22/9/2019 11:19 PM

سێنتەرەکانی زمان لە زانکۆکان گرنگی زیاتریان پێدەدرێت

وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى سێنتەرەکانى زمان لە زانکۆکانى کوردستان پشتگیرو پاڵپشتى تەواوی سێنتەرەکان دەبین و کار بۆ وەرگرتنی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ سێنتەرەکانى زمان دەکەین.

لەو چوارچێوەیەشدا لەبەر رۆشنایى لێژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکانی زمانی ئینگلیزی و ڕێکخستنەوەی کارو چالاکيیەکانی سێنتەرەکانی زمان، دوابەدوای فەرمانی وەزاری ژمارە (١٤٧٠) لە (١٥/٩/٢٠١٩)، بە ئامادەبوونی د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و د.محمد حوسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و سەرۆکی لێژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکانی زمانی ئینگلیزی و ڕێکخستنەوەی کارو چالاکیيەکانی سێنتەرەکانی زمان و سەرجەم ئەندامان دووەمین کووبونەوەی لێژنە بەڕێوەچوو. 

لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم بابەتە زانستی و کارگێڕيیەکانی سێنتەرەکان خرانە بەرباس و گفتوگۆ بە مەبەستی سوود وەرگرتن لە ئەزمونی وڵاتانی پێشکەوتوو، بۆ ئەمەش سەرۆکی لێژنە پەیوەندی کردووە بە کەسانی شارەزاو خاوەن ئەزموون لە بواری سێنتەرەکانی زمان، لە یەکەم دەرفەتدا لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفراسەوە خاتوو (Jessica Ashe) لە زانکۆى میامى لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاو پسپۆڕ لە بواری خولەکانی فێربوونی زمان، باسێکی کورتی سەبارەت بە گرنگی وەرگرتنی متمانەی نێودەوڵەتی و هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی سێنتەرەکانی زمان پێشکەشکرد، پاشان بە پرسیارو کۆمێنتی بەشداربووان گفتوگۆکە دەوڵەمەندتر کرا.

لە وتەیەکیشدا د.ئارام محمد قادر دواى دەستخۆشی لە سەرۆک و ئەندامانی لێژنە، بەڵێنیدا پشتگیری تەواوی سێنتەرەکان بکات. لە بەشێکی تری وتەکانیدا پشتگیری لە بەرزکردنەوەی ئاستی کوالێتى سێنتەرەکان کرد بۆ وەرگرتنی متمانەی نێودەوڵەتی. هەروەها بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا تەئکیدی کردەوە سێنتەرەکان بە زووترین کات خولەکانی زمانی ئینگلیزی بە ڕێوشوێنی نوێ بکەنەوە کە گرنگی زیاتر بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی بە کوالێتيیەکى بەرزتر بدات.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا لێژنە درێژە بە کۆبوونەوەکانی دەدات بە مەبەستی ڕێکخستی کارەکانی سێنتەرەکان و باشترکردنی کوالێتی خولەکانی ئیستاو داهاتوو لە سێنتەرەکانی زمان.


خاك - بەڕێوەبەرایەتى راگەیاندنى وەزارەت







زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved