18/9/2019 11:30 PM

هاوردەكردنی هەنگوین قەدەغەدەكرێت

لەسەر داوای هەنگەوانانی كوردستان، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم بڕیاریدا لە رۆژی 25ی ئەیلولەوە هاوردەكردنی هەنگوین رابگیرێت.

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا لە رۆژی 25-9-2019ەوە، هاوردەكردنی بەرهەمی هەنگوین لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ناو هەرێم قەدەغە بكرێت، تا ئەوكاتەی بە بڕیارێكی تر بوار بە هاوردەكردنی ئەو بەرهەمە دەدرێتەوە.

ئەم بڕیارە لەسەر داوای هەنگەوانانی كوردستان و چەند گروپ و رێكخراوێكی تایبەت بە هەنگەوانان بووە، كە داوایان لە وەزارەتی كشتوكاڵ كردبوو لە وەرزی چنینەوەی بەرهەمی هەنگوینی ناوخۆییداو تا ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان لە بازاڕەكاندا هاوردەكردنی بەرهەمی هەنگوین لە دەرەوەی كوردستانەوە رابگیرێت.

بۆ دەركردنی ئەم بڕیارە وەزیری كشتوكاڵ پشتی بە یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی ژمارە 4ی ساڵی 2008 بەستووە.

هاوكات بڕیاریشە لە سەرەتاو ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا لە هەرێمی كوردستان دوو چالاكی گەورەی تایبەت بە بەرهەمی هەنگوین ئەنجامبدرێت كە بریتین لە كۆنگرەی هەنگەوانانی وڵاتانی عەرەب كە رۆژانی 7-9/10/2019 لە هەولێر بەڕێوەبچێت و بەدوای ئەویشدا لە سلێمانی پیشانگایەكی تایبەت بە بەرهەمی هەنگوین دەكرێتەوە.

بە گوێرەی ئامارەكانی بەردەست لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی 12 هەزار كەس بەكاری هەنگەوانیەوە سەرقاڵن و پتر لە 300 هەزار شانەی هەنگیان هەیە.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved