مناڵه‌كه‌ت كێشی كه‌مه‌و لاوازه.. چی ده‌كه‌یت؟ ئایا ئه‌و پشكنینانه‌ی پێویستن كامانه‌ن؟ چۆن كێشی مناڵ زیادبكات و ده‌رمانی زیادكردنی كێش بوونی هه‌یه؟ سه‌باره‌ت به وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه، د.كامه‌ران ره‌سوڵ ژاژڵه‌یی پسپۆڕی زانستی خۆراك و نه‌شته‌رگه‌ری گشتی و ئه‌ندامی كۆلێژی ئه‌مریكی بۆ زانستی خۆراك، بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و تێیدا چه‌ندین زانیاری بۆ دایكان و باوكان خستووه‌ته‌ڕوو. سه‌ره‌تا د.كامه‌ران ده‌ڵێت: كه‌می كێش له مناڵان یه‌كێكه له‌و حاڵه‌ته باوانه‌ی له‌م ساڵانه‌ی ڕابردوودا ڕووی له زیادبوون كردووه‌و به‌رده‌وام ده‌بێته هۆی دڵه‌ڕاوكێ و ترس و خه‌فه‌ت لای دایكان و باوكان؛ زۆربه‌ی جار ئه‌م كێشه‌یه به شێوازی زانستی چاره‌سه‌ر ناكرێت یان بۆ ماوه‌یه‌كی دیاركراو مناڵه‌كه كێشی زیاد ده‌كات له‌ڕێگه‌ی به كارهێنانی ده‌رمانه‌وه، به‌ڵام پاش وه‌ستانی ده‌رمانه‌كه مناڵه‌كه دووباره كێشی كه‌مده‌كاته‌وه یان وه‌ك پێویست زیادناكات. ئه‌گه‌ر مناڵه‌كه‌ت كێشی كه‌مبوو چی ده‌كه‌یت؟ *چاره‌سه‌ری كه‌می كێش یه‌كه‌مجار پێویسته هۆكاره‌كانی ده‌ستنیشان بكرێت تا بتوانرێت به شێوازێكی زانستی چاره‌سه‌ر بكرێت و مناڵه‌كه به شێوه‌یه‌كی ئاسایی به‌گوێره‌ی ته‌مه‌نی كێشی زیادبكات به به‌رده‌وامی. گرنگترین هۆكاره‌كانی كه‌می كێش له مناڵاندا.. هۆكاری زۆره‌و دابه‌شده‌كرێن بۆ سێ كۆمه‌ڵ، ئه‌وانیش: 1-كه‌می خواردن: له‌وانه كه‌می ئیشتهاو ئاره‌زووی خواردن، ناڕێكی له‌كاتی ژه‌مه‌كان و نه‌خواردنی ژه‌می به‌یانی له‌كاتی خۆیدا، هتد... 2-زیاتربوونی ڕێژه‌ی به‌كارهێنانی وزه له‌ناو له‌ش به‌هۆی نه‌خۆشی درێژخایه‌نه‌كان، غوده‌ی ژه‌هراوی (غوده‌ی سام) ، نه‌خۆشی هه‌وكردنی درێژخایه‌نی ڕیخۆڵه، هتد... 3-سوود وه‌رنه‌گرتن له خۆراك به هۆكاری جیاواز وێنه‌ی سكچوونی به‌رده‌وام، بوونی كرم و مشه‌خۆره‌كان، نه‌خۆشی گه‌نم و حه‌ساسیه‌ت به گلۆتین و نه‌بوونی ئه‌نزیمی لاكته‌یز. 4-هۆكاری بۆماوه‌یی. 5-نه‌خۆشی كوێره‌گلانده‌كان؛ وه‌ك كه‌می هۆرمۆنی گه‌شه‌و تێكچوونی ڕژێنی ئه‌دریناله‌كان. ئایا ئه‌و پشكنینانه‌ی پێویستن كامانه‌ن؟ تێبینی: زۆرینه‌ی مناڵ ڕه‌نگه دوو بۆ سێ پشكنینی بوێت و هه‌موو پشكنینه‌كان له تاقیگه‌و نه‌خۆشخانه‌ی حكومی هه‌یه‌و نرخیان هه‌رزانه. ئه‌وانیش: 1-فه‌حسی خوێن؛ ڕێژه‌ی خوێن، كانزاكان وه‌ك ئاسن، زنك، ڤیتامینه‌كان، پشكنینی شه‌كره، هۆرمۆنه‌كان وێنه‌ی غوده‌ی ده‌رقی، هۆرمۆنی گه‌شه، هۆرمۆنی شیر. 2-پشكنینی گشتی پیسایی، زه‌رعی پیسایی. 3-پشكنینی تایبه‌ت به حه‌ساسیه‌ت به خۆراك و نه‌خۆشی گه‌نم. 4-سۆنه‌ری ناوسك و تیشكی تایبه‌ت به ئێسقان. 5-پشكنینی پێشكه‌وتوو وه‌ك نازوور (هه‌ناوبینی كۆئه‌ندامی هه‌رس). خاك - ئا/ كاشان
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure