مه‌ریوان مه‌سعود كتێبی (گۆران، وه‌ك زمانێكی ئه‌ده‌بی) لێكۆڵێنه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی- زمانه‌وانییه، له نووسینی ئه‌یوب كوێخا رۆسته‌مه و له‌م رۆژانه‌دا، چاپی دووه‌می بڵاوكرایه‌وه. ئه‌م كتێبه، ده‌روازه‌یه‌كی ئه‌كادیمی و زانستییه بۆ چوونه نێو دونیای زمان به‌گشتی به‌تایبه‌ت زمانی كوردی كه (گۆران) ده‌كاته چه‌قی باسه‌كه‌ی و پرسیاری بنچینه‌یی ده‌وروژێنێت كه ئایا گۆران زمانی گۆكردنه یان زمانێكی ئه‌ده‌بی؟… مامۆستا ئه‌یوب كوێخا رۆسته‌م، له كتێبه‌كه‌یدا كه بێ شومار سه‌رچاوه‌ی به‌كارهێناوه، سه‌ره‌تا له‌سه‌ر چه‌مكی زمان به گشتیی قسه ده‌كات و شیده‌كاته‌وه كه زمان چییه‌و پێناسه گونجاوه‌كانی كامانه‌ن، سه‌ره‌تا ده‌ڵێت: «زمان له‌ناو ئێمه‌ی كورددا به دوو مانا دێت، یه‌كه‌میان بۆ ئه‌و پارچه گۆشته پته‌وه‌ی له ناوده‌مدایه، دووه‌میان بۆ ئه‌و قسه‌كردن و ئاخاوتنه‌ی كه له نێوان خه‌ڵكدا هه‌یه‌و له و رێیه‌وه له یه‌كتر تێده‌گه‌ن، زمانیش هه‌ر زمانێك بێت، به‌شێكه له شارستانییه‌تی میلله‌ت و لێی جیاناكرێته‌وه». نووسه‌ری ئه‌م كتێبه، له كتێب و توێژینه‌وه‌و ته‌نانه‌ت كۆڕ‌و سیمیناره‌كانیشی ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم، به‌رده‌وام (زمان) ره‌گه‌زی بنچینه‌یی لای، بۆیه ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت له خوێنه‌ری ئه‌م كتێبه‌شی بگه‌یه‌نێت كه زمانه هه‌موو شتێكی كۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه‌و ده‌وڵه‌ت و ته‌نانه‌ت مرۆڤایه‌تییشه، بۆیه به‌م پێناسه ساده‌یه‌ی سه‌ره‌وه ده‌چێته نێو باسه‌كه‌یه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به چێژه‌وه بچێته نێو باسه‌كه‌ی. پاشان، گێڕانه‌یه‌وه‌یه‌كی خێرا‌و وردی مێژووی زمان ده‌كات كه دابه‌شی كردوون به‌سه‌ر چوار ده‌سته‌و بۆ ئه‌وانیش شیكاری وردی كردووه. له باسێكی تری كتێبه‌كه‌یدا، نووسه‌ر چه‌ند پێناسه‌یه‌كی گشتی بۆ زمان ده‌كات و دواتر دێته سه‌ر ئه‌و تێڕوانینه جیاوازانه‌ی سه‌باره‌ت به زمانی كوردی هه‌بوونه‌و بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ند نموونه‌و پێناسه‌یه‌ك ده‌خاته‌ڕوو. له باسی دووه‌می كتێبه‌كه‌یدا، به‌وردی ئاماژه به ئاڤێستاو زمانی په‌هله‌وی ده‌كات، و سه‌باره‌ت به زمانی ئا‌ڤێستا، ده‌نووسێت: له زۆربه‌ی نووسینه‌كانی پێشوودا باس له‌وه كراوه كه ره‌گه‌كانی زمانی كوردی بۆ زمانه‌كانی (مادی، ئاڤێستایی، په‌هله‌وی) ده‌گه‌ڕێنه‌وه، هاوكات قسه له‌وباره‌وه كراوه زمانی مادی شوێنه‌واێكی وه‌های لێ به‌جێنه‌ماوه‌و ئاماژه‌ی زۆریش هه‌ن كه زمانی (ئاڤێستایی) هه‌مان زمان بێت به كه‌مێك جیاوازییه‌وه. له‌م باسه‌شیاندا، نووسه‌ر به‌وردی شیكاری بۆ هه‌ردوو زمانی ئاڤێستایی و په‌هله‌وی ده‌كات و له‌زۆر رووه‌وه ده‌یانخاته‌ڕوو، كه به‌داخه‌وه تا ئێستا ئه‌وه‌نده قسه‌یان له‌باره‌وه نه‌كراوه به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌مێك له‌باره‌ی زمانی ئاڤێستاییه‌وه وترابێت، به‌ڵام له‌باره‌ی زمانی په‌هله‌وی هه‌ر زۆر كه‌م وتراوه. بۆیه لێره‌دا، چه‌ند بڕگه‌یه‌ك له‌و به‌شه وه‌رده‌گرین كه مامۆستا ئه‌یوب له‌باره‌ی زمانی په‌هله‌وییه‌وه نووسیونی: « سه‌باره‌ت به زمانی (په‌هله‌وی) زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌مباره‌وه نووسیویانه باسیان له‌وه كردووه، ئه‌م زمانه به درێژایی چه‌ندین سه‌ده‌و سه‌رده‌مانێكی دوورودرێژ، زمانی دیوانی ده‌وڵه‌ته‌كانی (ئه‌شكانی و ساسانی) بووه، هه‌روه‌ها هه‌تا سه‌رده‌می خه‌ڵافه‌تی (عه‌بدولمه‌لیك كوڕی مه‌ڕوان) كه له‌نێوان ساڵانی (67-86 كۆچی)، وه‌ك پێنجه‌م خه‌لیفه‌ی ئه‌مه‌وی حوكمیكردووه‌ـ زمانی دیوانی (ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وی)ش بووه». له‌باره‌ی وشه‌ی په‌هله‌ویشه‌وه ده‌نووسێت: (په‌هله‌وی=پاڵه‌وی) كه پاشان (پاڵه‌وانی) پێوتراوه، سه‌ره‌تا ناوی هۆزێكی زۆر ئازا‌و قاره‌مان بووه، ساڵی (250 پێش زایین)، ده‌ستیانداوه‌ته خه‌بات و تێكۆشان دژ به پاشماوه‌كانی داگیركارانی (سلوكی) له ئه‌نجامدا سه‌ركه‌وتنیان به ده‌ستهێناوه‌و توانیویانه ده‌وڵه‌تی (پارتی=ئه‌شكانی) دابمه‌زرێنن، ئه‌م ده‌وڵه‌ته به درێژایی زیاتر له (500) ساڵ حوكمڕانیكردووه له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتییاندا زمانی دیین و ده‌سه‌ڵات زمانی (په‌هله‌وی) بووه‌و به‌لایانه‌وه زمانێكی پیرۆز بووه. له باسێكی تری كتێبه‌كه‌یدا، ئه‌یوب كوێخا رۆسته‌م، له‌باره‌ی ماچۆ- هه‌ورامی ده‌نووسێت و له‌مباره‌یه‌شه‌وه چه‌ندین لایه‌نی زانستی و مێژوویی ئه‌م چه‌مكه روونده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها باسی ناوچه‌ی هه‌ورامان و پێگه‌ی جوگرافی و مێژوویی و مرۆیی ده‌كات. له‌به‌شی دووه‌می كتێبی (گۆران، وه‌ك زمانێكی ئه‌ده‌بی)، به‌ناوی چه‌رده‌یه‌ك سه‌باره‌ت به تێكستی كوردی، نووسه‌ر سه‌ره‌تا ره‌خنه ده‌گرێت و ده‌ڵێت:» له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌وڵبده‌ین خوێندنه‌وه‌ی زانستی بۆ تێكسته‌كان و زمانه‌كه‌یان بكه‌ین، له هه‌مان كاتدا به‌راوردێكی ورد‌و ئه‌كادیمی له‌گه‌ڵ تێكسته هاوشێه‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌رمان بۆ هه‌مان سه‌رده‌مه‌كانیان بكه‌ین، كه‌چی فزه‌مان له خۆمان بڕیوه‌و كوت و مت لێی دانیشتووین». دیاره، له‌به‌شی دووه‌م نووسینه‌كانی به‌سه‌ر دوو به‌شی بچووكتر دابه‌شكردووه :1- تێكسته‌كانی شوێنكه‌وتووانی (دیینی یارسان) 2- تێكسته‌كانی هه‌ستیارانی تری ده‌ره‌وه‌ی (دیینی یارسان). له‌پێناسه‌ی یارسان، ده‌نووسێت: یارسان رێوڕه‌چه‌یه‌كی دینی كوردییه په‌یڕه‌وكارانی له كوردستاندا زۆرن، په‌یوه‌ندی دیار‌و كاریگه‌ری به دیینه ئارییه‌كان، به‌تایبه‌ت : دیینی ئاری كۆن، دیینی میترایی، دیینی زه‌رده‌شتی… هه‌روه‌ها تاڕاده‌یه‌ك به هه‌ردوو دیینی: (مانه‌وی و مه‌زده‌كی)شه‌وه هه‌یه. به‌شی سێیه‌می كتێبه‌كه‌ش، كه دوا به‌شیه‌تی، به‌ناوی گۆران- زمانی گۆكردنه، یان زمانێكی ئه‌ده‌بی، نووسه‌ر دێته سه‌ر ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌كه‌و شیكارییه‌كی ورد‌و قوڵ بۆ گۆران ده‌كات له‌رووی زمانه‌وه، به پشت به‌ستن به چه‌ندین سه‌رچاوه، نووسه‌ر ده‌ڵێت: له‌سه‌ر رۆشنایی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی سه‌باره‌ت به زمانی كوردی ودیالێكت و شێوازه‌كانی دواون، زۆربه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن، (گۆران) دیالێكتێكی بنه‌ڕه‌تی (زمانی كوردی)یه. پاشان، ناوی چه‌ندین نووسه‌رو توێژه‌رو مێژوونووس دێنێته‌وه كه باسیان له گۆران كردووه له رووی زمانه‌وه، له ده‌رئه‌نجامی كتێبه‌كه‌شدا، مامۆستا ئه‌یوب، ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی كه به‌دیالێكتی گۆران ناویده‌ركرددووه له زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كاندا به یه‌كێك له دیالێكته سه‌ره‌كییه‌كانی زمانی كوردی داده‌نرێت و له كه‌میاندا به لاوه‌كه‌ی له قه‌ڵه‌مدراوه.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure