2/10/2019 03:40 PM

ئه‌مریكا فێڵه‌كانی سپایده‌رمان له‌ بری ده‌مانچه‌ی كاره‌بایی


كۆمپانیایه‌ك فێڵه‌كانی سپایده‌رمان له‌ فیلم كارتۆن و فیلمی سینه‌ماییه‌وه‌ ده‌كاته‌ ڕاستیی و بۆ مه‌به‌ستی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباران و گومانلێكراوان ده‌یخاته‌ به‌رده‌ستی پۆلیس.
به‌م دواییه‌ پۆلیسی ئه‌مریكا سه‌رقاڵی تاقیكردنه‌وه‌ی ئامێرێكن كه‌ بڕیاره‌ ببێته‌ جێگره‌وه‌ی ده‌مانچه‌ی كاره‌بایی و ئامڕازه‌كانی دیكه‌ی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباران و گومانلێكراوان.
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ڕاپۆرته‌ ته‌ندروستییه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌وه‌یان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ژماره‌یه‌ك كه‌س به‌ هۆی ده‌مانچه‌ی كاره‌باییه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
ئه‌و ئامێره‌ نوێیه‌ كه‌ ناونراوه‌ ( پلاراپ) بریتییه‌ له‌ ده‌زگایه‌ك كه‌ كه‌مێك له‌ ته‌له‌فۆنی مۆبایل گه‌وره‌تره‌ و به‌ ئاسانی به‌ كه‌مه‌ری پۆلیسدا هه‌ڵده‌واسرێت و گوریسێك هه‌ڵده‌دات كه‌ درێژییه‌كی گونجاوی هه‌یه‌ و به‌ تۆپێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌ كه‌ له‌ قاچی گومانلێكراوه‌كه‌ گیر ده‌بێت و ڕێگه‌ی هه‌ڵاتنی لێده‌گرێت، ئه‌و ئامێره‌ ده‌توانێت گوریسه‌كه‌ بۆ دووری سێ بۆ حه‌وت مه‌تر هه‌ڵبدات.
له‌مباره‌یه‌وه‌ تۆم سمیس سه‌رۆكی كۆمپانیای (ڕاپ ئاندسترێز)ی دروستكه‌ری ئه‌و ئامڕازه‌ باسی له‌ سه‌ركه‌وتنی كۆمپانیاكه‌یان كردووه‌ له‌ پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنێكدا كه‌ به‌ هۆی به‌كارهێنانی ده‌مانچه‌ی كاره‌بایی یان سپرای بیبه‌ر و داره‌كانی ده‌ستی پۆلیسه‌وه‌ دروست بووه‌.
سمیس وتی» ئه‌م ئامێره‌ی ئێمه‌ دروستمان كردووه‌ وا ده‌كات پۆلیس به‌ر له‌ به‌كارهێنانی ده‌مانچه‌ی كاه‌بایی و سپرای بیبه‌ر و داره‌كه‌ی ده‌ستییه‌وه‌ بیر له‌ به‌كارهێنانی (پلاراپ)بكاته‌وه‌، چونكه‌ چه‌كێكی بێ زیانه‌ و هیچ ڕووداوێكی نه‌خوازراوی لێناكه‌وێته‌وه‌.
سمیس وتیشی خێرایی هه‌ڵدانی گوریسه‌كه‌ بۆ قاچی گومانلێكراوه‌كان نزیكه‌ی 200 مه‌تره‌ له‌ چركه‌یه‌كدا ئه‌مه‌ش وا ده‌كات گوریسه‌كه‌ نه‌بینرێت.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ تا ئێستا سمیس بیرۆكه‌ی ئامێره‌كه‌ی بۆ ده‌یان نوسینگه‌ی پۆلیس له‌ ئه‌مریكا ڕونكردووه‌ته‌وه‌ و هه‌مان كاریشی كردووه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئوستورالیا و ئیوزله‌ندا.
پێویسته‌ بوترێت، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م ده‌یه‌یه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی به‌كارهێنانی ده‌مانچه‌ی كاره‌بایی به‌رفراوان بووه‌، تا ئێستا له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌مریكادا زیاتر له‌ 1081 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كاتێ بوونه‌ته‌ جێگه‌ی گومان له‌ لایه‌ن كارمه‌ندانی پۆلیسه‌وه‌ به‌ هۆی ده‌مانچه‌ی كاره‌باییه‌وه‌ ده‌ستگیر كراون به‌ ته‌نها له‌ ساڵی (2018) دا 49 كه‌س به‌ هۆی ده‌مانچه‌ی كاره‌باییه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.

سه‌رچاوه‌: العلوم والتكنولوجیا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved