پاش وازهێنان له خووی جگه‌ره‌كێشان له‌شی كه‌سه‌كه چه‌ندی ده‌وێت تا ده‌چێته‌وه دۆخی جارانی؟ هه‌موو ئه‌و هۆشداری و ڕێنماییانه كه له‌سه‌ر پاكه‌ته‌كانی جگه‌ره نووسراون و دانراون، بۆ ئه‌وه‌یه گوزارشت له‌و واقیعه بكات كه جگه‌ره‌كێشان زیان به ته‌ندروستی ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌واته چی ڕووده‌دات كه یه‌كێك واز له جگه‌ره كێشان بێنێت؟ كه‌ی له شوێنه‌واره زیانبه‌خشه‌كانی جگه‌ره‌كێشان ڕزگاری ده‌بێت و له‌شی پاكده‌بێته‌وه؟ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشییه ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه ده‌یان ساڵ جگه‌ره‌ی كێشابێت و ماوه‌یه‌كی كورت بێت جگه‌ره بكێشێت وه‌ك یه‌ك و به چه‌ند قۆناغێك جه‌سته‌ی له مادده زیانبه‌خشه‌كانی جگه‌ره پاكده‌بێته‌وه. به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی زانكۆی ئه‌مریكی بۆ لێكۆڵینه‌وه له شێرپه‌نجه، دوای بیست خوله‌ك له بڕیاری وازهێنان له جگه‌ره‌كێشان پاڵه‌په‌ستۆی خوێن ده‌چێته‌وه دۆخی ئاسایی خۆی، دوای هه‌شت سه‌عات تێكڕای یه‌كه‌م ئۆكسیدی كاربۆن له خوێندا كه‌مده‌بێته‌وه، ئه‌م مادده‌یه‌ش به‌هۆی بوونی نیكۆتین له خوێندا دروستده‌بێت، دوای 24 سه‌عات مه‌ترسی توشبوون به جه‌ڵته‌ی دڵ كه‌مده‌بێته‌وه، دوای دوو ڕۆژ كه‌سه‌كه هه‌ست به گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ستی بۆنكردن و تامكردن ده‌كات و خواردنه‌كان له ده‌میدا تامیان خۆشتر ده‌بێت، چونكه كۆتاییه ده‌ماره‌كان ئاسووده ده‌بن له هه‌ڵمژینی نیكۆتین، دوای دوو هه‌فته له وازهێنان له جگه‌ره‌كێشان مرۆڤ هه‌وایه‌كی پاك هه‌ڵده‌مژێت. ڕاپۆرتێكی پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه ئاماژه به‌وه ده‌دات دوای دوو بۆ سێ مانگ سییه‌كان به‌ته‌واوی خۆیان له شوێنه‌واره‌كانی جگه‌ره‌كێشان پاكده‌كه‌نه‌وه، دوای هه‌شت مانگ سیستمی به‌رگری له‌ش به‌هێزتر ده‌بێت. له‌لایه‌كی تره‌وه توێژینه‌وه‌یه‌كی فینله‌ندی په‌یوه‌ندی دووری شوێنی نیشته‌جێبوون له دوكانه‌كانی فرۆشتنی جگه‌ره ئاشكرا ده‌كات و ئاماژه به‌وه ده‌دات تا ڕێگه‌ی نێوان شوێنی نیشته‌جێبوون و دوكانه‌كانی جگه‌ره فرۆشتن له‌یه‌كه‌وه دووربن، وازهێنان له جگه‌ره‌كێشان ئاسانتر ده‌بێت. ڕاپۆرته ته‌ندروستییه‌كان ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه‌ڕوو كه دوای پێنج ساڵ له وازهێنان له جگه‌ره‌كێشان، مه‌ترسی توشبوون به جه‌ڵته‌ی مێشك و توشبوون به شێرپه‌نجه‌ی سییه‌كان به‌ڕێژه‌ی (50%) كه‌مده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها مه‌ترسییه‌كانی شێرپه‌نجه‌ی گورچیله‌و سورێنچك بۆرییه‌كان و شێرپه‌نجه‌ی ده‌م كه‌مده‌بێته‌وه. به‌پێی توێژه‌ره‌وانی زانكۆی ئه‌مریكی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی شێرپه‌نجه دوای (15) ساڵ وازهێنان له جگه‌ره‌كێشان له‌شی مرۆڤ به‌ته‌واوی رزگاری ده‌بێت له شوێنه‌واره‌كانی ئه‌و خووه خراپه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌رگیز جگه‌ره‌ی نه‌كێشا بێت. خاك - س: الصحه و الحیاه
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure