چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "سلێمانی" به دروشمی "شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی" له رۆژانی 9 تا 15ی ره‌زبه‌ری 1398ی هه‌تاوی له شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت. به‌پێی راپۆڕتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "سلێمانی"، چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "سلێمانی" Slemani له‌لایه‌ن كۆمپانیای سینه‌مایی "مه‌ستی فیلم" به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی "فوئاد جه‌لال"، به سه‌رۆكایه‌تی "مه‌لا به‌ختیار" به‌رپرسی به‌شی پاڵپشتی ئه‌م فێستیڤاڵه‌و له كه‌سایه‌تییه‌كانی به‌رجه‌سته‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری "دانه‌ر عومه‌ر فارس" و به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رنامه‌داڕشتنی خاتوو "لینا ره‌زا" و به نمایشكردنی فیلمه‌كانی ده‌رهێنه‌ره‌كانی 50 وڵاتی جیهان؛ پێكهاتوو له به‌رهه‌مه‌كانی ساڵانی 2018 و 2019ی زایینی له دوو به‌شی ركابه‌ری سه‌ره‌كی "سینه‌مای جیهان" (نێونه‌ته‌وه‌یی) كه بریتییه له؛ به‌رهه‌مه‌كانی درێژی سینه‌مایی و كورته فیلم، به‌ڵگه‌فیلم، ئه‌نیمه‌یشێن و ئه‌زموونی و به‌شی ركابه‌ریی "سینه‌مای كوردی" (نه‌ته‌وه‌یی) كه بریتییه له؛ به‌رهه‌مه‌كانی درێژی سینه‌مایی و كورته فیلم، به‌ڵگه‌فیلم، ئه‌نیمه‌یشێن و ئه‌زموونی و هه‌روه‌ها سازدانی وۆركشۆپه‌كانی پسپۆڕانه‌ی سینه‌مایی و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی هاوبه‌ش؛ به دروشمی "شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی" له رۆژانی 9 تا 15ی ره‌زبه‌ری 1398ی هه‌تاوی رێكه‌وتی 1 تا 7ی ئوكتۆبه‌ری 2019ی زایینی له 5 هۆڵی "سیتی سینه‌ما"، "سینه‌ما سالم"، هۆڵی "ئه‌منه سووره‌كه" و هه‌روه‌ها له ته‌لاری "هونه‌ر" له شاری سلێمانی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری هه‌رێمی كوردستانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت. به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی سینه‌ماكارانی ناوخۆیی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سینه‌مایی "مه‌لا به‌ختیار" سه‌رۆكی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "سلێمانی" له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی چواره‌مین خولی ئه‌م فێستیڤاڵه كه له هۆتێل "رامادا"ی شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو، وتی: به‌خته‌وه‌رانه شانمان وه‌ربه‌رداو فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "سلێمانی" گه‌یاندمان به چواره‌مین خولی خۆی؛ هیوا ده‌خوازم به راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م خوله له فیستیڤاڵ، به چوار ساڵ په‌یمانی خۆمان هێنابێته‌دی. له یه‌كه‌مین خولدا، وتبووم كه تا شه‌شه‌مین خولی هاوڕێی دۆستانی فیستیڤاڵه‌كه ده‌بم، ئه‌وكاته كه ئه‌و رسته‌یه‌م وت، به‌شێك له خه‌ڵكی ئه‌وه‌یان به نامومكین ده‌زانی. به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌زموونی كه‌م له به‌ڕێوه‌بردنی یه‌ك فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی سینه‌مایی له‌م ئاسته‌دا؛ به‌ڵام كۆمپانیای سینه‌مایی "مه‌ستی فیلم" تائێستا ئه‌م ئه‌ركه گرنگه‌ی به باشی ئه‌نجامداوه‌و به هاوڕێیه‌تی یه‌كتری، ئه‌مه‌مان به چواره‌مین خولی گه‌یاندووه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: به‌ڵام فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "سلێمانی" به له‌به‌رچاوگرتنی ته‌مه‌نی كه‌می خۆی، زۆر زوو، بووه خۆشه‌ویستی لایه‌نگرانی سینه‌ماو متمانه‌ی سینه‌ماكارانی ناوخۆیی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سینه‌مایی به‌ده‌ستهێناو بووه هۆی هاندانی ئه‌ندامانی كارگێڕ‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌م فیستیڤاڵه له خوله‌كانی داهاتوویدا. له به‌ڕێوه‌چوونی چواره‌مین خولی فیستیڤاڵدا، ئه‌زموونی سێ خولمان هه‌یه؛ له لایه‌نی ماڵییه‌وه كێشه‌و گرفتێكی كه‌مترمان هه‌یه‌و چه‌ندین مانگه كه بوودجه‌ی ئه‌م خوله‌شمان دابینكردووه‌و له لایه‌نی په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ فیستیڤاڵه‌كانی بیانی، سینه‌ماكاران و هه‌روه‌ها به‌شداریكردنی به‌رهه‌م گه‌لی دیاری سینه‌مای جیهان له ئاستێكی باشداین. چواره‌مین خولی فیستیڤاڵ، له‌گه‌ڵ سێ خولی رابردووی جیاواز ده‌بێت سه‌رۆكی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "سلێمانی" له درێژه‌ی قسه‌كانی خۆیدا رایگه‌یاند: هه‌ر به‌م هۆیه، چاوه‌ڕوانبن كه چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی له‌گه‌ڵ سێ خولی پێشووی خۆی جیاواز ده‌بێت و ئه‌گه‌ر ره‌خنه، بیروبۆچوون و یان پێشنیارێك سه‌باره‌ت به سێ خولی رابردووی فیستیڤاڵ هه‌بووبێت، بێگومان له‌به‌رچاو گیراوه. فیستیڤاڵ یه‌كێكه له ناوه‌نده‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندن و ركابه‌ری "مه‌لا به‌ختیار" سه‌باره‌ت به پێویستی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "سلێمانی" وتی: كاتێك كه سینه‌ما له‌دایكبوو، بێگومان فه‌رهه‌نگ و كلتووری سینه‌ما له سه‌ره‌تادا له دونیا بوونی نه‌بووه، ورده ورده سینه‌ما خۆی سه‌قامگیر ده‌كات و وه‌كو هونه‌ری حه‌وته‌م، توانی هونه‌ره‌كانی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ خۆی بكاته هاوڕێ و كه‌شێكی نوێ له دونیادا‌و به‌تایبه‌ت له رۆژئاوا بێنێته‌دی. سینه‌ما له‌دوای ئه‌وه توانی كه‌شوهه‌وایه‌كی تازه له دونیای هونه‌رو هێژمۆنییه‌كی نوێ له دونیای هونه‌ر بێنێته‌دی. ئه‌م رابردووه‌و ئه‌م هێژمۆنییه له دونیای سینه‌مادا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه فیستیڤاڵ، ببێته یه‌كێك له ناوه‌نده‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندن و ركابه‌ری كردن. فیستیڤاڵه‌كان شوێنێكن بۆ وروژاندن و هاندانی هونه‌رمه‌ندان و ته‌شه‌نه‌كردنی هونه‌ری سینه‌ما وه‌كو كلتوورێكی نوێ له‌سه‌ر هه‌موو خه‌ڵكی جیهان. به‌مپێیه فیستیڤاڵه‌كان وێڕای به‌رهه‌مهێنان و سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی سینه‌ما، له ڕاهێنانی نه‌وه‌ی نوێی سینه‌ماكاران و ئاڵوگۆڕی ئه‌زموونه‌كان ده‌ستێكی باڵایان هه‌یه‌و ئه‌م ئه‌ركه گرنگه، رێگای فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "سلێمانی" كردۆته‌وه. به‌و هیوایه‌م سلێمانی پایته‌ختێك بێت كه هه‌موو خه‌ڵكی شانازی پێبكه‌ن "مه‌لا به‌ختیار" له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا وتی: به هه‌موو هاوكارانی دڵسۆزم له فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "سلێمانی" ماندوونه‌بوونی ده‌ڵێم و ده‌ستخۆشیان لێده‌كه‌م، هیواده‌خوازم شاری سلێمانی، نه ته‌نیا له سینه‌مادا به‌ڵكو له بواره‌كانی دیكه‌شدا، به‌راستی پایته‌ختی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر بێت و پایته‌ختێك بێت كه هه‌موو خه‌ڵكی شانازی پێبكه‌ن. نمایشكردنی براوه‌ی فیستیڤاڵه‌كانی كان، به‌رڵیناله‌و ڤێنیز له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م كۆنگه‌ره‌ی رۆژانه‌مه‌وانییه‌دا "لینا ره‌زا" به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌داڕشتنی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی وتی: ئه‌م خوله‌ی فیستیڤاڵ، جیاوازتر له ساڵانی رابردوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت و هه‌ر به‌مهۆیه گۆڕانكاریمان له به‌رنامه‌ی فیستیڤاڵدا هێناوه‌ته ئاراوه، ئه‌مساڵ له‌سه‌ر ئه‌و كۆمانیا نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی بڵاوكه‌ره‌وه‌ی فیلم كه به‌رهه‌مه دیار‌و تایبه‌ته‌كانی سینه‌ما له دونیادا په‌خش و بڵاوده‌كه‌نه‌وه، وردبوونه‌وه‌یه‌كی زۆرمان كردووه. بۆ وێنه، ئه‌و فیلمانه‌ی كه له فیستیڤاڵه‌كانی دیاری جیهانی له‌وانه؛ كان، به‌رڵیناله، ڤێنیزو هتد خه‌ڵاته پڕبایخه‌كانیان به‌ده‌ستهێناوه، له‌م رێگایه‌وه بۆ فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی بانگهێشتمان كردوون كه ئه‌م به‌رهه‌مانه، به ئاماده‌بوونی نوێنه‌ره‌كانیان له فیستیڤاڵدا نمایشده‌كرێن. په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ فیستیڤاڵه پڕبایخه‌كانی جیهانی "لینا ره‌زا" هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: ساڵی رابردوو له كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ی پیشه‌یی و پسپۆڕانه‌ی نوێنه‌رانی فیستیڤاڵه‌كانی جیهانی له‌وانه؛ كراكۆف، تامپره، ئاتلانتا، زاگرێب، فه‌جر، ریۆدۆژانیرۆو هتد سه‌باره‌ت به ئه‌زموونه‌كانی خۆیان له به‌ڕێوه‌بردنی فیستیڤاڵ، چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان له سێهه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی به‌ڕێوه‌بردو هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌وان ئه‌مه بوو كه فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی ده‌بێت ببێته یه‌كێك له فیستیڤاڵه‌كانی پله یه‌كی جیهان به‌تایبه‌ت له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وای له ئێمه كرد كه ئه‌م خوله به جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌كی زۆرتر له‌سه‌ر لایه‌نی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌و و په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ فیستیڤاڵه‌كانی پڕبایه‌خی جیهانی به‌ڕێوه‌ببه‌ین. "شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی" دروشمی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌داڕشتنی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی به ئاماژه‌دان به "شێرپه‌نجه‌ی زه‌وی" دروشمی ئه‌م خوله‌ی فیستیڤاڵه‌كه وتی: له‌م بواره‌دا، به‌پێی بڕیاری به‌رپرسانی فیستیڤاڵ، وێڕای په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی جیهانی "سینه‌ما بۆ ئاشتی" Cinema for Peace وه‌كو دامه‌زراوه‌ی ئاراسته‌كردنی به‌رهه‌مگه‌لی په‌یوه‌ندیدار به بابه‌ته‌كانی پێكه‌وه‌ژیان، ژینگه‌و بابه‌ته‌كانی جیهانی، بڕیاروایه به‌رهه‌مه هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌م ناوه‌نده‌ش له فیستیڤاڵدا نمایشبكه‌ین. هه‌ڵبژاردنی 150 فیلم له 50 وڵاتی جیهان "لینا ره‌زا" له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا وتی: له دوای راگه‌یاندنی بانگه‌وازی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی له سه‌ره‌تای مانگی مه‌ی زایینی و دیاریكردنی ماوه‌ی دوو مانگه، نزیكه‌ی 5 هه‌زار فیلم له رێگای ماڵپه‌ڕی فیستیڤاڵ نێردراوه كه له‌دوای دووباره بینینه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی له‌لایه‌ن مامۆستایانی به‌ئه‌زموون و پسپۆڕ، به رێژه‌ی 150 فیلم له چوارچێوه‌ی فیلمه‌كانی درێژی سینه‌مایی، كورته فیلمه‌كان، به‌ڵگه‌فیلم و ئه‌نیمه‌یشێن له 50 وڵاتی جۆراوجۆری جیهان بۆ نمایشكردن و كێبڕكێ هه‌ڵبژێردراون. گرنگیدانی تایبه‌ت به فیلمه كوردییه‌كان به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه داڕشتنی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی له كۆتایی قسه‌كانیدا جه‌ختیكرده‌وه: ئێمه هه‌میشه گرنگییه‌كی تایبه‌تمان به فیلمه كوردییه‌كان داوه؛ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه له‌م رێگایه‌وه ده‌مانه‌وێت پێناسه‌و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان به دونیا بناسێنین. هه‌ر به‌م هۆیه ئه‌مساڵ فیلمه كوردییه‌كان له ئاستێكی شیاو و باشدان و هه‌روه‌ها بڵاوكه‌ره‌وه‌كانی دیاری نێونه‌ته‌وه‌ییمان بانگهێشت كردووه بۆ ئه‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ چیرۆكه كوردییه‌كان ئاشنابن و له داهاتوودا بتوانن له ئاستی جیهانی له‌م بواره‌دا، به‌رهه‌م گه‌لێك ئاماده‌بكه‌ن. له ئه‌زموونی خوله‌كانی رابردوو كه‌ڵك وه‌رده‌گرین له درێژه‌ی ئه‌م كۆنگره‌یه‌دا، "فوئاد جه‌لال" ده‌بیرو به‌رپرسی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی وتی: سوپاسی هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی سیاسه‌ت داڕشتن بۆ به‌ڕێوه‌چوونی سێ خولی رابردووی فیستیڤاڵ ده‌كه‌م، بێگومان له ئه‌زموونی خوله‌كانی رابردوو كه‌ڵك وه‌رده‌گرین. ئه‌م خوله‌ی فیستیڤاڵه‌كه، به نمایشكردنی فیلمه‌كانی ده‌رهێنه‌رانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له رۆژانی 9 تا 15ی ره‌زبه‌ری 1398ی هه‌تاوی رێكه‌وتی 1 تا 7ی ئوكتۆبه‌ری 2019ی زایینی له 5 هۆڵی "سیتی سینه‌ما"، "سینه‌ما سالم"، هۆڵی "ئه‌منه سووره‌كه" و هه‌روه‌ها رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌و كۆتایی فیستیڤاڵ له ته‌لاری "هونه‌ر" له شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت. دیدار له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ره‌كان و ئه‌كته‌ره باشه‌كانی وڵاته جۆراوجۆره‌كان ده‌بیری ئه‌م فێستیڤاڵه هه‌روه‌ها وتی: ئه‌مساڵ به رێژه‌ی 25 له‌سه‌دی بودجه‌ی فیستیڤاڵ سه‌باره‌ت به ساڵی رابردوو، كه‌متربۆته‌وه، به‌ڵام به به‌رنامه داڕشتنێكی ورد‌و بنه‌ڕه‌تی به هاوڕێیه‌تی هاوكارانم له‌م خوله‌دا، فیستیڤاڵێكی جیاوازتر به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین و بۆ ئه‌م ئه‌ركه گرنگه، به‌ڕێوه‌به‌رانی فیستیڤاڵ، له درێژه‌ی مانگه‌كانی رابردوودا بۆ وڵاتانی جۆراوجۆر سه‌فه‌ریان كردووه‌و فیستیڤاڵێكی زۆریان له‌نزیكه‌وه بینیوه‌و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌ره‌كان و ئه‌كته‌ره باشه‌كان دیدار‌و چاوپێكه‌وتنمان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی كه له فیستیڤاڵدا ئاماده‌بن. به‌وهیوایه‌م كه شاری سلێمانی یه‌ك جاری دیكه هونه‌رمه‌ندانی وڵاتانی جۆراوجۆره بگرێته باوه‌ش. دڵنیام كه فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی ده‌كه‌ینه یه‌كێك له فیستیڤاڵه هه‌ره گرنگه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا؛ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه له‌م رێگایه‌دا، هه‌وڵێكی زۆرمان داوه هه‌تا ئه‌م فیستیڤاڵه به شێوه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ڕێوه‌ببه‌ین. ئاماده‌بوونی به‌رهه‌مه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كانی 50 وڵاتی جیهان "فوئاد جه‌لال" ده‌بیرو به‌رپرسی فیستیڤاڵ له كۆتایی قسه‌كانیدا رایگه‌یاند: له ئه‌نجامی ئه‌م دیدارانه نزیكه‌ی 50 وڵاتی جیهان، له‌وانه؛ ئه‌ڵمانیا، فه‌ڕه‌نسا، ئێران، لوبنان، توركیا، عێراق، مه‌راكیش، وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپی به به‌رهه‌مه‌كانیان له چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی ئاماده ده‌بن و چه‌ندین كه‌سایه‌تی له‌م وڵاتانه‌وه له فیستیڤاڵه‌كه‌دا به‌شداری ده‌كه‌ن. له درێژه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی فیستیڤاڵه‌كه‌دا و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی چۆنایه‌تی ئه‌م فیستیڤاڵه له هونه‌رمه‌ندان و سینه‌ماكارانی ناودار بۆ به‌شداریكردن له‌م رووداوه سینه‌ماییه‌دا بانگهێشتنمان كردووه‌و هیوا ده‌خوازم كه فیستیڤاڵی ئه‌مساڵ له ئاست و راده‌و ئه‌ندازه‌ی فیستیڤاڵێكی جیهانیدا به‌ڕێوه‌بچێت. به‌رهه‌مهێنانی پێنج فیلمی سینه‌مایی به سه‌رمایه‌دانانی فیستیڤاڵ له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌م كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانییه "دانه‌ر عومه‌ر فارس" به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی وتی: سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراسته‌ی هه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌م كه تا ئه‌مساته له ته‌نیشت ئێمه‌دا بوونه. له درێژه‌ی خوله‌كانی رابردووی فیستیڤاڵدا، هه‌وڵمانداوه بۆ ئه‌وه‌ی كه بوار بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلم بڕه‌خسێنین و له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی فیلم و به‌هێزتركردنی سینه‌مای كوردستان پێداگری ده‌كه‌ین؛ له ماوه‌ی سێ خولی رابردوودا، چاوه‌ر‌ی به‌رهه‌مهێنانی 5 فیلمی سینه‌مایی سه‌ركه‌وتوو به سه‌رمایه‌دانانی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی بووینه كه ئه‌مه خۆی ده‌توانێت دروستكه‌ری بواری بیچم گرتنی ته‌وژمێك له به‌رهه‌مهێنانه‌كانی هونه‌ری و سینه‌مایی بێت كه له‌راستیدا، یه‌كێك له خاڵه تایبه‌ت و گرنگه‌كانی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م فیلم و به‌رهه‌مه سینه‌ماییانه‌یه. ئه‌م فیلمانه به به‌رهه‌می خۆمان ده‌زانین؛ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئێمه ئه‌م به‌ستێنه‌مان بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌وانه پێكهێناوه. له هه‌رێمی كوردستان به‌ستێنی به‌رهه‌مهێنانی فیلممان پێكهێناوه به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی هه‌روه‌ها وتی: سه‌رنجبده‌ن كه له درێژایی ئه‌م ساڵانه‌دا چ فیلم گه‌لێك له فیستیڤاڵدا ئاماده‌بوونه‌و ئه‌مه نیشانده‌دات كه به ئامانج و مه‌به‌ستی خۆمان گه‌یشتووین، ئێمه له هه‌رێمی كوردستان ئه‌م به‌ستێنه‌مان پێكهێنا بۆ ئه‌وه‌ی كه لێره فیلم بێته به‌رهه‌م. به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌مجۆره رووداوه هونه‌رییانه ته‌نیا پێشكه‌شكردنی خه‌ڵات، كردنه‌وه‌و سازدانی شۆو نمایشكردنی فیلمه‌كان نیه. ئێستاكه سینه‌ماكارانی پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان هاتوون بۆ سلێمانی و لێره خه‌ریكی وێنه‌گرتنی به‌رهه‌مه‌كانی خۆیانن. له‌راستیدا، ئێمه له رێگای ئه‌م فیستیڤاڵه‌وه، توانیومانه سه‌رنجی میوانانی بیانی بۆ لای خۆمان رابكێشین بۆ ئه‌وه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستان و له شاری سلێمانی فیلمه‌كانی خۆیان بێننه به‌رهه‌م. دیمه‌ن و لۆكه‌یشێنی سلێمانی بۆ وێنه‌گرتنی فیلم شیاوه "دانه‌ر عومه‌ر فارس" له درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: دیمه‌ن و ئه‌تمۆسفه‌رو لۆكه‌یشێنی هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌ت سلێمانی بۆ وێنه‌گرتنی فیلم و چێكردنی فیلم زۆرباش و شیاوه‌و هه‌ر به‌م هۆیه، له ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا ده‌سته‌یه‌ك له وڵاتی به‌ریتانیا هاتن بۆ سلێمانی و بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلمه‌كه‌یان دوو ملیۆن دۆلاریان لێره خه‌رجكردووه. هه‌روه‌ها له مانگی رابردوودا له به‌رهه‌مهێنانی پڕۆژه‌یه‌كی سینه‌مایی كه له شاری دهۆك خه‌ریكه وێنه‌ی ده‌گیرێت؛ هاوبه‌شیمان كردووه‌و هه‌روه‌ها له دوای ته‌واوبوونی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی، ده‌ست به وێنه‌گرتنی فیلمی نوێترین به‌رهه‌می سینه‌مایی "شه‌وكه‌ت ئه‌مین" ده‌كه‌ین. سینه‌ما زمانێكی جیهانییه به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی له كۆتایی قسه‌كانیدا رایگه‌یاند: نابێت به ده‌مارگرژی ره‌گه‌زی و چین و توێژه‌كان ده‌روازه‌كانی جیهانی سینه‌ما له‌سه‌ر رووی خۆمان دابخه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه فیلم و سینه‌ما زیاتر له‌وه‌ی كه بابه‌تێكی خۆماڵی و ناو‌چه‌یی بن، خاوه‌نی زمانێكی جیهانین و ئێمه به بینین و په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ سینه‌مای دراوسێیه‌كان و به‌تایبه‌ت ئێران، توركیا‌و وڵاتانی دیكه‌ی دونیا به ئاگاداربوون له ره‌وتی جیهانی به‌رهه‌مهێنان و نمایشكردنی فیلم، ده‌توانین به پێوه‌ره گرنگ و پڕبایخه‌كان بۆ گه‌شه‌كردن و په‌ره‌سه‌ندن و به‌رهه‌مهێنانی فیلم و به‌رهه‌مگه‌لی سینه‌مایی له هه‌رێمی كوردستان بگه‌ین. پێشكه‌شكردنی ته‌ندیس به كۆمپانیاكان و به‌شكۆی كه‌رتی تایبه‌ت له درێژه‌ی ئه‌م رێوڕه‌سمه‌دا، له‌به‌ر پێ‌زانین و رێزگرتن و به پێشكه‌شكردنی چه‌ندین ته‌ندیسی تایبه‌ت، له ژماره‌یه‌ك له كۆمپانیاكان، كه‌سایه‌تییه به‌رجه‌سته‌كان و چه‌ندین به‌شكۆی كه‌رتی تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه له خوله‌كانی رابردووی ئه‌م فیستیڤاڵه‌دا، به پشتگیری و هه‌وڵی خۆیان یارمه‌تیده‌ری به‌رپرسانی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "سلێمانی" له به‌رێوه‌چوونی ئه‌م رووداوه سینه‌ماییه‌دا بوونه؛ رێزگیرا. ركابه‌ری بۆ به‌ده‌ستهێنانی 14 ته‌ندیسی زێڕینی "كاجی زێڕین" له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "سلێمانی" 14 خه‌ڵاتی ته‌ندیسی زێڕینی "كاجی زێڕین" و خه‌ڵاتی پاره‌ی نه‌غدی كه بریتییه له به‌شی ركابه‌ری فیلمه درێژه‌كانی "سینه‌مای جیهان" و "سینه‌مای كوردی"؛ به باشترین فیلمی نێونه‌ته‌وه‌یی، باشترین ده‌رهێنان، باشترین ده‌قی سیناریۆی فیلم، باشترین وێنه‌گرتنی فیلم، باشترین كورته فیلمی نێونه‌ته‌وه‌یی و خه‌ڵاتی تایبه‌تی ده‌سته‌ی ناوبژیوان به هه‌ڵبژێردراوان پێشكه‌شده‌كرێت و هه‌روه‌ها له به‌شی ركابه‌ری كورته فیلمه‌كانی "سینه‌مای جیهان" و "سینه‌مای كوردی" خه‌ڵاته‌كانی باشترین فیلمی نه‌ته‌وه‌یی، باشترین ده‌رهێنان، باشترین ده‌قی سیناریۆی فیلم، باشترین فیلمی به‌ڵگه‌یی، باشترین كورته فیلمی نه‌ته‌وه‌یی و خه‌ڵاتی تایبه‌تی ده‌سته‌ی ناوبژیوان به براوه‌كانی ئه‌م فیستیڤاڵه پێشكه‌شده‌كرێت و 4 خه‌ڵاتی تایبه‌ت له‌لایه‌ن كۆمپانیای سینه‌مایی "مه‌ستی فیلم" پێشكه‌شده‌كرێت. پێشكه‌شكردنی خه‌ڵاتی كۆچكردووی هه‌رده‌م له‌یاد "ته‌ها كه‌ریمی" هه‌روه‌ها له‌م خوله‌ی فیستیڤاڵه‌كه‌دا، خه‌ڵاتی "ته‌ها كه‌ریمی" سینه‌ماكاری كۆچكردووی ئێرانی كه رۆژی 8ی جۆزه‌ردانی 1392ی هه‌تاوی به‌هۆی رووداوی كاره‌ساتی پێكدادانی ترۆمبێل له شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد؛ له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و خوالێخۆشبووه به باشترین سینه‌ماكار پێشكه‌شده‌كرێت. خاك - به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتی چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی سلێمانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure