هه‌روه‌ك چۆن جیاوازی هه‌یه له‌نێوان ئه‌وانه‌ی حه‌زیان له چایه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی حه‌زیان له قاوه‌یه، به‌وشێوه‌یه‌ش جیاوازی هه‌یه له‌نێوان مشتومڕه‌كان له‌باره‌ی به‌سوودی هه‌ریه‌كێك له‌و خواردنه‌وانه. پسپۆڕان ده‌ڵێن: هه‌ریه‌ك له چاو قاوه باشترین خواردنه‌وه‌ن بۆ ده‌ستپێكردنی ڕۆژه‌كه‌ت یان دانیشتنێكی ئاسووده، له‌سه‌ر كار بێت یان له كۆبوونه‌وه خێزانییه‌كان. هه‌ندێك كه‌س حه‌زیان له چایه‌و هه‌ندێكی تریش قاوه‌یان لا په‌سه‌نده، بۆ ئه‌مه‌ش مشتومڕی زانستی زۆر هاتووه‌ته ئاراوه سه‌باره‌ت به‌م دوو خواردنه‌وه‌یه كه له جیهاندا زۆر به‌ربڵاون. ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌سته باسبكرێت سووده‌كان و زیانه‌كانی ئه‌و دوو خواردنه‌وه‌یه، به‌ڵام هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌ك بۆ لێكدانه‌وه‌ی سودو زیانه‌كانی قاوه‌و چا بكرێت دروست و ورد ده‌رناچێت چونكه هه‌ردووكیان كۆمه‌ڵێك سوودو زیانیان هه‌یه. بۆ نموونه پێگه‌ی (hilth line)ی ئه‌مریكی به‌راوردێكی له‌نێوان چاو قاوه‌دا كردووه‌و ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردووه كه قاوه‌ی ڕه‌ش دوو هێنده‌ی چای ڕه‌ش مادده‌ی كافایینی تێدایه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی مامناوه‌ند خورانه‌وه‌و زێده‌ڕۆییان تێدا نه‌كرا هیچ زیانیان بۆ ته‌ندروستی نییه، به‌ڵكو سوودیشیان هه‌یه، له سووده هه‌ره گرنگه‌كانیشیان، به‌هێزكردنی چالاكی جه‌سته‌و وریاكردنه‌وه‌ی مێشك‌و سنورداركردنی مه‌ترسی هه‌ندێك نه‌خۆشی درێژخایه‌نه. هه‌ر به‌پێی ئه‌و پێگه‌یه، هه‌ردوو چاو قاوه ڕێژه‌یه‌كی زۆری مادده‌كانی دژه ئۆكسیدیان تێدایه، هه‌ریه‌كه‌شیان چه‌ندین جۆری دژه زینده‌ییان تێدایه، هه‌ندێك له مادده‌كانی له چای ره‌شدا هه‌ن ڕێگری له گه‌شه‌كردنی شێرپه‌نجه‌ی كۆڵۆن و سییه‌كان ده‌كه‌ن هه‌ندێك له‌و دژه ئۆكسیدانه‌ی له قاوه‌شدا هه‌ن ڕێگری له شێرپه‌نجه‌ی كۆئه‌ندامی هه‌رس و جگه‌ر ده‌كه‌ن. هه‌ر ئه‌و پێگه‌یه باس له‌وه ده‌كات كه هه‌ریه‌ك له چاو قاوه سوودی تریشیان هه‌یه، له‌وانه‌ش زیادكردنی وزه، قاوه به‌شداره له كه‌مكردنه‌وه‌ی ماندوێتی، له لایه‌كی تریشه‌وه چا به‌هۆی ئه‌وه‌ی مادده‌ی (تانین)ی تێدایه یارمه‌تیده‌ره بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوكێ و هه‌ردووكیشیان واته چاو قاوه یارمه‌تیده‌رن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كێش. له‌لای خۆشیانه‌وه پسپۆڕانی ته‌ندروستی له قوتابخانه‌ی هارفارد بۆ ته‌ندروستی گشتی ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه به‌كارهێنان و خواردنه‌وه‌ی قاوه به شێوه‌یه‌كی مامناوه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ند مه‌ترسییه‌كی ته‌ندروستی كه‌م ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام بۆ زۆر كه‌س پاشهاتی نه‌رێنیان هه‌یه وه‌ك به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی كه‌مخه‌وی و نیگه‌رانی هه‌روه‌ها پێویسته ژنانی دووگیان كه‌متر قاوه بخۆنه‌وه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به چا ئه‌و پسپۆڕانه ته‌نها ئه‌و هۆشدارییه‌یان داوه كه باشتره چا زۆر به‌گه‌رمی نه‌خورێته‌وه‌و دابنرێت تۆزێك ساردبیێته‌وه‌و باشتریشه ئه‌وانه‌ی حه‌زیان له چایه هه‌وڵبده‌ن زیاتر چای سه‌وز بخۆنه‌وه. هه‌رچی پێگه‌ی (medicaldaily)ه به سوودوه‌رگرتن له هێڵێكی به‌یانی هۆشداری ئه‌وه‌ی داوه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی چا مادده‌ی (تانین)ی تێدایه كاریگه‌ری خراپی هه‌یه‌و ڕێگه له ئێسكه‌كان ده‌گرێت كه ئاسن بمژن، له‌كاتێكدا قاوه ده‌بێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی هوروژمی خوێن بۆ دڵ. هه‌مان پێگه باس له‌وه ده‌كات كه سووده‌كانی چا زۆرترن له قاوه، به‌و مانایه‌ی كه چا هه‌شت سوودی هه‌یه‌و قاوه ته‌نها پێنج سوودی هه‌یه، به‌ڵام هه‌ردووكیان یه‌كی سێ زیانیان هه‌یه. خاك - س : DW
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure