13/10/2019 10:22 PM

لە بەڕێوەچوونی مامەڵەی خوێندكاران دەكۆڵرێتەوە‌

بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی مامەڵەی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆو پەیمانگەكان، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی تۆماری گشتی زانكۆی سلێمانی و پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی بەسەركردەوە.

د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی زانكۆی سلێمانی كردو لەلایەن د.رەزا حەسەن حسێن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی‌ پێشوازی لێكرا.

لە سەرەتادا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی تۆمارگای گشتی زانكۆی سلێمانی بەسەركردەوەو لەنزیكەوە لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی كارەكان و مامەڵەكانی وەرگرتنی خوێندكارانی لە زانكۆی سلێمانی كۆڵییەوە، لە كۆبونەوەیەكیشدا لەگەڵ تۆماری گشتی زانكۆ گفتوگۆ لەبارەی كێشەو سكاڵاكان و چۆنێتی بەڕێوەچوونی مامەڵەی خوێندكاران كرا، بۆ ئەمەش دووپاتیكردەوە وەك وەزارەت هەموو هەوڵێكمان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی زۆرترین دەرفەتی دادپەروەر بە ڕەچاوكردنی كوالێتی خوێندن بۆ دەرچووانمان لە زانكۆو پەیمانگەكان بڕەخسێنین.

وتیشی: ئاگاداری باروگوزەرانی هاووڵاتیانین بۆیە لە سۆنگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی و لەپێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیانی خۆمان، بڕیارماندا كرێی خوێندن لە زانكۆو پەیمانگە حكومییەكان كەمبكەینەوەو ئەمەش بێگومان سودی زۆری بۆ خوێندكارانمان دەبێت.

لە بەرامبەردا خوێندكاران و كەسوكارەكانیان دەستخۆشیان لە وەزیری خوێندنی باڵا كرد، بۆ ئەو ئاسانكارییانەی ئەمساڵ لە وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆو پەیمانگەكان كراوە، بەتایبەتتریش دەستخۆشیان لێكرد بۆ كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە زانكۆو پەیمانگە حكومییەكاندا.

هەروەها وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، لەنزیكەوەش سەرجەم بەش و هۆبەكانی تۆمارگای گشتی زانكۆی سلێمانی بەسەركردەوەو گوێی لە كێشەو داواكارییەكانیان گرت و بەڵێنی چارەسەركردنی پێدان.

لەلایەكی ترەوە لەگەڵ سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی بەسەركردەوەو لەگەڵ د.ئالان فەرەیدون سەرۆكی زانكۆی پۆڵیتەكنیكی سلێمانی و ڕاگرو مامۆستایانی پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی كۆبونەوە.

لەو سەردانەدا وەزیری خوێندنی باڵا سەرجەم بەشەكان و تاقیگەكانی پەیمانگەی تەكنیكی بەسەركردەوەو دەستخۆشی لێكردن كە توانیویانە لەماوەی رابردوو كارەكانیان بە شێوەیەكی باش جێبەجێبكەن، وتیشی: پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی لەماوەی تەمەنیدا توانیویەتی خزمەتێكی باش بە رەوتی زانست لە وڵاتەكەماندا بكات و چەندین كادیری راهێنراو و پیشەیی ئامادەبكات و پێشكەش بە بازاڕی كاری هەرێمەكەمان بكات.


خاك - راگەیاندنی خوێندنی باڵا






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved