27/9/2019 10:27 PM

دەبێت پزیشکان ڕاهێنانەکانى بۆردى پزیشکى ببینن

وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئەندامانى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکانى ڕاسپارد کاربکەن بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى بۆ تۆمارکردن و دۆکیۆمێنتکردنى داتاکانى نەخۆش و بەکارهێنانى بۆ توێژینەوەى زانستى و داڕشتنى سیاسەتى گەشەپێدانى خزمەتگوزارى تەندروستى.

د.ئارام محمد قادر سەردانى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکانى لە شارى هەولێر کردو لەلایەن سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنەکە پێشوازیکراو لە کۆبونەوەیەکیشدا بە ئامادەبوونى ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت باس لە پێشخستنى ئاستى کارەکانى ئەنجومەنەکەو چارەسەرکردنى کێشەو کەموکوڕییەکانیان کرا.

لە سەرەتاى کۆبونەوەکەدا د.سەلیم زەنگەنە سەرۆکى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان لە وتەیەکدا بەرچاوڕو,نى لەبارەى کارەکانى ئەنجومەن و جۆرى پسپۆڕى و ئەرکەکانى ئەنجومەن لەبوارى پزیشکى و سێنتەرو ژمارەى دەرچو,ان پێشکەشکرد، هەروەک چەند پێشنیازێکیشى بۆ پێشخستنى ئاستى کارەکانى ئەنجومەن و کێشەو کەموکوڕییەکان خستەڕ,و.

لە بەرامبەردا د.ئارام محمد لە وتەیەکدا خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بۆ سەردانى ئەنجومەنەکەو ڕایگەیاند: ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسیۆڕییە پزیشکییەکان دەزگایەکى نیشمانى گرنگە بۆ ڕاهێنانى پزیشکانى هەرێمى کوردستان و پێشخستنى ئاستى تەندروستى لە وڵاتەکەماندا، بۆ ئەمەش سوپاسى هەموو ئەو کەس و لایەنانەى کرد کە هاوکارو پاڵپشت بوون بۆ سەرکەوتنى کارەکانى ئەنجومەن بەتایبەت سەرۆکى پێشووى ئەنجومەن.

وتیشى: ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان جێگەى گرنگ و بایەخى وەزارەتەکەمانەو پاڵپشتى سەرکەوتنتان دەبین، بۆ ئەمەش وتى: هیوادارم بەرنامەکانتان بە شێوەیەک فراوان بکەن کە هیچ پزیشکێکى کوردستان نەمێنێت تا بە فلتەرو ڕاهێنانەکانى ئێوە تێپەڕنەبێت، بە شێوەیەک لەسەر ئاستى ناوچەکەو عێراقدا ئەنجومەنەکە ببێتە جێگەى گرنگى و بایەخى پزیشکان، بۆ ئەمەش ڕایگەیاند: وەک وەزارەت هاوکارو هەماهەنگى سەرەکیتان دەبین.

لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا بۆ ئەندامانى ئەنجومەن ڕايگەیاند: کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەروەک لە کارنامەکەیدا ئاماژەى پێکراوە پشتیوانى لە سێکتەرى خوێندنى باڵا دەکات، هەربۆیە ئەرکى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵایە کە کاربکەن بۆ پەرەپێدانى زیاترى کوالێتى خویندن و ڕاهێنان، ئێوەش ئەرکێکى گرنگتان لەئەستۆیە کە بریتيیە لە ڕاهێنان و ئامادەکردنى پزیشکانى پسپۆڕى وڵاتەکەمان، بۆیە زۆر گرنگە خوێندن و ڕاهێنان لە بۆردى کوردستانى لە ئاستێکى زانستى ستانداردا بێت، دەبێت سیستمى تۆکمەتان هەبێت بۆ چاودێریکردنى پرۆسەى خوێندن و ڕاهێنان و توێژینەوە، زۆر گرنگە کاربکەین بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى بۆ مەبەستى داڕشتنى سیستمێکى تۆکمە بۆ تۆمارکردن و دۆکیۆمێنتکردنى داتاکانى نەخۆش و پراکتیزەى پزیشکى ئەم داتایانە بەکاربهێنرێت بۆ توێژینەوەى زانستى و داڕشتنى سیاسەتى گەشەپێدانى خزمەتگوزارى تەندروستى.

لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا هەریەک لە سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەن بۆچوون و گرفت و  کەموکوڕییەکانیان خستەڕوو و بە پێشکەشکردنى چەند پێشنیارێک بۆ گەشەپێدانى کارەکانى ئەنجومەن پلانى چارەسەر بۆ بەشێک لە گرفتەکان دەستنیشان کران.

خاك - ڕاگەیاندنى وەزارەت





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved