شێرپه‌نجه‌ی خوێن كه ناوه زانستییه‌كه‌ی (لوكیمیا)یه یه‌كێكه له مه‌ترسیدارترین شێرپه‌نجه‌كان، چونكه زۆرجار له قۆناغه هه‌ره ترسناكه‌كانیدا ده‌ستنیشان ده‌كرێت، كه‌واته هۆكاری ئه‌وه چییه‌و بۆ ناتوانرێت له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كانیدا ده‌ستنیشان بكرێت؟ (لوكیمیا) یان شێرپه‌نجه‌ی خوێن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆر بڵاو نییه به به‌راورد به شێرپه‌نجه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك‌و شێرپه‌نجه‌ی كۆلۆن، به‌ڵام مه‌ترسیداری و كوشنده‌ییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه كه زۆر به ده‌گمه‌نی له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كانیدا ده‌ستنیشانده‌كرێت هه‌ربۆیه‌ش هه‌لی چاره‌سه‌ركردنی لاوازه. به‌پێی پێگه‌ی (focus)ی ئه‌ڵمانی به‌ته‌نها له ئه‌ڵمانیادا، ساڵانه (12) هه‌زار كه‌س توشی شێرپه‌نجه‌ی خوێن ده‌بن، له‌و ژماره‌یه‌ش نزیكه‌ی 600 كه‌سیان مناڵن، به ده‌گمه‌نیش ئه‌و توشبوانه به‌ته‌واوی له‌و نه‌خۆشییه ڕزگاریان ده‌بێت، نزیكه‌ی نیوه‌ی ئه‌و ژمارانه تا پێنج ساڵ دوای ده‌ستنیشانكردنی حاڵه‌ته‌كه‌یان ده‌ژین، به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌یه كه به‌پێچه‌وانه‌ی جۆره‌كانی دیكه‌ی شێرپه‌نجه‌وه هه‌لی چاكبوونه‌وه‌ی مناڵان له‌و نه‌خۆشییه زیاتره به به‌راورد به كه‌سانی گه‌وره. پسپۆڕانی ته‌ندروستی ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه زۆربه‌ی كات به رێكه‌وت ئه‌و نه‌خۆشییه ئاشكرا ده‌بێت و ده‌دۆزرێته‌وه، هه‌ندێكجار كه‌سه‌كه ده‌چێت بۆ ئه‌نجامدانی پشكنین بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كی دیكه‌و ده‌رده‌كه‌وێت توشی لوكیمیا بووه‌و له‌وكاته‌شدا نه‌خۆشییه‌كه چه‌ند قۆناغێكی بڕیووه. نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ی خوێن زۆر به‌زه‌حمه‌ت ده‌ستنیشانده‌كرێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی نیشانه‌ی تایبه‌تی نییه‌و ئه‌و نیشانانه‌ی هه‌یه‌تی هاوشێوه‌ی نیشانه‌ی چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی تره. پسپۆڕان ده‌ڵێن: ده‌توانرێت له‌ڕێگه‌ی هه‌ندێك نیشانه‌وه شێرپه‌نجه‌ی خوێن ده‌ستنیشان بكرێت، له‌وانه‌ش گۆڕانكاری كتوپڕ له كێشی مرۆڤ و گۆڕان له شێوازی میزكردن و به ئاسته‌م قوتدانی خواردن و كێشه له هه‌رسكردنی خواردن، هه‌روه‌ها ڕوودانی خوێنبه‌ربوونی لووت و پووك بێ هیچ هۆكارێك و هه‌ستكردن به ئازاری زۆر له جومگه‌و ئێسكدا بێ به‌ركه‌وتنی هیچ زه‌برێك یه‌كێكی ترن له نیشانه دیاره‌كانی ئه‌و جۆره‌ی شێرپه‌نجه. دیسانه‌وه پسپۆڕان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه‌ی خوێن زۆر ئاڵۆزه به به‌راورد به شێرپه‌نجه‌كانی دیكه، چونكه شێرپه‌نجه‌كه له پارچه‌یه‌ك شانه یان خانه‌دا نییه كه بتوانرێت له‌ڕێگه‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه ده‌ربهێنرێت و بنه‌بڕ بكرێت، به‌ڵكو ته‌نها ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ر چاره‌سه‌ری كیمیاییه، یان له‌ڕێگه‌ی جۆره ده‌رمانێكه‌وه‌یه كه به (تیرۆسین كیناز) ناسراوه، ئه‌م ده‌رمانه‌ش ژماره‌یه‌ك له پرۆتینه‌كان چالاك ده‌كاته‌وه. ئه‌و پسپۆڕانه ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه‌ڕوو كه زۆرجار توشبووه‌كان له ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری تیشكییه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كرێن، یان له ڕێگه‌ی ڕواندنی قه‌ده‌خانه‌وه ده‌توانن چاره‌سه‌ر وه‌ربگرن. ئه‌و پسپۆڕانه ده‌ڵێن: ڕێگه‌ی ڕواندنه‌وه‌ی قه‌ده‌خانه دوای ئه‌وه ده‌كرێت كه نه‌خۆشه‌كه چاره‌سه‌ری كیمیایی وه‌رده‌گرێت و دوای ئه‌وه یان ئه‌و قه‌ده‌خانه‌یه له خۆی وه‌رده‌گیرێت یان له كه‌سێكی به‌خشه‌ره‌وه، ئه‌م ڕێگه‌یه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاڵۆزه، تائێستا چاره‌سه‌رێكی تا ڕاده‌یه‌ك باشه، چونكه (قه‌ده‌خانه) ڕۆڵێكی گرنگی هه‌یه بۆ پاراستنی له‌ش. خاك - س: الصحه والحیاه
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure