21/10/2019 08:56 AM

زاكیرەی با بە ئیسپانی


زاكیرەی با گۆرانییەكە لەپێدەشتی گەرمێنەوە بۆ بەستەڵەكی ئەوروپا، شاسوارێكی گەرمیانییە بە سەر بەستەڵەكی ئەوروپادا دەڕوات و چیرۆكی خۆی گەنجی لە دەستچووی خۆی بۆ كچان و كوڕانی ئیسپانیا دەگێڕێتەوە. زاكیرەی با بۆ یەكەمجار دەزگای سەردەم، لە ساڵی ٢٠٠١ چاپی یەكەمی كردووە، ساڵی ٢٠١١ دەزگای موكریانی چاپی دووەمی كردوەتەوە. بەزمانی فەڕەنسیش بڵاوبووەتەوە و دەزگای ئارمەتان لە پاریس ساڵی ٢٠١٣چاپێكی فەڕەنسی كردوە. ئێستاش، لە لایەن "ماریان خێسوس یون"ەرە كراوە بە ئیسپانی و خەریكە ئامادەی دەكات بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە.
"زاكیرە با" لە ساڵی ١٩٩٣ نووسراوە، گێڕانەوەیەكی شیعرییە، تێكەڵییەكە لە نێوان خەیاڵ و بیرەوەری. باسی یەكێك دەكات كە بە نهێنی دەگەڕێتەوە شاری كەركووك، ئەو دەمەی هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی بەعسدا بوو، پێچ شەو لەشارەكە دەمێنێتەوە و شوێنگەلێك بەسەردەكاتەوە كە منداڵیی خۆی تیا بەسەربردووە. جۆرە گەڕانێكە بەداوی یادەوەرییەكان و خەونێكە بەدوای دۆزینەوە ماڵی یەكەم.
ئەحمەدی مەلا شاعیر و نووسەری دیاری كورد لەساڵی 1957 لە گوندێكی ناوچەی شوان، هاتۆتە دنیاوە. قوتابخانەی سەرەتایی و ناوندیی لە شاری كەركوك تەواوكردووە و ئامادەیی لە بەغدا. لەساڵی1981 بەیەكجاریی كوردستان بەجێ دەهێڵێت و لەتاراوگە ژیان بەسەر دەبات، ماوەیەك لە شاری ژنێڤ (جنێف) دەژێت. كۆمەڵە شیعری (زەردك) لەساڵی 1988 بەچاپ دەگەیەنێت و پاشان بۆ خوێندن دەچێتە فەرەنسا، ماستەر لە زانستەكانی زمان و دكتۆرا لە ئەدەبی بەراوردكاریی لە زانكۆی فرانش كۆنتێ لە ساڵی 1999 وەردەگرێت. ئێستاش مامۆستای مێژووی زمان و ئەدەبیاتی فەڕەنسییە لەزانكۆی كاستییا لا مانچا، لەئیسپانیا.
بەدەر لە كۆبەرهەمە شیعرییەكەی چەندین بەرهەمی نووسیوە، لەوانە زاكیرەی با، پەناهەندە. وتار و لێكۆڵینەوەی ئەدەبیش دەنووسێ و لە رۆژنامەكان بڵاویان دەكاتەوە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved