14/10/2019 10:21 PM

بازاڕی هەمیشەی بۆ جووتیاران دابین دەكرێت

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم، عەلوەی هاوچەرخی هەولێر (بازاڕی سەوزەو میوە)ی بەسەركردەوەو رایدەگەیەنێت: بە كردنەوەی عەلوەی هاوچەرخی هەولێر بازاڕی هەمیشەیی بۆ جووتیاران دەكرێتەوە.

لە سەرەتای بەسەركردنەوەكەدا، وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ بەڕێوەبەرو ئەندازیارانی كۆمپانیای جێبەجێكاری عەلوەی هاوچەرخی هەولێر كۆبوونەوەو رایگەیاند: پێویستە لە جێبەجێكردن‌و كردنەوەی عەلوەی نوێ رەچاوی دۆخی جووتیاران‌و ئەو كەسانە بكرێت كە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم عەلوەیەیە.

پاشان وەزیری كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو، بەشەكان‌و كۆگاو ساردكەرەوەكانی عەلوەی هاوچەرخی هەولێری بەسەركردەوە‌و بەپێویستی زانی، بە كردنەوەی ئەم عەلوەیە بازاڕی هەمیشەی بۆ بەرەوبومی جووتیاران دابینبكرێت‌و هەڵگرتنی بەرهەمی جووتیاران بۆ وەرزەكانی تری ساڵ جێبەجێبكرێت.

عەلوەی هاوچەرخی هەولێر، لەسەر رووبەری 200 دۆنم زەوی دروستدەكرێت، كە خۆی دەبینێتەوە لە چەندین كۆگاو ساردكەرەوەو شوێنی تایبەتی داگرتنی هەموو جۆرە بەرهەمێك، بە كردنەوەی ئەم بازاڕە، جموجۆڵی بازرگانی سەوزەو میوە بۆ هەموو كوردستان‌و ناوەڕاست‌و باشووری عیراق جوڵە بە خۆیەوە دەبینێت. هاوكات لە بازاڕەكەدا نوێترین سیستم بۆ پاراستنی بەرهەم‌و كۆكردنەوەی داتای پێویست بەكارهاتووە.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved