28/9/2019 07:04 PM

دەمەتەقێیەكی ڕەخنەیی

    پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

 

پێگەی ڕەخنەی كوردی :

بەر لەهەموو شتێك با لەو پرسیارەوە دەست پێبكەین كە دەڵێت: بۆ چی پڕۆسەی ڕەخنە ،لای ئێمەی كورد،لەڕووی مێژووییەوە زۆر دواكەوت !زانیارییەكانی ئەدەبی بەراووردكاری ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن كە ئەدەبە نەتەوایەتییەكان بەشێوەیەكی گشتی سەرقاڵی دووشتی سەرەكین. یەكەمیان ،ململانێ ودژایەتی. دووەمیان،پەیوەندی و دروستبونی پردێكی ڕۆشنبیری و مەعریفی و فیكری لەنێوان ئەدەبە جیاوازەكاندا .گەر بڕوانینە ئەدەبی كوردی و دواتر بەراووردی بكەین لەگەڵ ئەدەبەكانی تردا ، ئەوا هەر زوو دەگەین بەو ئەنجامەی كە ئەدەبی كوردی خۆی لەململانێ و دژایەتیەكاندا نابینێتەوە ئەمەش دوای ئەوە دێت كەهەتا ئێستا دەقە ئەدەبییەكانمان ،بە هەچ هۆیەك بێت ، سنووری جوگرافیای خۆی تێنەپەڕاندوەو نەچۆتە نێو بازنەی ئەدەبی جیهانی یان ئەدەبە زلهێز وگەورەكان.واتە گەر ئەدەبی ئینگلیزی بەنموونەی "شكسپیر" و ئەدەبی عەرەبی بە نموونەی "هەزارو یەك شەوە " وەك دەقە سەركەوتووەكانی جیهان وەربگرین ئەوا ئێمەی كورد هاوشێوەی ئەو نموونانەمان نیە بەمەش ململانێكان كۆتایان پێدێت ئەمە لەكاتێدا ئەدەبی بەراووردكاری لە گۆشەیەكەوە بریتیە لە ململانێی ئەدەبە زلهێزەكان كەلەبنەرەِتدا خاوەن شارستانین .سەبارەت بە پەیوەندیەكانیشەوە ، ئەوا ئەدەبی كوردی هەر لە سەرەتای دەقە نووسراوەكانیەوە پەیوەندی توندو تۆڵی بە ئەدەبیاتی دەورووبەر كردووەو سودێكی گەورەی لەو ئەدەبانە بینیوە. هۆكاری ئەم پەیوەندیكردنە دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی ئەدەبێكی گونجاوی سەربەخۆ .كاریگەرییەكان فاكتەرێكی پۆزەتیڤە بۆ ئەم دروست بوونە، بەمەش دەقە باڵاكانی دەرەوە هەمیشە سەرچاوەیەكی گرنگی كەسێتی دەقە خۆماڵییە كوردییەكان بوون .قوتابخانەی فەڕەنسی بۆئەدەبی بەراووردكاری جەخت لەسەر لایەنێكی گرنگی ئەدەبی بەراووردكاری دەكات ئەویش پەیوەندییە  ئاڵوگۆڕییە ئەدەبییەكانە كەئەمە خۆی لە پەیوەندی ئەدەبە زلهێزەكان یان بچوكەكان لە نێو خۆیاندا دەبینێتەوە بەنموونەی ئەدەبی ئینگلیزی و فەڕەنسی یان عەرەبی و فارسی. بە مانایەكی تر ، هیچ ئاڵوگۆڕێكی ڕۆشنبیری و ئەدەبی و مەعریفی  لە نێوان ئەدەبی ئینگلیزی و ئەدەبی كوردیدا بەدی ناكرێت بەڵكو ئەدەبیاتی ئینگلیزی ئاشنایەتی لەگەڵ ئەدەبی كوردیدا نەبووە ،بەڵام ئەدەبی كوردی ،لەڕێی پەیوەندی و كاریگەرییەكانەوە ، ئاشنایەتی لەگەڵ ئەدەبی ئینگلیزیدا هەیە بەنموونەی دەقەكانی "گۆران" . بەمەش كاری ئاڵوگۆڕ شكست دەخوات ،بەڵكو ئەنجام نادرێت . لێرەدا ڕەخنەی ئەدەبی و بەراووردكاری دەتوانێت زانیارییە ووردە سیاقی و سەرچاوەییەكان ئاشكرا بكات كە ئەمە لە بەرژەوەندی دەقە خۆماڵیەكاندا نیە بەوپێیەی دەقە خۆماڵییەكان بەڕێژەیەكی بەرفراوان پەیوەندیان بە دەرەوەی خۆیان كردووەو سودیان لێ‌ بینیوە.واتە لەگەڵ ئەوەی ئەدەبی كوردی لەڕێگەی كاریگەرییە دەرەكییەكانەوە سوودێكی گەورەی لەچوونە دەرەوە بینیوە،كەئەمە مافێكی ڕۆشنبیری ومەعریفییە،بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا كارخانەیەكی ئەدەبی كاریگەری لەناوچەكە وجیهان دروست نەكرد.لێرەدا هۆكاری ئەمە بەپلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی چەمكی گەیاندن وگواستنەوەكان لەنێوان ئەدەبی كوردی ودەرەوەی ئەم ئەدەبە.كەرەستە گەیاندنییەكانیش گەرچی زۆرن بەڵام وەرگێڕانی دەقەكانمان بۆ سەر زمانە بێگانەكان، بەنزیك ودوورەوە، فاكتەرێكی ووزەبەخشە( ئەم مەسەلەیە،بەشێوە ووردەكارییەكەی جێدەهێڵین بۆ نووسینێكی تایبەتی سەربەخۆ).
لە گۆشەیەكی ترەوە، ئێمەی كورد هەر لەسەرەتای دەقی ئەدەبیمانەوە سەرقاڵی شتە عەفەیی و سۆزداری و ویژدانییەكان بووین كە شیعر،بۆ ئەم كارە، چاكترین ڕەگەز بوو ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ڕەخنە لە بنەڕەتدا پشت بەمانا عەقڵی و مەعریفی و لۆژیكییەكان دەبەستێت نەك عەفەوییەت.یونانی كۆن و ڕۆمانەكان ، دواتر عەرەبەكانیش بەكاریگەری ڕۆشنبیریەتی یۆنان و ڕۆمان ، خاوەن سەلیقەی لۆژیكی و ڕەخنەیی بوون.بۆ نموونە ، عەرەبەكانی پێش ئیسلام ، بەتایبەتی خودی شاعیرەكان ، لە هەوڵی دروستبوونی چەمكی ڕەخنەدا بوون ، گەرچی یاسایەكی دیاریكراو نەبوو تاكاری لەسەر بكەن ، بەڵام توانای دەستنیشان كردن و پۆلێن كردنیان هەبوو. دژایەتی خێڵایەتی لە نێوان هۆزەكاندا لەئەوپەڕی گرژیدا بوو ، بەڵام ئەمە رێگر نەبوو لەبەردەم پرۆسەی ڕەخنە و تاقیكردنەوە شیعرییەكان ،ساڵانە، وەك كارێكی ڤیستڤاڵی و تەنانەت ململانێی، شاعیران لە بازاری "عوكاز" لە مەككە كۆدەبونەوە و دەستیان دەكرد بە شیعر خوێندنەوە .دواتر بڕیاری لەسەر دەدرا. بەڵگەش بۆ ئەمە ، جوانترین و چاكترین نموونە بەئاوی ئاڵتوون دەنووسرا و هەڵدەواسرا بەسەر دیواری كەعبەدا كە پیرۆزترین مەڵبەند و جێگە بوو بۆ خێڵەكان . لەسەردەمی ئیسلامیشدا ڕەخنە زیاتر گەشەی كردووە پێی نایە قۆناغی ساغكردنەوە و هەڵسەنگاندن . لە چەرخی دوهەمی كۆچیشدا كاری هاوسەنگێتی لە نێوان شاعیراندا سەری هەڵدا . لە چەرخی سێهەمیش چەند كتێبێكی ڕەخنەیی بە دەركەوت وەك كتێبەكەی "ابن سلام الجمحی بە نێوی " گبقات فحول الشعرا‌و" وە كتێبە بە نرخەكەی "ابن قتیبە" بە نێوی " الشعر و الشعرا‌و" وە كتێبە بە نرخەكانی "الجاحڤ" بەناوی " البیان و التبین و الحیوان". لە چەرخی چوارەمیشدا چەندین كتێبی ڕەخنەیی تر بەدەركەوتن وەك كتێبەكەی " اڵامدی" بە نێوی"الموازنە بین ابی تمام و البحتری" وە كتێبی "القاچی الجرجانی " بە نێوی " الوساگە بین المتنبی و خصومه"وە كتێبە بە نرخەكەی "قدامە بن جعفر" بە نێوی" نقد الشعر" .هەروەها،لە چەرخی پێنجەمیش كتێبەكانی "ابن رشیق"  بە نێوی" العمدە فی محاسن الشعر وێ‌دابه و نقده" وە " عبدالقاهر الجرجانی " بە نێوی" دلائل الإعجاز" و "أسرار البلاغە".بەم شێوەیە عەرەبەكان لەپاڵ نووسینی  شیعردا هیچ ترسێكیان لە بونیادی ڕەخنە نەبوو، چونكە كۆمەڵگای عەرەبی، لەپاڵ مەسەلە سۆزداری و عەفەوییەكان،دەیانویست دەقەكانیان بەرهەمی تاقیكردنەوە لۆژیكی وعەقڵییەكان بێت وەك ئەوەی ئەو دەقانە بەبێ بونیادە ڕەخنەییە زانستییەكان گەشەی تەواو بەخۆیانەوە نابینن.گەر بێینە ڕەخنە لەئەدەبی كوردیدا ئەوا لە نیوەی سەدەی بیستمەوە بە دەركەوت، سەرەتاكەش بریتی بوو لە گەشتاندن و داڕشتنێك كە زیاتر جەختی لەسەر باسكردن و وەصفكردنی دەق و خاوەنەكانی دەكرد، ئەمە بۆ ئاستی تێكرای خەڵكی ئەو سەردەمە كارێكی پەسەند بوو .بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا كارەكە زیاتر هەوڵی گێرانەوەو پیاهەڵدانی لەخۆ گرتبوو. ڕەخنە گران ،بە نموونەی "سجادی" و "ڕەفیق حیلمی" خۆیان لە قەرەی ووردەكارییەكانی ناوەوەی دەق نەدەدا .بەمەش ڕەخنەكانیان گرنگی زیاتری دەدا بەدەرەوەی دەق وسیاقەكانی.جگە لەمەش،شێوازی ڕەخنەكانیان كاریگەری بەشێك لەڕەخنەگرانی عەرەبی هاوچەرخی پێوە دیاربوو بەنموونەی محمد مندور وحنا الفاخوری .بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا توانیان بەردی بناغەی ڕەخنە لەئەدەبیاتی كوردیدا دابمەزرێنن.ئەمڕۆش هەوڵێك هەیە بۆ چوونە نێو نەسەقی دەقەكان گەرچی زۆربەی هەرە زۆری كارە ڕەخنەییەكان مۆركێكی تێورە دەقاودەقییەكانیانی پێوە دیارە كەلەڕووی پراكتیكەوە یەكناگرنەوە.ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت كەهەوڵی نموونەیی نیە هاوشێوەی بەرهەمە ڕەخنەییە جیهانی وعەرەبییە نوێیەكان كەخوێنەرە بەئەزموونەكان دەتوانن دەستنیشانیان بكات.بەئاڕاستەیەكی جیاوازتر،عەفەوییەت لەبیركردنەوەكاندا هێشتا بەرۆكی تاكی كوردی بەرنەداوە بەوپێیەی كۆمەڵگاكە بەعەفەوییەت گۆش كراوە وڕاهێنانی جدی لەسەر بنەما عەقڵی وفەلسەفی ولۆژیكییەكان نەكردووە.لەلایەكی تریشەوە وونبون ونەبوونی بابەتیبوون لەنووسینە ڕەخنەییەكاندا هۆكارێكی كاریگەرە بۆ دەربازنەبوون لەچەمكی عەفەوییەت.هەر ئەمەش وایكردووە كەبازنەی ڕەخنە بەداخراوەیی بمێنێتەوە وگەشەی تەواو بەخۆیەوە نەبینێت چونكە:
یەكەم/ڕێژەی وەرگرتن لەدەرەوە لەئاستێكی زۆر گەورەدایە وڕێگر بووە لەبونیادی یەكەیەكی ڕەخنەیی سەربەخۆ كەئەمە بەدیوە نەتەوایەتییەكەیدا هەڕەشەیەكی مەترسیدارە لەسەر ئاستی بیركردنەوە بەوپێیەی زۆربەی بیركردنەوەكان هاوردەی دەرەوەن وتاكی كوردیش توانای لادانیان نیە كەئەمەیان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بوێری.ئەمەش جۆرێكە لەكۆیلایەتی ڕوشنبیری وفیكری كەتەواو كاریگەر دەبێت بەسەر داخراوەیی سنوورەكان.
دوهەم/ ترسە ڕەخنەییەكان.خاوەن دەقەكان ،لەزۆر حاڵەتدا ،ترسی ئەوەیان هەیە كە ڕەخنەگرەكان، بە تایبەتی ئەوانەی كە لەسەر ڕێبازە ڕەخنەییە تازەگەرایی ودوای تازەگەرایی كار دەكەن ،بابەتیانە دەستنیشانی كەم وكوڕی دەقەكانیان دەكەن.بەمەش ئەم جۆرە لەخاوەن دەق دەیانەوێت وەك پاڵەوانێك سەیر بكرێن وحەزیان بەوە نیە ڕەخنەگران بچنە نێو ووردەكارییەكانی نێو دەقەكانیان وئاماژە بەكەموكۆڕیی ولاوازییەكان بكەن.
سێهەم/ نەبوونی ڕۆشنبیریەكی تۆكمە و نموونەیی.كۆمەڵگای كوردی ،بەشێوە گشتییەكەی، زەلیلی دەستی نەخوێندنەوەیە كە ئەمە هۆكارە بۆ لە بارچوونی ئەزمونە مەعریفی و ڕۆشنبیرییە جیهانییەكان.بە مانایەكی قوڵتر ، خوێنەری نموونەیی لە ڕێگەی عەفەوییەت ونەخوێندنەوەی چڕوپڕ دروست نابێت.هەر لەبەر ئەمەشە،وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا،ڕاهێنانەكان زیاتر خۆیان لەبۆچوونە سەرپێییە عەفەوییەكاندا دەبینێتەوە كەلەڕووی پێكهاتە ڕەخنەییە نوێیەكانەوە  جێگەیان نابێتەوە.گەر كاری ڕەخنەیشمان بەم شێوەیە بونیاد بنرێت ئەوا گوتارە مەعریفییەكان بوونیان نامێنێت.خوڵقاندنی گوتاریش پێویستی بەهەوڵ وكۆششی خوێندنەوە چڕەكانە،بەدەرەكی وناوەكی.ئەمەش لەپێناو دامەزراندنی ستراتیژییەتی كاركردنە مەعریفییەتەكان. بەپێچەوانەوە گوتاریش بوونی نامێنێت.

  هەڵسەنگاندنە ڕەخنەییەكان:
ئێمە ناتوانین هەڵسەنگاندنێكی زانستیانەی ڕەخنە ئەنجام بدەین  تا بەراووردەكان لەنێوان شێوازە جیاوازەكانی كاركردن ئەنجام نەدەین،بەتایبەتی لەنێوان ڕۆژهەڵات وڕۆژئاوادا.دواتر ئەنجامەكان بەدەردەكەون بەوەی ڕەخنەی كوردی بەشێوەیەكی گشتی دابەش دەبن بەسەر چەند سێكتەرێكدا لەوانە:
یەكەمیان /
 بەشێك لە ڕەخنەگران ،كە یەكجار زۆرە ،زیاتر سەرقاڵی تیۆرەكانن بەبێ ئەوەی بچنە نێو كاری پراكتیكەوە . تیۆرەكانیش وەك خۆیان باس دەكرێت و دەگوێزرێنەوە وەك ئەوەی كارەكە لە زمانێكی بێگانەوە وەرگێرابێتە سەر زمانی كوردی بە بێ دەستكاری وكۆمێنت.ئینجا لێرەدا نازانین ئەندامانی ئەم بەشە لەتیۆرەكانیش گەیشتوون یان نا!بۆ دەرخستنی ئەم ڕاستییە پێویستمان بەدایەڵۆگی ڕاستەوخۆ هەیە ئەویش لەڕێگەی كەناڵەكانەوە.
دوهەمیان/
بەشێك لە ڕەخنەگران بەدەر لە تیۆرەكان كاردەكەن و زیاتر سەلیقەی خۆیان تاقیدەكەنەوە ، كەئەم كارە  لەجیهانی ڕەخنەی سەردەمدا جێگەی نابێتەوە بەو پێیەی پێویستە ڕەخنەگر لەكارەكەیدا پشت بەڕێبازێكی دیاریكراوی ڕەخنە ببەستێت كەدەشێت كاری لادانیش بكات بەمەرجێك كارەكەی سەرنجی ڕەخنەگران ڕابكێشێت .
سێهەم/
بەشێك لە ڕەخنەگران دەچنە نێو تیۆرەكان بەڵام بەشێوازێكی تێكەڵە، لێرەدا گەر لەكاتی پراكتیزمەكردندا بەرلێكەوتن ڕوو نەدات ئەوا كارەكە ئاساییە بەپێچەوانەوە تێنەگەیشتنێك لەئەنجامەكاندا ڕوو دەدات.بەڵام باشتر ئەوەیە كەنەخشەیەكی ڕەخنەیی دیاریكراو دابنرێت ودواتر كاری لەسەر بكرێت .ئەمەش لەپێناو بەرجەستەكردنی ناوەڕۆكی ئەو نەخشەیەیە تا بزانین ئاستی تێگەیشتن وهەستكردنی ڕەخنەگر چەندە وچەندەش لەكارەكەیدا سەركەوتووە.واتە هەر نەخشەیەك جۆرێك لەیاسا وكارنامە كەتێكەڵكردنیان كارێكی ئاسان نیە وستراتیژییەتی لێكۆڵینەوەكە وئەنجامەكانی وەك پێویست بەدەرناكەون.
چوارهەم/
بەشێك لە ڕەخنەگران دەستنیشانی ڕێبازێكی ڕەخنەیی دەكەن، بەڵام لەكاتی پراكتیزمەكردندا بۆشایی گەورە لەنێوانیاندا دروست دەبێت.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەئاستی بیركردنەوە ڕەخنەییەكانی ئەم جۆرە لەڕەخنەگر لاوازە وتوانای گرێدانی نیە لەنێوان تیۆر وپراكتیكدا.
پێنجهەم /
بەشێكی زۆر لەڕەخنەگران هێزی خۆیان تاقی ناكەنەوە لەگەڵ ڕێبازە ڕەخنەییە نوێیەكاندا بەنموونەی تازەگەری ودوای تازەگەری.لەبری ئەمانە سەرقاڵی سستمە كڵاسیزمەكانی نووسینن كەئەمە وەك پێویست جوانی وداهێنان وڕاستییەكانی دەق ئاشكرا ناكات.بەمانایەكی ڕوونتر ،ڕەخنە تازەگەری وبەتایبەتی دوای تازەگەرییەكان بەكاری توێكاری دەق هەڵدەستن كەئەم كارە بەتێڕوانینە سەرپێیەكان ئەنجام نادرێت .بۆ تێگەیشتن لەیاساكانی دوای تازەگەری هەوڵ وكۆششی ڕۆژانەی دەوێت كەپشت بەچەندین سەرچاوەی پێویست دەبەستێت.یان بەئاڕاستەیەكی تر خۆتەرخانكردنی تایبەتی دەوێت .هەر لەبەر ئەمەشە ڕەخنەگرە نوێیەكان یان باشتر وایە بڵێین ئەوانەی سەرقاڵی تازەگەری ودوای تازەگەرین هەوڵ دەدەن پسپۆڕی ووردی خۆیان لەبازنەیەكی دیاركراوی ڕەخنەدا ببیننەوە وەك هەڵوەشاندنەوە وڕەخنەی ڕوشنبیری ..هتد.كەواتە ڕەخنەی سەردەم پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكات:
1- بەپسپۆریكردنی پرۆسەی ڕەخنە .واتە ڕەخنەگران پێویستە یان باشتر وایە دابەش بن بەسەر بنەما و قۆناغ و بابەت و ڕەگەز و خەسڵەتە ئەدەبی و فیكری و فەلسەفیەكانی دەق و خاوەنەكانیان .ئەمەش بەو مانایە نایەت كەدوور بكەوینەوە لەیاسا گشتییەكانی ڕەخنە بەڵكو ئەمڕۆكە لەجیهانی زانست وڕەخنەدا كار لەسەر تێگەیشتنە گشتی وتایبەتەكان دەكرێت وەك ئەوەی گەر ڕەخنەگرێكی هەڵوەشاندنەوە ئاگاداری بۆچوونەكانی ئەفڵاتۆ ن وئەرستۆ نەبێت ،كەبەردی بناغەی ڕەخنەی جیهانین ،ئەوا كارەكەی لەڕووی مەعریفەتی ڕەخنەوە كورت دەهێنێت .یان گەر پسپۆڕ بێت لەبواری دراما بەڵام ئاگاداری یاساكانی ئەرستۆ وشێكسپیر نەبێت ئەوا لەبنەماكانی دراما نەگەیشتووە.بۆ نموونە،خودی خۆم،كاتێك خوێندكاری دكتۆرا بووم لەزانكۆی گلاسگۆ لەبەریتانیا ولەسەرەتای هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا  لەیەكێك لەگفتوگۆی نامەی خوێندكارێكی دكتۆرا لەزانكۆی ئێدنبرە ئامادەبووم،مامۆستای هەڵسەنگێنەر سەرەتا چەند پرسیارێكی گشتی لەسەر ئەدەب لەخوێندكار كرد  كەپەیوەندی ڕاستەوخۆشی بەناوەڕۆكی نامەكەیەوە نەبوو،بەڵام خوێنكار توانای وەڵامدانەوەی نەبوو یان ئاگاداری ناوەڕۆكی ئەو پرسیارانە نەبوو،بەڵكو پێشبینی ئەو پرسیارانەی لەهەڵسەنگێنەر نەدەكرد.مامۆستای هەڵسەنگێنەر دوای ئەم پرسیارانە نامەكەی داخست وڕووی كردە خوێنكار وگووتی" شەرمە كەتۆ نامەیەكی دكتۆرا دەنووسیت وكەچی زانیاریت لەسەر بنەما گشتییەكان نییە"دواتر كۆتایی بەگفتوگۆ هێناو وخوێنكاری بەكەوتوو دانا.ئەمە لەكاتێكدا سەرپەرشتیار هاوڕێی نزیكی هەڵسەنگێنەریش بوو.زانكۆش تەواو ڕێزی لەڕاپۆرتەكەی هەڵسەنگێنەر گرت.
2 - دووركەوتنەوە لەیاسا ترادیشنەكانی ڕەخنە كەخزمەت بەداهێنانە دەقییەكان ناكات.بەمەش ڕاهێنانەكان پێویستە لەیاسا نوێیەكاندا چڕ بكرێنەوە.تەنانەت ئەمڕۆكە زانستەكان تێكەڵ بەچەمك ویاساكانی ڕەخنە بوون كەناكرێت ڕەخنەگری سەردەم ئاگاداری سروشتی ئەم كارە نەبێت.
3 -  بەوپێیەی زۆربەی ڕەخنەگران پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەجیهانی دەرەوە لاوازە یان خۆیان تازەناكەنەوە لەگەڵ زانیارییەكان كەڕۆژانە لەڕێگەی چاپكردنی كتێب وبڵاوبونەوەی لێكۆڵینەوە بڵاودەبنەوە،ئەوا ئەم سروشتە دەبێتە لاوازی بەرهەمەكانیان .لەهەمان كاتیشدا فێربوونی زمانە زیندووە سەرەكییەكان پێویستی وچەكێكی بەهێزی ڕۆشنبیری وفیكری ومەعریفییە كەبێگومان ،ئەمەیان،كاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر نووسینەكان دەبێت.
4 - هاوشێوەی ڕەخنەگرانی جیهانی یان ڕۆژئاواییەكان،پێویستە ڕەخنەگرانی ئێمەش هەڵگری چەمكی بابەتیبوون بێت ودوور بێت لەپیاهەڵدان وستایش وڕستە داڕێژراوەكان.بەمانایەكی تر تێبینی ئەوە دەكرێت كەمامەڵەی نووسینی بەشێك لەڕەخنەگرانی ئێمە وتەنانەت ئەكادیمییەكانیش دووردەكەونەوە لەچەمكی بابەتیبوون وكارەكانیان جۆرێك لەهەوەسبازی پێوە دیارە كەئەمە لەلایەكەوە لەخزمەت پڕۆسە ڕەخنەییەكەدا نیە،لەلایەكی تریشەوە خزمەت بەدەقەكە ناكات چونكە دووردەكەوێتەوە لەڕاستییەكان.جگە لەمەش تێبینی ئەوەش دەكرێت كەبۆشایی گەورە هەیە لەنێوان ڕێبازی ڕەخنەیی وبەرهەمی خاوەن دەق بەڵام ڕەخنەگرەكە بەهۆی دۆستایەتی یان نزیكایەتی یان شتی تر بەزۆرەملێ ئەو دەقە وخاوەنەكەی دەخاتە نێو چوارچێوەی ئەو ڕێبازە ڕەخنەییەوە كەلەبنەڕەتدا گونجاندنی فەلسەفی وناوەڕۆكی وبابەتی لەنێوانیاندا بۆشایی گەورەی تێدایە.هەر لەبەر ئەمەشە هەڵبژاردنی دەق وگونجاندنی لەگەڵ تیۆرە ڕەخنەییەكان پێویستییەكی لۆژیكی وڕەخنەییە.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved