30/9/2019 11:31 PM

سلێمانی.. كارگەیەكی شیرینی دادەخرێت

بەهۆی پاپەند نەبوون بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن، لیژنە هاوبەشەكان كارگەیەكی دروستكردنی شیرینی دادەخات تا ئەوكاتەی سەرجەم مەرجەكان جێبەجێ دەكات.

بەهۆی پابەند نەبوونی بە مەرج و رێنماییە‌كانی كاركردن بەگشتی و بەتایبەت تەندروستییەكان و هەبوونی ژمارەیەكی زۆر مێروو لەناو كارگەكەدا، لیژنەی یەكی سەر بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت لەناو بازاڕی شاری سلێمانی كارگەیەكی شیرينی رۆزی دادەخات.

لەكاتی سەردانی لیژنەكە بۆ كارگەی شیرینی رۆزی و پشكنین بۆ بەرهەمه ‌دروستكراوەكانی، دەركەوتووە خاوەن كارگەكە كەمتەرخەمی لە بەڕێوەبردنی شوێنەكەیدا كردووەو‌ پابەندی‌ مەرجەكانی كاركردن، بەتایبەت تەندروستی نەبووە‌.

بەپێی راپۆرتی لیژنەكە، هەبوونی ژمارەیەكی زۆر مێروو لە شوێنەكه، لە سەرپێچییەكانی كارگەی شیرنی رۆزی-ن هەروەها بەهۆی سەربەتاڵی و دانەپۆشینی شیرینیەكانەوە‌ ‌مێرووەكان چونەتە ناو شیرینیەكەوه، بەمەش پاكوخاوێنیان لەدەستداوەو شیاوی خواردن نین.

لەگەڵ هەبوونی بڕێكی زۆر پاشماوەی جگەرە لەناو كارگەكەدا یەكێكی ترە لە سەرپێچیەكانی ئەو كارگەیە‌، كە دەردەكەوێت لەناو كارگەكە جگەرە كێشرابێت، رێنماییە تەندروستیيەكان جەخت لە پاكوخاوێنی و پابەندبوونی ئەو شوێنانە بە مەرجەكانی تەندروستی دەكەنەوە كە خواردن و خواردنەوە تیایدا ئامادە دەكرێت، بەپێچەوانەوە شوێنەكەو خاوەنەكەشی روبەرووی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.

بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە كارگەی شیرینی رۆزی‌ دادەخرێت تا ئەوكاتەی پابەندی سەرجەم مەرج و رێنماییەكانی كاركردن دەبێت و خاوەنەكەشی روبەرووی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.  

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved