕیاره‌كه‌ن, بۆ ئه‌وانه‌ش كه هێشتا زه‌رفی نایلۆن به‌كارده‌هێنن ئاگاداركراونه‌ته‌وه له زووترین كاتدا پابه‌ندبن, چونكه بڕیاره‌كه له ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتیان دراوه‌و به‌دڵنیاییه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێت. خاك - راگه‌یاندنی قائیمقامیه‌تی سلێمانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure