24/9/2019 12:24 AM

کاریگەری جیابوونەوە لەسەر خێزان و منداڵ

پەیوەندیيەکان وەك شەپۆلن، ئێمە هەندێک ڕۆژی باش و ڕۆژی خراپمان هەیە، ئەو پەل و پۆهاویشتنە هەڵسوكەوت و بارودۆخی ئێمە دەگۆڕێت، لەمڕۆدا بەشێک لە هاوسەرگیريیەکان بە جیابوونەوە کۆتایي دێت، ئەمەش کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر خێزان و منداڵ هەیە، توێژەرانی دەروونی پێیانوایە کە جیابوونەوە کاریگەری لەسەر دەروون و هەستی تاکەکەس هەیەو بەرەو بارودۆخێکی شڵەژاو و نائارامی دەبات.

ڕێژەی جیابوونەوە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا ڕۆژانە لە هەڵکشاندایە بەپێچەوانەوە ڕێژەی هاوسەرگیری ڕووی لە کەمی کردووە، ئەمەش سەرەتایەکە بۆ هەڵوەشانەوەی خێزان لە کوردستاندا، زۆربەی جیابوونەوەکانیش بەهۆی نەگونجان لەگەڵ یەکتری و خیانەتی هاوژینی و دەستێوەردانی خێزانی هەردوو بنەماڵهو ساردی پەیوەندی سێکسی و خراپی بەکارهێنانی ئامێرەکانی تەکنۆڵۆژیا ڕوودەدەن.

زۆرینەی جیابوونەوەکانیش لەنێوان تەمەنی 15 بۆ 22 ساڵی ڕوودەدەن. زۆرینەی کوڕان و کچانیش بۆ تێرکردنی حەزە سێکسیيەکان لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیری دەکەن، کاتێکیش دەکەونە ئەو قۆناغی ژیانە ناتوانن بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن هەربۆیە پەشیمان دەبنەوەو جیادەبنەوە.

هۆکارێکی تر لە جیابوونەوە ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسی هەرێم و خراپی دۆخی ئابووری و کێشەی دارایی و گرفتی نیشتەجێبوونه، هەروەها دەمەقاڵێ و نەمانی گیانی متمانە لەنێوان هاوسەران و قبوڵنەکردنی بۆچوونی یەکتريیە. ژیانی هاوسەرداریش لە ئێستادا ئەو پیرۆزیيەی نەماوە کە لە ساڵانی ڕابردوو هەیبوو. هەرچەندە قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی هەلی کار کاریگەری لەسەر ڕێژەی جیابوونەوە هەیە، بەڵام هێشتا ناگاتە ئاستی کاریگەریيەکانی مۆبایل و تەکنۆلۆژیاو سەرەنجام جیابوونەوە. ئەمەش لێکەوتەی خراپی دەبێت، چونکە کاتێک ژن و پياوێك جيادەبنەوە شیرازەی خێزان تێکدەچێت و منداڵان پەرتەوازە دەبن لەنێوان دوو خێزان.

لە حاڵەتی جیابوونەوەی دایک و باوک منداڵ قوربانی یەکەمی جیابوونەوەیە، لەسەر دایک و باوک پێویسته دوای جیابوونەوەش ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانیان لەئەستۆ بگرن، چونکە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دەروونی منداڵ دەبێت. بۆ ئەوەی لە ئایندەدا کاریگەری لەسەر کەسایەتی منداڵ دروستنەکات، منداڵ بەگشتی لە جیهاندا بە پلەی یەکەم قوربانی گرفتەکانی خێزانین، بوونی کێشەی خێزانی وادەکات منداڵ لە ژینگەیەکی پڕ لە کێشەو فشاری دەروونی نەرێنیدا بژی. کاتێکیش جیادەبنەوە لە سۆزی دایک یان باوکیان دووردەبن، بۆیە لە داهاتوودا ئەگەری هەیە منداڵێکی ناتەندروست دەربچێت.

کاتێکیش گەورە دەبن دڵڕەقانە ڕەفتار دەکەن و کەسایەتیەکی ئاڵۆزیان دەبێت. بۆیە پێویستە دایک و باوکان بەوریایيەوە مامەڵەو هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن، چونکە وەک پێویست ناتوانن لە هەموو ئەوانە تێبگەن کە ڕوودەدەن، چونکە ژیانێکی دوور لە سۆزی خێزانی چاوەڕێیان دەکات. ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیان و هەلومەرجی داهاتووی منداڵ دەبێت، پێویستە دایک و باوک بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەریانە خۆیان بەدوور بگرن لە خستنەڕووی بابەتی جیابوونەوە بە بەرچاوی منداڵەکانیان کاتێک لەگەڵ کەسێکی تر گفتوگۆ دەکەن، چونکە دووچاری ڕەشبینی دەبێتەوە، وێنای جیهانێکی ڕەش لەڕووی پەیوەندیيە سۆزداریيەکان لە دەروونی خۆیدا دروستدەکات. دەبێت دایک و باوکان وەک دوو هاوڕێ مامەڵە لەگەڵ یەکتریدا بکەن، بۆ ئەوەی تێبگەن کە جیابوونەوە دوو کەس دۆخێکی ئاسایيەو مانای کۆتاییهاتنی یەکجاری پەیوەندیيەکان نییە.

ئەگەر ناپاکی هاوسەرگیری هۆکاری جیابوونەوە بێت، پێویسته ئەو پرسە بە نهێنی لەنێوان دایک و باوک بمێنێتەوە بە وریايی مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، بە بەرچاوی منداڵەکانیان باسی ئەو پرسە نەکرێت.

لە ئەنجامی جیابوونەوەی هاوسەران منداڵان توشی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، هەندێکجار دەگاتە نەخۆشی و ئاستەنگ لە دروستکردنی پەیوەندی یان ژیان لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر لەڕووی سۆزداريیەوە. هەروەها لەڕووی خوێندن، ئەو منداڵانەی لەناو خێزانێکی پڕکێشەو بێ متمانەدان بە بەراورد بەو منداڵانەی لەناو خێزانێکی بەختەوەرو سەقامگیردان ئاستی ئەکادیمی و خوێندنیان ڕوو لە لاوازی دەکات، بە شێوەیەک لەوانەیە ببێتە هۆی دەستهەڵگرتن لە خوێندن و لادان و لەدەستدانی تواناو کارامەی خوێندن و توشبوون بە ئەنجامدانی تاوان. بۆیە پێویستە زۆر هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ منداڵ بکرێت تا دەگاتە تەمەنێک خۆی بتوانێت بەرپرسیارێتی ژیانی هەڵبگرێت.

ئامادەکردنی: چنار عەزیز
خاك - كوردستانی نوێ




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved