15/10/2019 10:20 AM

بەرهەمە تازەكانی چاپەمەنی خانی

بەرهەمە تازەكانی چاپەمەنی خانی

چاپەمەنی خانی لە سەقز یەكێكە لەو دەزگا رۆشنبیرییانەی كە چەند ساڵێكە كار دەكەن، بەرهەمی جوان و نایابی نووسرانی كورد چاپ و بڵاودەكەنەوە، لەو چەند ساڵەی وا كار دەكەن كۆمەڵێك بەرهەمی نایابی نووسەرانی كوردیان چاپ كردوە، شوێن دەستیان بە دنیای چاپەمەنی ئەدەبی كوردییەوە دیارە، بەرهەمەكانیان لەناو دڵی خوێنەرە جیدییەكاندا جێگایان بووەتەوە، گەلێك كتێبی بەنرخیان بە چاپ گەیاندووە، لەوانە كۆمەڵە چیرۆكی مزگێنی كە بەرهەمێكی ئاست بەرزی نووسەری ناودار و بە توانا مامۆستا محەمەد رەمەزانییە. بەرهەمەكانی سەید قادری هیدایەتی رۆمانی گابۆڕ و تۆقی عەزازێل و.. كە لە رۆمانە جیدییەكانی ئەدەبی كوردین و لەسەر ئاستی رۆژهەڵات و باشوور وەك رۆماننووسێكی بەتوانا و شارەزا ناسراوە. خانی گەلێك بەرهەمی جوانی چاپ كردووە، لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە كاك ئازاد حەسەنی و هاوڕێیانی چاپەمەنی خانی بكەین بۆ ئەو كارە باشانە. كە هەم وەكو بەرهەم ئاست بەرزن و هەم وەكو چاپ و نەخشەسازی بەرهەمەكان كوالێتی كارەكان زۆر جوانە.
بۆ ئەم ساڵ، دووهەزار و نۆزدە چاپەمەنی خانی كۆمەڵێك بەرهەمی نووسرانی كوردی چاپ كردووە و لە دوو هەفتەی پێشوو دا لە رۆژهەڵاتی كوردستان بڵاوبوونەوە، بڕیار وایە بەم زوانە چاپەمەنی خانی بۆ بەشداری كردن لە پێشانگەی كتێب بەو بەرهەمە تازانەوە بەشداری لەو پێشانگەیا بكات كە لە مانگی یانزەدا لە باشووری كوردستان دەكرێتەوە، ئەو بەرهەمە تازانەی چاپخانەی خانی بریتین لەم كتێبانە: نەسری كوردی و گۆڕانی فۆڕم (ڕەخنە و لێكۆڵینەوە) لە نووسینی سەید قادر هیدایەتی. ڕۆڵی كەسایەتییەكان لە ئەفسانەی كوردی دا (ڕەخنە و لێكۆڵینەوە) نووسینی ئەحمەد چاك. روو لە ئاسویەكی نادیار (ڕەخنەولێكۆڵینەوە) نووسینی سیاوەش كەریم زادە. ڕەوتی گەشەكردنی چیرۆك و گێڕانەوەی كوردی (ڕەخنەو لێكۆڵینەوە) نووسینی عەزیز مەحموود پور. چاوشارەكی (كۆمەڵە چیرۆك) نووسینی سراج بناگەر. دونیا سێ پیتە (كۆمەڵە چیرۆك) نووسینی  مەحموود نەجمەدین. دەنگی نوختە (نۆڤلێت) نووسینی سەید قادر هیدایەتی.  ناو نامەی كورد ( كۆكراوە) ئارمان كەریمی، شەرمین موهڵەتی. كۆمەڵە شیعری مژ (شێعر) لە ئینگلیزییەوە عەتا میرەكی وەریگێڕاوە. دیوانی كوردی (شێعر كلاسیك) مستەفا بەگی ساحێبقڕان ساغكردنەوەی محەمەد مستەفا. توقی عەزازیل (ڕۆمان) چاپی دووهەم نووسینی سەید قادر هیدایەتی. چیرۆكە خەو شەوانی هاوین، وەرگێڕانی سەید ڕەسوڵ حوسەینی.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved