9/10/2019 03:54 PM

سبەینێ ی گوڵ

 

پ.د.زاهیر لەتیف كەریم
بەشی یەكەم

خوێندنەوەیەكی توێكاری لەشیعری سبەینێ ی گوڵ نیان مەستی دا 
                                                                                                                     
نیان مەستی خاوەنی دیوانە شیعری "گەڕان بە دوای یوتوبیا "وڕەخنەگرێكی ئەكادیمی رێبازە ڕەخنەییە نوێیەكانە,لەشیعری" غد زهرە " یان "سبەینێ ی گوڵ"كەشیعرێكی نوێیە ولەودیوانە ئاماژەپێكراوەی سەرەوەدا نیە ، دەڵێت :

غد زهرە
                                                        پرسیار لە سبەینێ ی گوڵ دەكەم !
                                                     ئاخۆ بەجوانی یان ژاكاوی
                                                      پەڕەی دڵی دەكاتەوە بۆ دڵەكەم
                                                     پەپوولە و گوڵ بەسەمفۆنیای عەشقی پاییز
                                                       سەما دەكەن , دەگریەنن چاوی پیسی ناحەزانم !
                                   ما غد زهرة !
اتسأل زهرة عن غدها ؟
                  غد زهرة :
فراشة سماوية ممتدة
كأمتداد السماوات السمائية
كزرقة السماوات السمائية
كعمق السماوات السمائية
                  غد زهرة :                                                                                                               
قارورة عطر
منثور عطرها
في عيد الحب
على العالم
فتدفئ الشمس بحنانها
أعشاش الطيور المهاجرة
و يكتحل عيون القمر
                      ببريق النجوم
و يتحول قانون الجاذبية الأرضية
فينجذب العالم نحو السماوات السمائية
                              تبصر زهرة في غدها
شبح
بل شبحان
يلوحان في الأفق السماوية
أبن الملوح و جميل
يلوحان
أن تعالي يا أختاه الينا
فنحن بانتظارك
من الأزل
                   فأنت
زهرة الفراشة السماوية
گەر گۆران ، لە ژێر ئاسمانە شینەكەی"بەستەی دڵدار"سەرقاڵی گەڕان بێت بە دوای جیهانە یۆتۆبیاكەی بەوپێیەی لەو چركە ساتەدا زەمەنە خەیاڵی وسۆزدارییەكەی تەنها ئەوەندە پێویستی بەو ڕووبەرە دەبێت كە توانیوێتی سەركەوتوانە كارەكەی تێدا ئەنجام بدات:
لەژیر  ئاسمانی شینا
لەپاڵ لووتكەی بەفرینا
كوردستان گەڕام
دۆڵاو دۆڵ پێوام
نە لەشار ونە لەدێ
نەمدی كەس
وەك تۆ جوان بێ
تۆیت وبەس
ئەوا لەدەقەكەی نیان مەستی دا بەئاشكرا هەست بەترازاندنێك لەو زەمەن و ڕووبەرەدا بەدی دەكرێت و بەو وێنەیەی گۆران قایل نابێت وخوازیارە ,بەڵكو مەبەستێتی وەك كەرەستەیەكی ئایدیاڵزمی زیاتر هەستەكانی خۆی لەنێو فەزا فراوانتر وكراوەترەكاندا جێگە بكاتەوە.دیارە ئەمەش هۆكاری خۆی هەیە.یەكێك لەو هۆكارانە,ڕێژە لەڕادەبەدەرە یۆتۆبیاكەیەتی كەپێویستی بەو جۆرە فەزایە هەیە.واتە جیهانەكەی شاعیر _نیان مەستی- نەبینراو ونەبیستراوە وواقعێكی هەستی لەجۆری فیزیكی لەپشتەوە نییە.بەڵام لەوەی گۆران دا ، بە پێی سیاقی دەقە ڕۆمانسیزمە ویژدانی وسۆزدارییەكانی، تاكە كەسی بەرامبەر بوونی هەیە و ، بونەكەش بوونێكی خەیاڵی وفانتومی ( شبح ) نییە.تەنانەت، بە پێی ئەو سیاقانە ئێمە دەزانین جۆری بەرامبەر چییە وكێیە وهەڵسوكەوتی ڕەوشتی وجوانییەكەی چەندە كە ئەمە لەجیهانە یۆتۆبیاكەی نیان مەستی دا نابینرێت,بەڵكو بوونی نییە.هەر لەبەر ئەمەشە، شێوازی دەربڕینەكانیشی ، جۆرێكە لەشێوازی سریالی ، كە ئەم شێوازە پێویستی بەگەمەی ووشە ودەربڕین وبڕینێكی خێرای هێڵ وماوەكانە تا بەرامبەراكان ,لەلایەكەوە ,تووشی دڵەڕاوكێ و بۆچوونە جیاوازەكان بكات.لەلایەكی تریشەوە كلیلی نهێنییەكانیان نەداتێ.بە مانایەكی تر ، لەوەی گۆران دا پێویستە كار لەسەر پێش گریمانەكان بكرێت بۆ جیهانە دڵداری وسۆزدارییەكەی.بەڵام لەوەی نیان مەستی دا پێویستە پشت بە گریمانە وئاسۆی چاوەڕوانی وپێشبینینەكان ببەسترێت.ئەمەش مۆتیڤ وفاكتەرێكە بۆ شاردنەوەی تەواوی جیهانەكەی كەنایەوێت بەئاسانی بیخاتە بەردەم خوێنەر و وەرگرەوە. ناونیشانی شیعرەكەی بریتییە لە "غد زهرە" سبەینێ ی گوڵ ! زۆربەی هەرە زۆرمان گوڵ لەواقعێكی وەستاوی ئێستادا دەبینینەوە، دیارە لەپشت بینینەكانەوە بەرژەوەندییەك بوونی هەیە.لەگەڵ ئەمەشدا,ئێمە تێكڕا نامانەوێت ئاگاداری لەدایكبوونی گوڵ بین وناشمانەوێت بزانین كەی كۆتایی پێ دێت.بەڵام مەبەستمانە چۆن ولەچ ساتێكدا بیان بینین. گوڵیش لێرەدا هێمایە بۆ هەناسە وجوڵە وژیان.بەئاڕاستەیەكی تر, مەبەستمان نییە پرسیار لەپێش ودوای ژیان بكەین بەئەوەندەی ئاڕاستەی پرسیارەكانمان لەسنووری بوونی ژیاندایە.سیاقەكان دەتوانن ئەمڕۆمان تا ڕادەیەكی باش بۆ پێناسە بكەن، یان وێنەی بگرن. بەڵام كێشە لەوەدایە كەچۆن وێنەكان بەبێ سیاق بتوانن تاكەكان قایل بكەن ، بە تایبەتی گەر هاتوو وێنەكان بكەونە ئەو دیو سنووری دەسەڵاتی تاكەكانەوە.یان ئەوانە كێن كەبەشداری پێناسەكە دەكەن؟
ووشەی سبەینێ خۆی لە بەزینی زەمەنی ئێستادا دەبینێتەوە وشاعیر وەك ئەوە وایە سبەینێ لەئەمڕۆدا ببینێتەوە.ئەوەش هێزی ئەم دەسەڵاتەی پێ بەخشیوە خەیاڵە فراوانەكەیە  لەچركەیەكی بێدەنگیدا كەهیچ ترسێك لەسەر هەردوو زەمەن دروست ناكات هەروەك چۆن لەچیرۆكی "المعراج"و Divine Comedy ی دانتی دا بەدی دەكرێت لەكاتێكدا پاڵەوان توانی سنوورەكان ببەزێنێت ودواتر وێنەكانی ئایندە لە ئێستادا كۆ بكاتەوە.
دوای ناونیشان ، كەرتی بەدەقكردن (مناص Paratextuality), - بەشە كوردییەكە -,دێت كەبەردی بناغەیە بۆ شیعرەكە ، بەڵكو بزوێنەری شیعرەكەیە وخود خۆی ئاڕاستەی پرسیار لەخودی خۆی دەكات ودەیەوێت ، وەك كارێكی دایەڵۆگی بزانێت وێنەی گوڵەكان ، لەئایندەدا بە كوێ دەگات !بەوپێیەی خودی بكەری شاعیر ڕاستگۆیە لەگەڵ مەبەستەكەیدا ئەوا خوازیارە هەر زوو وەڵامەكانی دەست كەوێت.هەر لەبەر ئەمەشە, وەڵامەكە ، دوای كەمێك ، بەشێوەی هێمائامێز سەرهەڵدەدات وشاعیر ئاماژە بەوە دەدات كەیەكگرتویی خود لەگەڵ ئەوی خەیاڵی بەرامبەردا بەردەوامییەك بەزەمەنی عەشقە یۆتۆبیاكەیان دێنێت ,گەرچی لەدەرەوەی ئەو وێنەیە كەسانێك هەن لەدونیای ئەو یەكگرتن ویەكبوونە یۆتۆبیاییە ناگەن وبەڵكو بە شتێكی سەیریشی دەزانن.لێرەوە ، بۆشاییەكان دەكەونە نێو خود و ئەو و ئەوان بەو پێیەی لەلایەكەوە زمانی تێگەیشتن بۆ گوتارەكە لەڕووی فیكری وسۆسیۆڵۆژییەوە بوونێكی ڕۆشنبیری ومەعریفی دیاریكراوی هەیە كەپێویستی بەهەماهەنگی زمانێكی تر هەیە . بۆیە بەماوەیەكی زەمەنی كورت ، خود زمانی نووسینی گوتارەكەی دەگۆڕێت و دەیەوێت ، لەڕێگەی ڕۆشنبیریەتی ئەم زمانە وزمانە شیعرییەكەیەوە ، ڕاڤەی هەستەكانی ئێستا وسبەینێمان بۆ بكات. لەلایەكی ترەوە ، دایەڵۆگی ئەم دوو زمان وڕۆشنبیریەتە ئەوە دەگەیەنێت كە گوتاری پرسیارەكە لای هەمووان هەمان گوتارە وكێشەكانیش هەمان كێشەن.لەهەمان كاتدا لەم زمانە نوێیەدا  دید وبۆچوونەكانیش هاوشێوەی یەكن.یان بە مانایەكی تر ، سەرچاوەی كێشەكان لەبنەڕەتدا یەك سەرچاوەن. هەر لەم زمانە نوێیەدا شاعیر هەمان پرسیارمان ، وەك كارێكی سەرسوڕمانی خەندە ئامێز ، بۆ دەكات و وەڵامی زمانی دایكمان دەداتەوە و دەڵێت : كوا سبەینێ ی گوڵ !
بەڵگەش بۆ ئەم وەڵامە خەندە ئامێزە بڕگەی دوای ئەم پرسیارەیە لەكاتێكدا دەڵێت : پرسیار لەگوڵی سبەینێ دەكەیت ؟ بە هۆی پەرۆشی شاعیر بۆ ئەنجامی ئەو وەڵامە یەكسەر دێتە سەر ئەوەی بڵێت : سبەینێ گوڵ بەم شێوەیەی خوارەوەیە :
یەكەم : پەپوولەیەكی ئاسمانی و درێژخایەن .
دوهەم : ماوەكانی بە درێژایی ئاسمانەكانە .
سێهەم : یان ماوەی درێژیەكەی بە درێژی ئاسمانەكانە .
چوارهەم : یان ماوەی درێژیەكەی بە قوڵایی ئاسمانەكانە .
ئەمانە ، هەمو دەروازەیەكی میتافیزیكی نموونەین  كەهەموویان دەچنە نێو خانەی جوانی خواییەوە. لێرەدا ، شاعیر خوازیارە ومەبەستێتی كەدەرباز بێت لەجوانییە دەستكرد وئارتیفشاڵییەكانی سەر زەوی كە دەورەدراوە بەچەندین كاری چاوبەستی و فرت وفێڵ ودەمامك ودووفاقییەوە كەهەموو ئەمانە دژایەتییەكی سروشتی وئەزەلیان هەیە لەگەڵ جوانییە ئایدیاڵیزمەكانی سەرو زەوی.واتە, شاعیر ، بۆیە پەپوولەی هەڵبژاردووە وەك بزوێنەرێك بۆ گواستنەوەی ماوەكان تا لەڕێگەی هێزەكەیەوە بتوانێت كاری ئازادیمان بۆ ئەنجام بدات. بەمەش خود و ئەو دەیانەوێت ئازادییەكان بۆ خودەكانی سەر زەوی مسۆگەر بكەن چونكە ئەو تاكە خودە بەسە بۆ ئەوەی یاوەری خودی شاعیر بێت لەگەشتەكەیدا. ڕەنگە لێرەدا جۆرە گواستنەوەیەك یان سەرچاوەلێگرتنێك بەدی بكرێت ئەویش چیرۆكی میعراجە یان كۆمیدیای خوایی دانتی یە كەهەریەكەیان لەڕێگەی یاوەرێكەوە, بەڵكو  ڕپێنیشاندەرێكەوە توانیان بەرەو فەزایەكی پیرۆز بەڕێ بكەون وسەركەوتوانەش كارەكانیان ئەنجام بدەن وئەنجامەكانیش وانەیەكی بەنرخی بیركردنەوە وفیكر بوون بۆ ئەو خودانەی كە لەزمانی گوتارەكان یان   كۆدەكان تێ نەدەگەیشتن.
جارێكی تر ، ئەمجارەشیان بە شێوەی نیمچە زەردەخەنە یان جۆرێك لەسەرسوڕمان ، شاعیر دەیەوێت پێناسەی زەمەنی ئایندەی ڕەوشتمان بۆ بكات كەهاوشێوە وهاوتەریبە لەگەڵ جوانی خۆشەویستی.  خۆشەویستی مرۆڤ بۆ مرۆڤ ، خۆشەویستی خاك و نیشتمان ، خۆشەویستی ئایین ، شیعر و ڕێبازی فەلسەفی . . هتد ! لێرەدا ، وەڵامەكان بەم شێوەیە دەكەوێتەوە:
یەكەم : شوشەی عەتر.
دووهەم : عەتر پەرژێن.
سێهەم : جەژنی خۆشەویستی.
چوارهەم : بۆ سەرجەم جیهان.
دواتر ، تیشكی ڕۆژ بەسۆزەكانیەوە دەتوانێت لانەی باڵندە كۆچكردووەكان گەرم داهێنێت.مانگ بەبریقەی ئەستێرەكان چاو بڕێژێت . ئەمانە ، لەلایەكەوە,هەمووی وێنەی خوازەن بۆ جۆری پەیوەندییە یۆتۆبیاییەكانی نێوان خود وئەوی بەرامبەری خەیاڵ، یان لەنێوان خود و بابەتە سۆزدارییەكە.لەلایەكی تریشەوە ئەم دەستەواژە خوازیانە ئاماژەن بۆ نزیكبوونەوەی ماوەكان وەك ئەوەی ئەو وێنانە مۆتیڤێكی ووزەبەخش بن بۆ مانەوە وبەردەوامی بابەتەكە ولەهەمان كاتیشدا بۆ گەیشتن بەحەز وئاواتەكان.بێگومان ئەمانەش دوای تێپەڕبوونی ماوەكان دێت.بەمەش یاسای تاودانی زەوی,كەپێشتر ڕێگر بووە, هەرەس دێنێت ووانە وئامۆژگارییەكان ، دوای گەڕانەوە ، ئازادانە توانای گواستنەوەی خودەكانی سەر زەوی دەبێت بەبێ سانسور ، بەرەو ئاسمانەكان كەهێمای خۆشەویستییە یەزدانییەكانە.واتە بەدابەزینی خودی شاعیر و خودەكان ، لە نێو ئاسۆی گەشی ئاسمانەكان دوو خودی پێش ئێستای نموونەیی ویەزدانی لەچاوەڕوانیدان ئەوانیش لە شێوەی فانتومیك ( شبح ) دەردەكەون.یەكەمیان, قیس ابن الملوح ودوهەمیان, جمیل بپینەیە كە دوو سەرچاوەی بە نرخی زەمەنەكانی ڕابردوون بۆ كەرەستە وشتە ڕەوشتی وجوانییەكان. دیارە ئەم دوو كەسێتییە سەرچاوەییە نموونەییە لە دێر زەمانەوە چاوەڕێی كەسێتی خودی شاعیرن بەو پێیەی خودی شاعیر گوڵی پەپوولەیەكی ئاسمانیەوە هیچ مەترسییەك لەسەر خودەكان دروست ناكات و  هێمنانە دوای ڕەوشتی جوانییەكان كەوتووە بەبێ ئەوەی گوشارێكی ڕیالیستی لەسەر بێت.ئەم وێنانەش ئەوە دەگەیەنن كەكەسێتی خودی شاعیر كەسیەتییەكی تەوەرەییە وتوانای گۆڕینی تاكەكانی هەیە لە ئاستێكی بیركردنەوەی دیاریكراوی خراپ بۆ ئاستێكی ڕۆشنبیری ومەعریفی بەرز ، كە ئەم كارە ، وەك دەردەكەوێت ، لەزەمەنی ڕابردوودا بە قیس وجمیل ئەنجام نەدراوە . هەر لەبەر ئەمەشە,ئەم دوو كەسێتییە مێژووییە بەجووتە وبۆ ماوەیەكی یەكجار زۆر لەو فەزا زەمەنی وجێگەییەدا بەتەنها وبێ بەشداری خودەكان ماونەتەوە وقەتیسماون.بەڵام خودی شاعیر بەخۆی وخودە هاوشێوەكانییەوە لەهەوڵی ڕۆشتندان بەرەو جوانی خۆشەویستی یەزدانی ولەوێشەوە لەهەوڵی دروستكردنی مەملەكەتێكی نوێی سەربەخۆی ئازادان كەهەر یەكەكان لەیەك كاتدا سەركردە ویاسا دانەرن ودەسەڵاتن.مەملەكەتێك كە پێویستییان بە سەرباز نەبێت. جوانییەكان ، ڕەوشتەكان خۆیان دەبنە پارێزەری ئەم مەملەكەتە. ئەمانە تەنها لەجیهانی یۆتۆبیادا ڕوو دەدات.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved