19/10/2019 11:27 AM

دنیای نوێی دڵڕفێن

دنیای نوێی دڵڕفێن
رۆمانێكی ئەڵدۆس هەكسلییە و د. ئازاد حەمە شەریف وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی كوردی، ئەم رۆمانە لەدووتوێی 364 لاپەڕەدا چاپ بووە، لەبڵاوكراوەكانی ماڵی وەفایی یە، ئەم بەرهەمە یەكێكە لە گرنگترین رۆمانەكانی سەدەی بیستەم لەسەرانسەری دنیادا كاریگەری لەسەر نووسەرانی پاش خۆی هەبووە، چەندین رۆماننووسی وەك جۆرج ئۆروێڵ كاریگەری ئەم رۆمانەی لەسەربووە. ئەم رۆمانە لەساڵی 1931 دا نووسراوە، بەڵام رووداوەكانی بەجۆرێك باسی ئایندەیان كردووە، رووداوەكان ئەگەری ساڵی 2540 ن واتە زۆرتر لە خەیاڵی زانستییەوە نزیكن، پێشبینی نووسەرە لەو سەردەمە دوورەدا مرۆڤ چۆن دەژی؟ چ گۆڕانكارییەك بەسەر دنیادا دێت؟ ژیانی مرۆڤەكان چی لێ بەسەردێ؟ نووسەر باس لەكارگەی دروست كردنی مرۆڤ دەكات، وەك لە پێشەكی وەرگێڕدا هاتووە: لەم كۆمەڵگە تەكنەلۆژییە پێشكەوتووەی رۆژئاوادا سەركردە باڵادەستەكانی دنیا دەیانەوێت رۆڵی خودا لەسەر زەوی ببینن و لای ئەوان فۆرد هەموو شتێكە، چونكە ئەو خاوەنی بیرۆكەی داهێنانی  هێزی بزوێنەرە لەدنیادا. لەوێ (فۆرد) جێگەی (لۆرد_ واتە خودا) دەگرێتەوە، لە ئینگلیزیشدا فۆرد و لۆرد هاوسەروان.
ئەم بەرهەمە یەكێكە لەو بەرهەمانەی خوێندنەوەی ئەستەمە و خوێنەر دەبێ بەوردی بیخوێنێتەوە و خوێندنەوەی قورسە، د. ئازاد پێشتریش رۆمانی وێنەی هونەرمەند لە تافی لاویدا ی جیمس جۆیسی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی ئەم جۆرە بەرهەمانە خوێندنەوەیان سەختە و دەبێ زۆر بەوردی بیخوێنیتەوە و خوێنەری تایبەتی دەوێت، دەبێ زۆر بەسەبڕ بی لە خوێندنەوەیدا، وەرگێڕی ئەم رۆمانە دەست بۆ ئەو بەرهەمە تایبەتانە دەبات كە نەك هەر وەرگێڕانیان، بەڵكە خوێندنەوەشیان كارێكی قورسە و حەوسەڵەی باشی دەوێت، ئەگەرچی شێوازی ئەم رۆمانە جیاوازە لەو شێوازی نووسینەی كە جیمس جۆیس پێی دەنووسێ، ئەوەی جۆیس پێی نووسیوە شێوازی مەنەلۆگە، كە شێوازێكی قورس و ئەستەمە هەم بۆ نووسەران و هەم بۆ خوێنەران.
 لە پێشەكی رۆمانی دنیای نوێی دڵڕفێن دا وەرگێڕ دەڵێت: خوێندنەوەی ئەم رۆمانە سەختە بە تاقە جارێك خۆی بەدەستەوە بدات، هەر بۆیە داواكارم لە خوێنەرانی هێژا بەلای كەمەوە دووجار كەمتر نەیخوێنیتەوە تا لەهێما و راز و پەنهانییەكانی ئەم نووسینە بەهادارە بگەن.
د. ئازاد لەپێشەكی وەرگێڕانی رۆمانی وێنەی هونەرمەند لە تافی لاویشدا بەهەمان شێوە داوا لە خوێنەر دەكات سەبڕیان هەبێ و بەوردی رۆمانەكە بخوێننەوە. جا لەسەر ئەم ئەساسەش ئەم جۆرە بەرهەمانە هەمیشە خوێنەریان كەمە، خوێنەر كەمتر خۆی لەقەرەی ئەم جۆرە بەرهەمانە دەدات، چون تێگەیشتن لێ كارێكی ئەستەمە.
ئەڵدۆس هەكسلی شاعیر و رەخنەگر و رۆماننووسی ئینگلیز لە ساڵی 1894 لە ناوچەی سێری لە بەریتانیا لەدایك بووە، نۆ جار بۆ خەڵاتی نۆبڵ كاندید كراوە، بەرهەمەكانی ئەم نووسەرە بریتین لە زەردی كرۆمی، ئەو گەڵا بێبەرانە، دوای چەندین هاوین، مەیمون و نەژاد، دنیای نوێی دڵڕفێن.
د. ئازاد حەمە شەریف نووسەر و وەرگێڕ بە سێ زمان دەنووسێ، كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی، یانزە كتێبی نووسیوە، و بیست و یەك كتێبی وەرگێڕاوە.

سورکێو ناسر




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved