16/10/2019 05:42 PM

خوێندنەوەیەك بۆ ڕۆمانی تیمساح، لە تەرازووی زاستی زماندا

 

ن.بێستون ئەبوبەكر 
     زانستی زمان ئەو زانستییە، كە هەوڵدەدات، ئەوەی دەگوترێت و ئەوەی دەنوسرێت، شیبكاتەوە، بەشێوەیەك تێگەیشتنی دیاردەكان ئاسانتردەكات بۆ ئەوەی لە داهاتوو سودی زیاتر لە بەرهەمی بیركردنەوە و ئەزموونی خەڵكی ببینرێت، ئامڕازی سەرەكی ئەدەب، زمانە و لە نێو زمانیشدا هونەری گفتوگۆكردن و خۆدواندن و گوتاردان و زمانی لاشە"جەستە"یە، وێڕای ئەوەیش نوسینی دەستور و یاسا..هتاد، هونەری نوسینن، هەموو ئەمانەیش لە نێو زانستی زمانەوە تیۆریی گرنگ بۆ تێگەیشتنی زیاتر زۆرتر و ورتر ، بۆ شیكردنەوەیان خراوەتەڕوو، یان دەخرێتەڕوو، لێرەوە شیكردنەوەیەكی واتایی بۆ هەندێك لە مەبەستەكانی ئەم دەقە ئەدەبییە دەخرێتەڕوو.
    ڕۆمان شیناكرێتەوە، بەڵكو دەخوێنرێتەوە، چونكە خودی ڕۆمان شیكردنەوەی بۆ ڕووداوەكانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو دەكات، لە ئەو سێ پێوەرەی كاتیشدا دەكرێت شتی ورد و جوان بڵێت، بەڵام زۆرجار ڕۆمانیش بە دوور نییە لە ئایدلۆژی، زۆرجار بیركردنەوە و دروشم لە نێو ڕۆماندا گەشەی پێدەكرێت و بڵاودەكرێتەوە، لێرەوە چەمكێك" هەندێك" خوێندنەوە بۆ ڕووداوەكانی نێو ڕۆمانەكە دەكرێت. ئاشكلرایە، ڕۆمان شت زۆر وردو شیدەكاتەوە، مەرج نییە زۆر پێویست بێت زۆر زۆر بخونرێتەوە، بەڵام خوێندنەوەیشی لە هەندێك باردا سودی تایبەتی خۆیی هەیە. 
     مرۆڤ و تیمساح
    ئەوەی سەرنج ڕاكێش بوو، ناوی ڕۆمانەكە بوو، ویسترا بزانرێت تا چەند نوسەر لە ئەم گیاندارە وەك خۆی تێگەیشتووە، بەڵام لە كاتی خوێندنەوە ئەوە ئاشكرابوو، كەنووسەر ویستویەتی بۆ واتا و مەبەستی تر و بەشێوەیەكی تر ناوی ئەم گیاندارە بەكاربهێنێت، مرۆڤ لە تیمساح تێناگات و تیمساحیس وەك خۆراكێك لە مرۆڤ دەڕوانێت، یان لێدەترسێت، چونكە مرۆڤ بۆ گیاندارانی تر نامۆیە، كە لەسەر دووپێ و ڕێك و ڕاست دەڕوات، ئەوانی تر، یان چوارپێن، یان خشۆك و گەڕۆكن، یان دەفڕن، یان لەسەر دووپێ هەندێكیان دەڕۆن، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت وەك هەمویان لاسایی بكاتەوە و ئەوانیش نەبێت. یەكێك لە ئەو شیكردنەوانەی بەنامێیە، بۆ تیمساح و مرۆڤ شیكردنەوەی بۆ كردووە، كە گریانی تیماساحییە، گوایە دوای خواردنی نێچیرەكەی فرمێسكی بۆ دەڕژێت، نوسەری ئەم ڕۆمانەیش هەمان شتی دووبارە كردووەتەوە و زیادەیەكی نەخستووەتە سەر ئەم بیركردنەوەیە، بەڵام دەتوانرێت خوێندنەوەیەك تری بۆ بكرێت ئەویش ئەوەیە، كاتێك تیمساح نێچیرەكەی دەخوات، هەستی سەركەوتن و شادی دەردەبڕێت، بە شێوەی فرمێسكی خۆشی و شادی و سەركەوتنە، بەڵام ئێمەی مرۆڤ وەك گریان لێتێگەیشتوین، بەڵام خودی خۆشی و شادییە و لای تیمساحەكانیش هەمووی وایە و نەگۆڕاوە.
   كاتێك مرۆڤێك لە مرۆڤێك ناتوانێت تێبگات، وەك پێوەندی مرۆڤ و تیماساحەكەی دیستۆیفسكی لێدێت، هەستی ڕەشبینی لە نێوان ئەو دوو مرۆڤەدا دروست دەبێت، یەكیان خۆی بە مرۆڤ دەبینێت و ئەوی تر بە دڕندە و تیمساح دەبینێت، ئەو دووبونەوەرە دوو بونەوەری لە زۆر ڕووەوە جیاوازن، ئەوەی لە یەكتری نزیكیاندەكاتەوە، تەنیا ژیانە.
        ڕۆمان كورتناكرێتەوە، بەڵام دەتوانرێت شیكردنەوە، یان خوێندەوەیەكی بە كورتی بۆ بكرێت، ئەم ڕۆمانە، لە چواربەشدا (part)خراوەتەڕوو، نوسەری بەناوبانگی ڕووسی (دۆستۆیفسكی)- یە، لە لایەن "كاروان مەحمود 2015" بۆ سەر زمانی كوردی وەرگیڕدراوە، لە دووتوێی (105)لاپەڕەدایە، لە لایەن ناوەندی هونەریی و ڕۆشنبیریی ئەندێشەوە بڵاوكراوەتەوە. سەبارەت بە وشەی "تیمساح" لە ڕۆمانەكەدا نوسراوە , هاتووە،  كە (كرۆكۆدایڵ) ناوێكی ئیتاڵیاییە و بە واتای چڵیسی، یان ئارەزوی زۆرخواردن دێت. هاوشانی ئەوەیش میسرییەكانیش ئەم وشەیان (كرۆكۆر) لە فەرەنسییەكانەوە وەرگرتووە، كە بەواتا خواردن و مژین و قوتدانی خواراك دێت.
    ئەم ڕۆمانە لە چەند ئاستێكدا دەتوانرێت  خوێندنەوەی وردی بۆ بكرێت، وەك: لایەنی كۆمەڵایەتی، بۆ نمونە لە ڕووی كۆمەڵاتییەوە "تیمساح" ئاماژەیە، بۆ كلتور و نەریتی بیانی، كە ئەگەر وریا نەبین،  ئەو كات دەبینین چۆن كلتوری خۆماڵی بەزویندوویی قوتدەدرێت، واتە  دەكرێت وەك مرۆڤێك دەنگ دەربیین، بەڵام لە چێوەی دڕندەیەكدا تەماشادەكرێت، هاوكات بەهای مرۆڤ و تیمساحەكە تەنیا لە تەرازو و سەنگی ئابوریدا تەماشادەكرێت و گیانی كەسە وەك مرۆڤ بەبێ پارەپوول هیچ بەهایەكی نییە، یەكێك لە نیشانەكانی تری "تیمساح" خواستی دەروونی مرۆڤەكانە، كە زۆرجار مرۆڤ بە بەشی خۆی رازی نییە و هەوڵدەدات، كاتێك هاوڕێكەیەكیان كە لە دەمی تیمساحەكەدایە و هێشتا ماوە و نەمردووە، دەست بۆ پیرۆزییەكانی نێو ماڵی دەبەن و هاوڕێكەیان بە جێدەهێڵن، كە تێدا زۆر بەوردی ڕەخنە لە نەشیاوی ئەوجۆرە پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكان دەگرێت، كە لەسەر بەرژوەندی و خواستی دەروونی دروستبووە، باسی خۆشەویستی و جیاوازی تەمەنی ژن و پیاو و هاوڕێ كارو گەشتكردن و..هتاد، زۆر بواری تر دەكات، بەڵام ئەم بابەتە زیاتر شیناكەینەوە.
   دیاردە كۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی..هتاد، تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونكە ئەگەر مێژوو تەماشابكەین، پڕە لە ڕووداوی ئابوری و كۆمەڵایەتی كە لە كۆن و ئێستا وەكیەكن، یان زۆرنزیكن لەیەكەوە و دووبارە دەبنەوە، لێرەدا نوسەر باسی كۆمەڵێك لایەنی ئابوری و كۆمەڵایەتی ئەو ساڵانە دەكات، لەتەك سەردەمی ئێستا زۆر نزیكە، ئەمە ناكرێت وەك پێشبینی زۆر بەهێز تەماشابكرێت، بەڵكو دیاردەیەكەیە تا دنیا دنیا دووبارە دەبێتەوە، وەك: بازاڕ و گرانی، ستەموزوڵم و خۆشەویستی و خیانەت، بڵاوبونەوەی هەواڵ بە شێوەی ناڕاست ..هتاد، لە ئەم ڕۆمانەدا جەختیش خراوەتە سەر ئەم بابەتانە، بەڵام بە كورتی خوێندوەیە بۆ یەك، یان دوانی دەكرێت.
كارەكتەرە سەرەكییەكانی نێو ڕۆمانەكە بە كورتی:
1. سیمیۆن سیمۆنیج، گێڕەرەوە" ئەو"ە.
2. ئیلینیا ئیڤانۆڤنا: كچێكی ڕۆشنبیر و فەرمانبەری گەنج و شۆخ و شەنگە،  هاوڕێ سیمیۆنە لە فەرمانگەدا كاردەكات و هاوڕێی "ئڤان"یشە.
3. ئیڤان ماتڤیتیچ: فەرمنانبەرێكی بەتەمەنە، پسپۆڕی لە بواری ئابوریدا هەیە، هاوسەری ئیلینایە، ئەو كەسایەتیەیە، كە لەسەرەتایی ڕۆمانەكەدا باسدەكرێت، كە بلیتێكی گەشتی بڕیووە، بۆ ئەوەی گەشت بكات بە مەبەستی فراوابوونی ڕۆشنبیری گشتی و ماندوبوونی لە پیشەكەیدا، بەڵام كاتژمێر دوازدە و نیوی ساڵی (1865)-دا، پێش گەشتەكەی لەسەر داوا و خواستی هاوسەرەكەی "ئیلینیا"، بۆ نمایشێكی گەلەری و باخچەی گیانداران ڕۆشتن، بۆ تەماشاكردنی تیمساحێك، كە بۆ یەكەم جارە بۆ ڕووسا هێنراوە، "ئیڤان" دوای بینینی تیمساحەكە، دەستی بە یاریكردن بەلموزی تیمساحەكە  كرد و پاشان لە لایەن تیمساحەكەوە، سەری ئیڤان قوتدرا و دوای ئەوەی قاچەكانی بۆ سەرەوە بەرزبویەوە، ئەویشی وردە وردە قوتدا، دواترلە كاتی گەڕانی ئیلینایا و هاوڕێكەی بۆ ئیڤان، كاتێك لە سكی تیمساحەكەوە دەنگی "ئیڤان" هات، ئەوكات زانیان خەریكە قوتدەدرێت، یان قووتدراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی ڕامانبوو -  لە سكی تیمساحەكەدا بەزیندوی مابوبەیەوە و قسەیشی دەكرد، هاوشانی ئەوەیش ئیڤان داوای ڕۆژنامەی دەكرد، كە لە لایەن هاورێكانییەوە بۆیان هێنا و ڕۆژنامەكانی بۆ دەخوێنرایەوە، ئەویش لە نێو سكی تیماساحەكەوە گویلێدەكرت و پاشان گوتاریشی دەدا، ئەم ڕووداوەیش وەك ڕووداوێكی سەرسامكەر، لە نێو پایتەختی ڕووسیا بڵاوكرایەوە و بڵاوبویەوە..هتاد.
4. تیمۆفی: هاوڕێی ئیڤان و سیمیۆن، ڕۆژنامەنوسیكی بەتەمەن..هتاد.
    ڕۆمان خەیاڵی كۆكراوەی نوسەرە، كە لە سەر بابەتێك، یان چەند بابەتێك كۆكراوەتەوە و لە چێوە هونەری نوسیندا خراوەتەڕوو، یەكیًك لە ئەركە گرنگەكانی  نوسەری ڕۆمان ئەوەیە، دەستی خوێنەر بگرێت و كۆمەڵێك دیمەنی سەرنجڕاكێشی لە باخی خەیاڵی نوسەردا ببینێت. ئەم خەیاڵانەی نوسەر زۆرجار پەیوەستە بە ژیانی خەڵكییەوە و بارودۆخ ژیانی خەڵكی لە ئێستا و ئایندەدا شیدەكاتەوە، ڕۆماننوس هەندێك كات، زۆر بە خێرایی درك بە ئەو جۆرە ژیانە دەكات و دەسەڵات و خەڵكی لە ئەنجامی سیاسەت و ژیاری كۆمەڵاتی ئاگاداردەكاتەوە، لە ئەم ڕۆمانە باسی لایەنی دەروونی پیاوی بەتەمەن، ئافرەتی گەنج، كوڕی گەنج، بازرگان، ڕۆژنامەنوس، ئازادی و چەمكی ئازادی مرۆڤایەتی، گەشت و گەڕان، ڕۆژنامە و هەواڵ و ئازادی و ڕاستی گوتن، ئەوروپا و ڕوسیا و سەرسامی ڕۆسیا بە ئەورپییەكان و كێبڕكێ و شانكێی وڵاتان..هتاد، بە وردی باسكراوە.
    ئاشكرایە مرۆڤە خاوەن هێزو داهێنەر و بیرمەندەكان، بە دیاردە  گەورە و مرۆڤایەتییەكانەوە سەرقاڵن، لە ژیاری كۆمەڵایەتی دەكۆڵنەوە پێوەندی لە نێوان شتە دورەكان نزیك دەكەنەوە، هاوكاتی ئەوەیش بە گیاندارە بە هێزەكان سەرسامن و لێیاندەكۆڵنەوە، بۆ نوسەری ئەم ڕۆمانە، هۆكاریی هەڵًبژاردنی ئەو ناونیشانە پێدەچێت بۆ ئەو هۆكارانە بگەڕێنەوە، هاوكات ناونیشان لە ڕەخنە نوێدا كلیلی كردنەوەی دەقە و كۆكراوەی بیری نوسەریش لە وشەیەك، یان چەند وشەیەكدا كۆدەكاتەوە.
    ناونیشانی ڕۆمانەكە "تیمساح"ە، گیاندارێكی سەوز و سەوزباوە و زۆر كۆنە، خشۆكە، لە ڕووباردا دەژی، ئەمبەر و ئەوبەر زۆردەكات، بە هێزە و ترسناكە، لە نێو میسیرەییە كۆنەكاندا وا باسكراوە، كە سزایی تاوانباریان پێداوە، تاوانباریان دەخستە نیللەوە، تا بكەوێتە  بەردەم دادان و كەڵبە تیژەكانی تیمساحەوە، ئەوەی بەنامێیە، دوای خواردنی مرۆڤەكان و نێچیرەكان لە لایەن تیمساحەكانەوە – تیمساحەكە یەك دوو دڵۆپ فرمێسك بۆ نێچیرەكەیشی دەڕێژێت، كە ئەو فرمێسكە، فرمێسكی پەشیمانی نییە، بەڵكو ئارەق و فرمێسكی ماندبوونی تیمساحەكەیە، بە نێچیرەكەوە كێشاویەتی، تا كەرت كەرتی كردووە و خواردویەتی و بە ئەمەیش هەستی خۆشی و سەركەوتن بە ئەو چەند دڵۆپە فرمێسكە دەردەبڕێت.
    تیمساح، لە میسری كۆن و ئەمریكایش..هتاد، لای هەندێك لە خەڵكی، وەك ژەمی خواردن بەكارهاتووە، كە پشتی تیمساح دەكوڵێنرێت و بە چێژەوە دەخورێت، پەنچەكانی خڕن و دانە دانە لە نێو ئاودا شل و نەرم دەبێتەوە، بۆ خواردن بەچێژەوە نۆشدەكرێت. پێستەكەیشی قایش و قۆنەرەی لێدروست دەكرێت و وەك گیاندارێكی پڕبەهایش كاتێك لە باخچەی گیانداردا نمایشدەكرێت/ پیشاندەدرێت، پارەی پێپەیدادەكرێت، بەڵام ئەم گیاندارە لە لایەن كارەكتەراكانەوە، هەر لەسەرەتاوە، بینینی زۆر بەچێژ نییە، وەك نوسەر  لە بەندێدێكی"پەڕەگراف" ڕۆمانەكەدا لە زاری كەسایەتییەكانەوە دەنوسێت: 
- (( ئیلینا دەڵیت: وەرە سیمیۆن سیمۆنیج، با بڕۆین تەماشای مەیمونەكان بكەین، من شەیدای مەیمونەكانم، ئەوان زۆر ئێسكسوكن"ڕۆحسوكن" و لە بەردڵانن، بەڵام ئەم تیمساحە زۆر قیزەونە.
- ئیڤان ماتڤیتیج، بۆ ئەوەی ئازایەتی و جوامیری و پیاوانەی خۆی بەخێزانەكەی (ئیلینا) پیشاندابدات، بانگی لێكردوین و گوتی: ئاهو... گیانەكەم مەترسە، ئەم تیمساحە خەواڵ و حەپۆلەی سەر زەمینی فیرعەونەكان، هیچ ئازاریكمان پێناگەیەنێت)). دوای ئەوەی ئیلینای خیزانی ئیڤان و هاوڕێكەی سیمیۆن،  بە گوییان نەكرد و ڕۆشتن بۆ لای مەیمونەكان، ئیڤان لە لایەن ئەو تیمساحە حەپۆل و گێژەوە قوتدرا. كە لێرەدا هاوردەی تیمساح رٍەمزی مەترسییە، بۆ سەر ئابوری و خەڵكی ڕوسیا كە خەریكە لە لایەن ئەورپێكانەوە كاریان لەسەر دەكرێت.
ئەم گیاندارە كراوە بە ناونیشان ئەم ڕۆمانە لە بەر ئەم هۆكارانەیە: زۆر بە هێزە، دڕندەیە، مێژووی كۆنی هەیە، بێبەزییە، سەرنجڕاكێشە، ئاوی و وشكانییە، زۆر زۆر نییە، خشۆكە، نێهنیگرە، ئارامە لە كاتی ڕاوكردندا..هتاد، دستۆیڤسكی ئەم گیاندارەی هێناوە و وڵاتی ڕوسیایی لە مەترسی ئابوری نێوخۆیی و دەرەكی وەك وڵاتی ئەڵمانیا و بیانی ئاگاداركردووەتەوە، كە پێویستە لایەنی ئابوری ڕوسیا كە ئێستا لاوازە، زۆر بەهێز بكرێت و ئاگای لە وڵاتی ئەڵمانیش بێت، كە مرخی لە دەست بەسەراگرتنی ئابوری ڕوسیا خۆشكردووە. ئێستایش لە كوردستان ئەم دیاردەیە دووبارەبووەتەوە، كە وڵاتانی بیانی چاویان لەسەر خاك نەوت كەسی كوردستانییەكانە.
پوختەی ڕۆمانەكە ئەوەیە، باسی پیاوێكی (ناوی ئیڤان بوو) بە ڕێز و بە دەب و خاوەن كەسایەتی دەكات، كە خاوەنی تەمەنێكی گونجاوە، خێزانێكی گەنجی وردیلەی هەیە، كاتێك ئەم پیاوە دەچێتە نێو گەلەریكەوە، كە تێدا تیمساحێك لە لایەن بازرگانیكی ئەڵمانییە و هێنراوە و نمایشكراوە، "ئیڤان" كاتێك تەماشایی دەكات، تیمساحەكە ئیڤان بە زیندووی قووتدەدات، ڕووداوەكان بە ئەم ڕووداوە نائاساییە، دەست پێدەكات، ئیڤانیش لە نێو سك تیمساحەكەدا نامرێت، بەڵكو قسەدەكات و شوێنی نیشتەجێبوونی خۆشە و دواتر بانگێشتی خێزان و هاوڕیكەی دەكات كە وەرنە نێو سكی تیمساحەكەوە، جێگەی هەموومان دەبێتەوە. "ئیڤان" ئەو بەیانییەی (1865) و بەنیازبوو گەشتێكی دەرەوەی وڵات بكات، بۆ بەهێزبوونی بواری ڕۆشنبیری و ڕەوینەوەی ماندویەتی لە بواری كاری كارگێڕی فەرمانگەكەیدا، لە ڕێگەی ئیڤان و كارەكیەیەوە، بارودۆخی ئابوری و بێزاری خەڵكەی لە ئابوری ڕوسیا و هەوڵی ئەڵمانیا بۆ دەستبەسەرگرتنی ئابوری ڕوسیا شەنوكەودەكات، وەك كەسێكی پسپۆڕی ئابوری نوسەر دەدوێت، كەدەڵێت: ئەگەر ڕۆسیا بە ئاگا نەبێت لە بواری ئابوری لە لایەن ئابوری وڵاتانی ترەوە داگیردەكرێت و ئابوری ڕوسیایش دەپوكێتەوە. بارودۆخی ئابوری دەچوێنێت، بە گیاندارێكی وەك تیمساح، كە هەموو تایبەتمەندێكانی تیمساح وەك ( دڕندەیی و بەهێزویی، بەرژوەندخوازی و فرمێسكی تیمساحی و قوتدان بەزیندوویی و پارچەپارچەكردن، خواردن ..هتاد)، لە نێو ئابوریشدا هەیە، خاوەنی تیمساحەكە كە بازرگانێكی ئەڵمانیاییە، بە هیچ شێوەیەك رازی نابێت، سكی تیمساحەكە هەڵدڕن و ئیڤان دەربهێنن، بەڵكو داوای پارەیەكی خەیاڵی دەكات و بە ئەو شێوەیش بەهایی ئابوری بەسەر مرۆڤدا دەردەخات، دستۆیۆڤسكی دەیەوێت بڵێت: ئابوری وڵاتانی تر(وەك ئەڵمانیا) وەك تیمساح و بازگانەكە وایە، بە ئاگا نەبین ڕوسیا بە زیندوی قوتدەدات، چونكە توانا و هێز و دڕندەی و خاوەن هەژموونە و دەتوانێت ئەو كارەبكات.
   دەسپێكی ڕۆمانە لە لایەن كەسایەتی گێڕەڕەوە"ئەو" كە ناوی (سیمیۆن سیمۆنیج)ە، دەست بە گێڕانەوەكان دەكات، كە هاوڕێی كاری خێزانی ئیڤانە – كە ئیلینایە، لێرەوە لە نێو ئەم بازنەدا لایەك بەلایی خۆشەویستیدا دەكاتەوە، باسی هاوسەری ئیڤان دەكات، كە ناوی "ئیلینا ئیڤانۆڤنا" تەمەنی زۆر لاوە و هاوسەرەكەی زۆر بەتەمەنترە، بەڵام ئەمە وەك گرفتێكی گەورە لە نێو ڕوسیا شیناكاتەوە، بە ئاماژەیەك  تروسكە ئاسا باسی خۆشەویستی سیمۆن و ئیلینیا دەكات، كاتێك ئیڤان لە نێو سكی تیماساحەكەدایە و بیئاگایە لە دۆخی دەرەوە، لە ئەویشەوە كۆتای بەڕۆمانەكە دەهێنێت و هەمان هەستیش لە دڵی ئیلینا بۆ سیمۆن بەدیدەكرێت، لە ئەم ڕۆمانەدا بەتەواوی باسی بەرژوەندخوازی و یارییەكانی مرۆڤ لەتەك مرۆڤ و و وڵات لە تەك وڵات دەكات، بۆ بواری ئابوری و خۆشەویستی و هاوڕێیەتی كێبرَكێدەكەن، نوسەر زۆر ورد و جوان پارو خوڕ دەنوسێت، بە جۆرێك خوێنەر كەمەنكێش و ئاوێزانی دەقەكە دەكات و دەستی خوێنەر بۆ كۆتا لاپەڕە درێژ دەكات، بە بەرزی و  نشێویدا خوێنەر دەبات، چاوی بە دوای نوكی قەڵمیدا دەبات و جارێك جوان و جارێك خۆش و جارێك تامی پڕ چێژ بە خوێنەر دەبەخشێت، جارێكیش چاوی خوێنەر بۆ دۆخە رزیو و ناشیرینە كۆمەڵایەتی و ئابورییەكان دەبات، دووبارە بیربەمرۆڤ دەكاتەوە.
لەنێو ڕۆمانەكەیشدا پانتایەكی گەورە، بۆ بواری ڕاگەیاندن تەرخانكراوە، كە زۆربەی كات بابەتەكانی ڕاستییەكان وەك خۆی گرنگە پێنادات، وەك لە یەكێك لە بەندەكانی ڕۆمانەكەدا، كە لە ڕۆژنامەكانی ڕۆسیادا گوتارێك لەسەر ڕووداوی گەلەرێكە نوسراوە، كە گوایە تیمساحەكە، كە بازرگانێكی ئەڵمانی بۆ ڕوسیا هێناوە، كەسایەتییەكی ڕووسی بە زیندوی قوتداوە، بە ئەم شێوەیە لە ڕۆژنامە ڕووسیەكەدا ئەو هەواڵە باسكراوە كە نوسراوە:
- ((... ئەمە چییە، هەرچەند ئەیهێنم و ئەیبەم، سەر لەم وتارە دەرناكەم، ئەمە چی مانایەكی هەیە؟
- مەبەستت چییە؟
- لە هیچ شتێك تێناگەم، لە بری ئەوەی بەزییتان بە بارودۆخی "ئیڤان ماتڤیدچیدا" بێتەوە، كەچی فرمێسكی تیماساحی بۆ تیمساحەكە هەڵدەڕێژن و بەزەیتان بە ئەودا دێتەوە!
- جا بۆ بەزییان پێیدا نەیەتەوە، ئەوانە تەنانەت بە زەییان بە دڕەندەترین گیاندار و شیردەردا دێتەوە، ئێمەیش دەبێت وەك ئەورپا بیربكەینەوە و بگەین بە ئەوان. بۆ نابێت؟ بە هەما شێوەیەش لێرەیش، هەستێكی پڕجۆشوخرۆش بەرانبەر بە تیمساح هەیە. ها ها ها...))
    لێرەدا نوسەر زۆر بەوردی ڕەخنە بەرانبەر بیرۆبۆچوونی ژیاری كۆمەڵایەتی ڕوسیا  و پایتەختی ئەم وڵاتە گرتووە، كە پێویستی بە باشبوونی زیاتر هەیە.





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved