خه‌لیل عه‌بدوڵڵا كتێبی (رابه‌ری نیشتمانیی کوردستان ، جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌ركرده‌و بیر‌و سه‌رده‌م) كتێبێكی (128) لاپه‌ڕه‌ییه‌و له‌لایه‌ن (د. خالد یونس خالد)ه‌وه به زمانی عه‌ره‌بی نووسراوه‌و له‌ساڵانی (2005 و 2006) سـێ جار له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی بیر‌و هۆشیاری (ی. ن. ك)ه‌وه چاپ‌و بڵاوكراوه‌ته‌وه. له‌به‌ر بایه‌خی كتێبه‌كه، به‌پێویستم زانی به خوێنه‌ری كوردی بناسێنم. ئه‌م كتێبه له‌پێشه‌كی‌و ده‌به‌ش پێكهاتووه. (د. خالد یونس) له‌پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا ده‌ڵـێ (له‌سه‌ر مامۆستا تاڵه‌بانی ده‌نووسم له‌ر‌وانگه‌ی سه‌رسوڕمانم بۆی‌و بۆ بلیمه‌تی‌و قوربانییه‌كانی‌و خه‌بات‌و تێكۆشانی‌و چاودێریكردنم بۆ كاره نه‌مره‌كانی وه‌ك یه‌كێك له‌سه‌ركرده مه‌زنه‌كانی كورد كه كاریگه‌ری له‌مێژووی سیاسی كورددا هه‌بووه). به‌شی یه‌كه‌می كتێبه‌كه ناو‌و نیشانی (ساڵانێكی پرشنگداری له‌تێكۆشان) له‌خۆ گرتووه. له‌م به‌شه‌دا نووسه‌ر ئه‌و پرسیاره ده‌كات جه‌لال تاڵه‌بانی كێیه؟ له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا نووسه‌ر نوسیویه‌تی، جه‌لال تاڵه‌بانی ئه‌و سه‌ركرده‌و سیاسییه كورده لێزانه‌یه كه جه‌ماوه‌ری كوردستان‌و زۆرینه‌ی گه‌لی عیراق به چاوی هیواوه بۆ ئاینده‌ی پرشنگداری كوردستان‌و عیراق سه‌یری ده‌كه‌ن. تاڵه‌بانی ئه‌و رابه‌ره‌یه كه مه‌شخه‌ڵی ر‌و‌وناكی له‌رێگا تاریكه‌كاندا هه‌ڵگرتووه.. دواتر نووسه‌ر له‌باری ژیانی تاڵه‌بانییه‌وه نووسیویه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی ساڵی (1933) له‌گوندی (كلكان)ی نزیك ده‌ریاچه‌ی دوكانی كوردستانی عیراق له‌دایك بووه. خوێندنی سه‌ره‌تایی‌و ناوه‌ندی له‌شاری كۆیه ته‌واو كردووه. خوێندنی ئاماده‌یی له‌شاره‌كانی هه‌ولێر‌و كه‌ركوك ته‌واو كردووه. ساڵی 1951و له‌ته‌مه‌نی (18) ساڵیدا بۆته ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌خوێندكارانی ها‌ورێیدا له‌ساڵی 1953 به نهێنی یه‌كێتی خوێندكارانی كوردستانیان دامه‌زراندووه. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا خوێندكاری كۆلیجی ماف بووه له‌به‌غدا، به‌ڵام به‌هۆی چالاكی سیاسییه‌وه نه‌یتوانیوه له‌خوێندن به‌رده‌وام بێت‌و ساڵی 1956 خۆی شاردۆته‌وه‌و وازی له‌خوێندن هێناوه‌و دوای شۆڕشی 14ی گه‌لاوێژی 1958 گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ زانكۆ. سه‌رباری خوێندن وه‌ك رۆژنامه نووس له‌هه‌ردوو رۆژنامه‌ی خه‌بات‌و كوردستان كاریكردووه. ساڵی 1959 كۆلیجی مافی ته‌واو كردووه‌و دواتر بانگ كراوه بۆ خزمه‌تی سه‌ربازی له‌سوپای عیراق‌و بووه به ئه‌فسه‌ری یه‌ده‌گ له‌یه‌كه‌كانی تۆپخانه‌و زرێپۆش خزمه‌تی كردووه‌و بووه به فه‌رمانده‌ی كه‌تیبه‌ی تانك. هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا له‌گه‌ڵ وه‌فدی یه‌كێتی خوێندكارانی كوردستان سه‌ردانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی كردووه‌و چاوی به مه‌لا مسته‌فای بارزانی كه‌وتووه‌و هه‌واڵی خانه‌واده‌كه‌ی بۆ بردووه. له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلولی (1961)دا تاڵه‌بانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌و وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی ئازا ئه‌ركی سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌كانی كه‌ركوك‌و سلێمانی له‌خۆگرتووه‌و سه‌ركردایه‌تی شه‌ڕی به‌رگری ناوچه‌كانی (ماوه‌ت‌و چه‌می رێزان‌و قه‌ره‌داغ)ی كردووه. ساڵی 1962 سه‌ركردایه‌تی شه‌ڕی ئازادكردنی قه‌زای شارباژێڕی له‌هێزه‌كانی عیراق كردووه. (د. خالد یونس) نووسه‌ری كتێبه‌كه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ساڵی 1964 تاڵه‌بانی‌و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی‌و كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌خوالێخۆشبوو مسته‌فا بارزانی جیا بوونه‌ته‌وه. نووسه‌ر هه‌ر له‌م به‌شه‌دا باسی هه‌وڵه دبلۆماسییه‌كانی تاڵه‌بانی ده‌كات له‌ساڵی 1963 له‌به‌غدا‌و قاهیره‌و جه‌زائیر. به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه ناو‌و نیشانی (جه‌لال تاڵه‌بانی، نوێكه‌ره‌وه‌ی بیر به نوێكردنه‌وه‌ی شۆڕش)ی له‌خۆگرتووه. نووسه‌ر له‌م به‌شه‌دا ئاماژه به كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی تاڵه‌بانی ده‌كات‌و به رۆڵه‌ی گه‌لی ناو ده‌بات، هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه ده‌كات تاڵه‌بانی له‌نا‌و جه‌ماوه‌ره‌وه له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان ده‌ركه‌وتووه‌و له‌گه‌ڵ خوێندكاران‌و هه‌ژاران‌و جوتیاران‌و فه‌رمانبه‌ران‌و ده‌وڵه‌مه‌نداندا ژیاوه‌و به‌شداری خۆشی‌و ناخۆشیانی كردووه‌و هیوا‌و بیر‌و بۆچوونیانی هه‌ڵگرتووه. هه‌ر له‌م به‌شه‌دا نووسه‌ر باسی ئه‌وه ده‌كات تاڵه‌بانی كه‌سێكی مه‌ده‌نی‌و ر‌و‌وناكبیر‌و خاوه‌ن عه‌قڵێكی سیاسی‌و دبلۆماسییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌سه‌ره‌تای شۆڕشی ئه‌یلولدا سه‌ركرده‌یه‌كی پێشمه‌رگه بووه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه. نووسه‌ر هه‌ر له‌م به‌شه‌دا نوسیویه‌تی له‌دوای شكستی شۆڕشی ئه‌یلول، تاڵه‌بانی بڕوای به رێكخستنی جوڵانه‌وه‌یه‌كی رزگاری كوردی هه‌بووه، به نوێكردنه‌وه‌ی شۆڕش به نوێكردنه‌وه‌ی بیری شۆڕشگێڕانه له‌بیری كلاسیكییه‌وه بۆ بیری پێشكه‌وتخواز، له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا تاڵه‌بانی‌و ژماره‌یه‌ك رۆشنبیرانی هۆشیار (یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان)مان له 1/6/1976 دامه‌زراند. مام جه‌لال‌و هاوڕێیانی نه‌خشه‌ی خه‌باتی چه‌كداری شۆڕشی نوێیان له‌كوردستانی باشور دانا‌و ناویان نا نه‌خشه‌ی رزگاری، ئه‌وه‌ش به مه‌به‌ستی درێژه پێدانی شۆڕش‌و راماڵینی رژێمی به‌غدا‌و به دیهێنانی دیموكراسی‌و مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد، هه‌تا ئه‌م دواییه له‌هه‌ڵبژاردنی فیدڕالی‌و مافی چاره‌ی خۆنووسیندا به‌رجه‌سته بوو. نووسه‌ر له‌به‌شی سێیه‌می كتێبه‌كه‌یدا تیشكی خستۆته سه‌ر رۆڵی تاڵه‌بانی‌و (ی. ن. ك) له‌گه‌شه‌پێدانی چۆنایه‌تی له‌جوڵانه‌وه‌ی رزگاری كوردیدا‌و باسی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێی كردووه‌و رۆڵی ئه‌و شۆڕشه‌ی له‌به‌رجه‌سته‌بوونی بیری نوێ‌و پێشكه‌وتنخوازدا خستۆته ر‌و‌و. ناو‌و نیشانی به‌شی چواره‌می كتێبه‌كه تاڵه‌بانی‌و دیموكراسی‌و فره‌یی سیاسییه. له‌م به‌شه‌دا نووسه‌ر به‌وردی تیشكی خستۆته سه‌ر هه‌ردوو زاراوه‌ی دیموكراسی‌و فره‌یی سیاسی‌و ئه‌و دوو زاراوه‌یه‌ی وه‌ك دوو در‌وشمی سیاسی شۆڕشی نوێی گه‌لی كوردستان‌و (ی. ن. ك) شیكردۆته‌وه‌و باسی رۆڵی ر‌وناكبیران‌و رۆشنبیرانی له‌و بواره‌دا كردووه. هه‌ر له‌و به‌شه‌دا باسی رۆڵی ئیجابی ره‌خنه‌گرتن له‌نا‌و (ی. ن. ك)دا كراوه. به‌شی پێنجه‌می كتێبه‌كه ناو‌و نیشانی (تاڵه‌بانی‌و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان) له‌خۆگرتووه. نووسه‌ر له‌م به‌شه‌دا باسی رۆڵی پێشه‌نگی تاڵه‌بانی‌و (ی. ن. ك) له‌دامه‌زراندنی به‌ره‌ی كوردستانیدا ده‌كات. كه ئه‌و به‌ره‌یه رۆڵی دیاری له‌سه‌ركه‌وتنی راپه‌ڕینی ئازادی 1991دا بینی. هه‌ر له‌و به‌شه‌دا نووسه‌ر باسی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1992ی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات. به‌شی شه‌شه‌می كتێبه‌كه ته‌رخان كراوه بۆ رۆڵی تاڵه‌بانی له‌به‌نێوده‌وڵه‌تی كردنی مه‌سه‌له‌ی كورددا. نووسه‌ر له‌م به‌شه‌دا باسی رۆڵی مام جه‌لال ده‌كات له‌ده‌ركردنی مه‌سه‌له‌ی كورد له‌تاریكی ناوخۆییه‌وه بۆ سه‌ر شانۆی ر‌و‌وناكی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا نووسه‌ر باسی په‌یوه‌ندییه به‌رفراوانه‌كانی مام جه‌لال ده‌كات له‌گه‌ڵ سه‌رۆك‌و به‌رپرس‌و كه‌سایه‌تیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان‌و ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی باشی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد به‌جێهێشتووه. به‌شی حه‌وته‌می كتێبه‌كه بۆ نوێكردنه‌وه‌ی بیر‌و رێكخستن ته‌رخانكراوه، نووسه‌ر له‌م به‌شه‌دا هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی ئه‌و بوارانه‌ی ر‌و‌ونكردۆته‌وه. به‌شی هه‌شته‌می كتێبه‌كه باسی تاڵه‌بانی‌و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان ده‌كات. نووسه‌ر له‌م به‌شه‌دا به‌وردی تیشكی خستۆته سه‌ر رۆڵی تاڵه‌بانی له‌به‌ر جه‌سته‌كردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان‌و هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ر‌و‌ون ده‌كاته‌وه. نووسه‌ر له‌به‌شی نۆیه‌می كتێبه‌كه‌دا باسی هه‌ڵبژاردنی مام جه‌لال به سه‌رۆك كۆماری عیراق ده‌كات نووسه‌ر له‌م به‌شه‌دا باسی بایه‌خی هه‌ڵبژاردنی مام جه‌لال بۆ سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌رێی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عیراقه‌وه ده‌كات‌و هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی ر‌و‌ون كردۆته‌وه. هه‌ر له‌م به‌شه‌دا نووسه‌ر چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌ی (القبس)ی له‌گه‌ڵ مام جه‌لال بڵاوكردۆته‌وه. به‌شی ده‌یه‌م كه دوا به‌شی كتێبه‌كه‌یه، ته‌رخانكراوه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی وته‌یه‌كی مام جه‌لال كه وه‌ك سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی عیراق له 16/3/2005 پێشكه‌شی كردووه پێش ئه‌وه‌ی به سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرێت. نووسه‌ر له‌م به‌شه‌دا خوێندنه‌وه‌یه‌كی بۆ ئه‌و وتاره‌ی مام جه‌لال كردووه‌و هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانی شیكردۆته‌وه. له‌دوا لاپه‌ڕه‌ی كتێبه‌كه‌دا نووسه‌ر نامه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی بڵاوكردۆته‌وه كه له‌ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی مام جه‌لال به سه‌رۆك كۆماری عیراق نوسیویه‌تی. ئه‌م كتێبه‌ی (د. خالد یونس) كتێبێكی گرنگ‌و پڕ بایه‌خه‌و زۆربه‌ی وێستگه‌كانی ژیان‌و خه‌بات‌و بیر‌و بۆچوون‌و تێڕوانینه‌كانی مام جه‌لال‌و (ی. ن. ك)ی له‌خۆگرتووه. ئه‌م كتێبه شایسته‌ی دیراسه‌كردن‌و خوێندنه‌وه‌یه.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure