27/9/2019 10:53 PM

مۆتێلێك دادەخرێت

لەلایەن لیژنەی سەلامەتی باڵەخانەكانی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت و بەهۆی پابەندنەبوون بە جێبەجێكردنی مەرجەكانی سەلامەتی، مۆتێل بەیان لە گەڕەكی رزگاری شاری سلێمانی دادەخرێت.

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەنراوێكیدا دەڵێت: یەكێك لەو مەرجانەی پێوستە لە سەرجەم تەلارو باڵەخانەكاندا جێبەجێبكرێت، دانانی سیستمی ئەلەرمی مەركەزییە، بۆ ئاگاداركردنەوەی ئەو كەسانەی لەناو باڵەخانەكاندان تا رێگری لە زیادبوونی رووداوە‌ نەخوازراوەكان بكات، بەڵام لە مۆتێل بەیان ئەو سیستمە لەكاركەوتووە.

‌ورونیشكراوەتەوە: هەبوونی ئامێری ئاگركوژێنەرەوەو بەردەوام نۆژەنكردنەوەی بۆئەوەی لەكاتی پێویست كاربكات، یەكێكی ترە لە مەرجەكانی سەلامەتی، لە مۆتێل بەیان لەگەڵ ئەوەی كەموكورتی لە سیستمەكەیدا هەیە لەهەمانكاتدا سۆندەی سیستمەكەش رزیووەو خاوەنەكەی نەیگۆڕیوە.  

ئەوەش خراوەتەڕوو: هەبوونی كەموكورتی لە پەیژەی رزگاربوون و هەبوونی بڕێكی زۆر خۆڵ و خاشاك لەناو تانكی سەربان بەهۆی دانەپۆشینیان و پیسبوونی ئاوی تانكییەكە، سەرپێچییەكەی تری مۆتێل بەیانە، ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانی ئەو كەس و میوانانە دروستدەكات لەو شوێنە دەمێننەوە، بۆیە بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی مۆتێل بەیان دادەخرێت تا ئەوكاتەی سەرجەم مەرجەكانی كاركردن و سەلامەتی لە شوێنەكەیدا جێبەجێ دەكات و خاوەنەكەشی روبەرووی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

لیژنەی سەلامەتی باڵەخانەكان، یەكێكە لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، رۆژانە سەردانی تەلارو باڵەخانەو ئەو شوێنانە دەكات كە پێویستە مەرجەكانی سەلامەتی تێدابێت، لەكاتی هەبوونی سەرپێچی شوێنەكە پابەندی چاككردنی كەموكورتيیەكان و خاوەنەكەشی روبەرووی رێكاری یاسایی دەكاتەوە. 

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved