13/10/2019 05:12 PM

خوێندنەوەیەكی توێكاری لەشیعری سبەینێ ی گوڵ نیان مەستی دا

 

پ.د.زاهیر لەتیف كەریم
بەشی دووەم


بە پێی گریمانەیەكی تر ، دەتوانین بڵێین كەزەمەنی بیركردنەوەكان لەنێوان دوێنێ بەنموونەی قیس و جمیل وگۆران ، ئەمڕۆ بە نموونەی نیان مەستی ، جیاواز دەبێت. ڕۆشنبیریەتی دەربڕین ومەعریفیەتی وێنەكان لەنێوان ئەو دوو زەمەنە جیاوازەدا  وەك یەك نییە. لەزەمەنی یەكەمدا شێوازی دەربڕینەكان ستوونیین وقورساییەكی گەورە وتیژ دەخەنە سەر خودەكان.
بەمەش كاری كاردانەوەكان,بەخێرایی, ڕوو دەدات ودواتر بۆشایی وگرژییەكان دەكەونە نێوان خود وئەو وبابەتەوە  چونكە ڕێگەی شێوازەكە ڕۆشنبیریەتێكی دیاریكراوی سۆسیۆڵۆژی وفیكری لەپشتەوەیە كەڕەنگە پەسەند نەبێت لەڕووی تێگەیشتنەوە بەو پێیەی ڕۆشنبیریەتی تێكڕای خەڵكی  لەو زەمەندا وەك پێویست نەبووە كە نەیانتوانیبێت ناخی كەسێتی خود وبابەتەكەیمان بۆ ڕاڤە بكات.
هەر لەبەر ئەمەشە, لادانەكان لەسروشتی پاڵەوانەكان ڕوو دەدات كەهەندێك جار ئەم پاڵەوانە ناچارە شێوازی توند وتیژی یان شۆڕشگێڕی چەكداری هەڵبژێرێت كە كۆتاییەكەی بەجۆرێك لەتراژیدیا دەشكێتەوە.ئەم جۆرە لەپاڵەوان,لەلایەن خودەكانەوە,بەپاڵەوانی بەكێشە وگێرەشەوێن دەدرێن لەقەڵەم,هەر وەك  لەشیعری "بووكێكی ناكام "و "گوڵی خوێناوی "ی گۆران دا بە دی دەكرێت.
بەڵام لەزەمەنی دوهەمدا شێوازی دەربڕینەكان ئاسۆیین كە ئەم شێوازە جۆرێك لەهێمنی و هێوەربونەوەی تێدایە ودەیەوێت ،بە ێ گوشارەكان ، ئاڕاستەی هەست و بۆچوونی خودەكان بگۆڕێت لەئاستێكی نالەبار بۆ ئاستێكی لوژیكی مەعریفی. ئەم شێوازەش پێویستی بە دەربڕینە سوریالیەكانە كەجۆری گوتارەكانی كراوەن وهەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەخودەكان ناكات.بەڵكو بەپێی ماوە زەمەنییەكان، یان باشتر وایە بڵێین, بەپێی ڕۆشنبیریەتی زەمەنی ئێستا خودەكان هەمیشە ئەو باوەڕەیان لا دروست بووە كەماناكان خۆیان لەكوێدا شاردۆتەوە و لەپێناو چیشدا خۆیان شاردۆتەوە! خۆ ئەگەر خودەكان لەڕاستی ئەو مانا ومەسەلە وپرسیار وئەنجامانە بگەن ئەوا كاری تێگەیشتن یان گواستنەوە بە ئاسانی ئەنجام دەدرێت وتێدەپەڕێت.
بەمانایەكی ڕوونتر ڕۆشنبیریەتی زەمەنی ئێستا گەیەنەرێكی ئەكتڤە بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی خودەكان. نیان مەستی لەشیعرەكەیدا حەزی بەپرسیاری خودەكانە ، تا هاوشێوەی گوتاربێژێك وەڵامی پرسیارە فەلسەفیەكانی زەمەنی ئایندەمان بۆ بداتەوە. دیارە ، لێرەدا ، شاعیر پێویستی بە كۆمەڵێك سەرچاوەلێگرتنە وەك سەرچاوەلێگرتنی ئاینی وئەدەبی.ئاینییەكە بە نموونەی چیرۆكی میعراج وئەدەبیەكەش بە نموونەی چیرۆكی قیس وجمیل كە ئەم سەرچاوەلێگرتنانە فاكتەر وبەڵگەیەكی ووزەبەخشن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكان. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەڕۆشنبیریەتی زەمەنی ئێستا پێویستی بەڕۆشنبیریەتی زەمەنی ڕابردوو دەبێت,چونكە كارەكانی ئێستا بەبێ سەرچاوەلێگرتنەكانی زەمەنی ڕابردوو, وەك كارێكی قایلكاری یان ئایدیۆڵۆژیایی, ئەنجام نادرێت.هەر لەبەر ئەمەشە ، گەر بمانەوێت مەملەكەتێكی نموونەیی ، دور لە كارە بزێوە میتریالیزمەكان ، دروست بكەین ئەوا خودی پاڵەوان پێویستی بە ئەو و ئەوان هەیە.بەمەش كاری تێگەیشتن بۆ شتەكان ، یان نەخشەكان ئەنجام دەدرێت.
گریمانەیەكی تر بۆ دەقەكە، ئەوەیە كەخودی بكەری شاعیر دەیەوێت جۆری پەیوەستبوون بۆ ئەوی نموونەیی نیشان بدات وەك ئەوەی بڵێت,بەشێك لەمرۆڤ هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە خۆی لەهەڵوێستە نموونەییەكاندا دەبینێتەوە ، بەڵام دواتر، بەهۆی گوشاری جیهانی نانموونەیی، گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە وخودەكان بەرەو پەرت پەرت وتێكشاندن ڕۆشتوون ودواتر گوتارەكانیش,بەهەمان شێوە, بەرەو زبری یان ئیفلجی. ئەمە كاردانەوەی خراپ لەسەر پرنسبی تێگەیشتن یان ڕەوشتی جوانییەكان دروست دەكات.
بۆیە نیان مەستی لەشیعرەكەیدا دەیەوێت ئاگادارمان بكات كەهێشتا بوار ماوە بۆ كردنەوەی گرێ كوێرەكان یان گەڕانەوە بۆ سروشتی جوانییەكان. دیارە ئەمەش دوای ئەوە دێت كەهێزی بیستن وبینینی تاكەكان بەرەو كزی ڕۆشتوون ولێرەشەوە مەترسییەكان بەرە وكوشتنی بەهای جوانییەكان ڕوو دەدات.  واتە، سروشت ودۆخی خودەكان, بە هۆی كاری دایەڵۆگییەوە, بەرەو گۆڕانكارییە ناسروشتییەكان ڕۆشتوون وڕۆحی میوزیك وشیعر سەما و خۆشەویستی دەبنە دڵەڕاوكێ و ترس وتۆقین وگرژی و گۆڕینی ئاراستەی پێناسە وتێگەیشتن وجێگۆڕكێی پڕۆفایلەكان وسەیركردنی شتە ناشیرینەكان بەچاوی نموونەیی وپێچەوانەكەشی  هەر ڕاستە. دوا گریمانەشمان ، بە پێی ماوە وڕووبەری نوسینەكەمان، بریتییە لە ململانێی دوو جەمسەری جیاواز ئەویش جەمسەری گەڕان بەدوای جوانییەكان وجەمسەری چاوەشەی جوانییەكان.
شاعیر سەرەتا لەدەقەكەیدا تووشی دڵەڕاوكێیەك بووە بەهۆی چەندێتی جەمسەری دوهەم و بڵاوبونەوەیان لەسەرجەم جومگەكانی ژیان ونازانێت ئایندەی بەهای جوانییەكان بەرەو كوێ دەچێت ! ئایا دەتوانێت، لەڕێگەی ئەو چۆنیەتە دەگمەنەوە، پارێزگاری لەخەسڵەتەكانی خۆی ودەوروبەری بكات؟ لەلایەكی ترەوە شاعیر دوای پرسیارە سەرسوڕمانە چاوەڕوانكراوەكەی ئەو ڕاستیەی لا دروست دەبێت كە هێشتا  جێگە وپێگەی جوانییەكان یان خۆشەویستیمان بۆ جوانییە نموونەیییەكان جێگەی تایبەتی لای ئەو خودانە هەیە كە نرخی زەمەنە زێڕینەكانیان لەلایە،گەرچی ڕێژەی ناحەزان بەو جوانیانە ڕێژەیەكی فراوانی داگیر كردووە. لێرەدا شاعیر تەنها وێنەیەكی بەسە بۆ بەرانگاربوونەوەی ئەم جۆرە ڕێژەیە ئەویش گرێدانی خود و ئەوی نموونەییە وەك دۆخێكی سایكۆڵۆژی وكاریگەریی و هەڵچوونی وئایدیۆڵۆژیایی كە دەتوانێت دۆخی ڕێژەی جەمسەری بەرامبەر بگۆڕێت بۆ حاڵەتی سفر و لەوێشەوە بۆ جارێكی تر چاو پیاخشانەوەی جدی بكرێت بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی سروشتی خودەكان لەنێگەتیڤەوە بۆ پۆزەتیڤ, بەوپێیەی دەقەكە ، بە كوردی و عەرەبیەكەیەوە، جۆرە گەشبینیەكی تەواو بە خۆوە دەبینێت.
جارێك بەئاهەنگی سەركەوتن وجارێكی تر بە فڕین بەرەو جیهانی فریشتە وئاسمانە بێگەردەكان. ئەم دوو حاڵەتە نیگەرانی جەمسەری بەرامبەری لێدەكەوێتەوە. بەمەش ئەنجامی گەمەكان ئاشكرا دەبن وكۆدەكانی شێوازە سوریالیەكەش بەرە و كردنەوە دەچن. لەلایەكی تریشەوە جەمسەری دووەم كەهەمیشە خۆی لەحاڵەتی جەنگدا دەبینێتەوە پێویستی بەجەمسەری یەكەمە تا بتوانێت بەلایەنی كەمەوە بەكاری هێوركردنەوە هەڵسێت وئەمەش تا تاكەكان لەڕێگەی ئەم كەناڵی هێوركردنەوەیە بتوانن بەئاسودەیی بژین وئایندەیەكی ئاسۆیی بۆ سەرجەم تاكەكان مسۆگەر بكەن. یان هەر نەبێت ڕێگە خۆشكەرێك بێت بۆ ڕاگرتنی بالانسەكانی نێوان جوانی وناشیرینی.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved