21/10/2019 09:32 PM

کۆیە.. یادی تایەر تۆفیق و رۆژی هونەر کرایەوە

لە مەراسیمێکی شایستەدا لە شاری کۆیە، ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورە تایەر تۆفیق و رۆژی هونەر لە کۆیە، بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و کەسایەتی و هونەردۆستان کرایەوە.

مەراسیمەکە بە سەرپەرشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لاهور شێخ جەنگی بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و خوێندنەوەی ژیاننامەی هونەرمەند تایەر تۆفیق و وتاری چەند کەسایەتییەک و خوێندنەوەی شیعر بەڕێوەچوو، دواتر تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە لەگەڵ ژمارەیەک لە هونەرمەندانی گۆرانیبێژ چەند بەرهەمێکیان پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

هەر لەو مەراسیمەدا وەک ڕێزو وەفایەک بۆ هونەرمەند سەردار ئەحمەد وێنەیەکی لەسەر ستەیجی موزیکژەنەکان دانرا، کە هونەرمەندی ناسراو سەردار ئەحمەد لە ساڵی 1945 لە شاری كۆیە لەدایكبووە، یەكێكبوو لە میوزیسیانە ناسراوەكانی كوردو دامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیەو لەماوەی تەمەنیدا خزمەتێكی زۆری بە هونەری كوردی كردووە.

کورتەیەک لە ژیاننامەی هونەرمەندی گەل (تایەر تۆفیق)
تایەر تۆفیق ناوی تەواوی تایەر تۆفیق ئاو ڕەحمانی حەمەدی شێخانیە لە ساڵی ١٩٢٢ لە گەڕەکی بەفری قەندی لە شاری کۆیە لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٣٢ دەچێتە خوێندنگای سەرەتایی و لەبەر زیرەکی لە پۆلی ٢ دادەنرێت، لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا دەست بە گۆرانی وتن دەکات و زۆربەی شیعرەکانی ناڵی، کوردی، حاجی قادر، بێخود، صافی، عەونی، مەیلی، زکی، دڵدار  لەبەردەکات، لە ساڵانی ١٩٤٢ – ١٩٤٣ کە گرانیە کوشندەکە دێت دەستبەرداری خوێندن دەبێت و لە شارەوانی کۆیە دەبێتە کرێکار، ماوەیەکیش لەگەڵ حەمە تەیاری حەمە فەندی بە فەرمانبەری چۆتە بەسڕە، لە ساڵی ١٩٤٥ دەچێتە ئێستگەی ڕادیۆی بەغدا حەفتانە بۆ نیو سەعات گۆرانی دەڵێت، بۆ یەکەمجاریش مەقامی لە گورێ لە سۆرە گورێ و بەستەی کراس زەردێ دەڵێت، خاڵە تایەر لە (١٢/٩/١٩٥٦) دەگەڕێتەوە هەولێرو دەبێتە فەرمانبەر بە کاتبی ناحیەی سیدەکان، لە ساڵی ١٩٥٧ دەگەڕێتەوە بەغدا لەدوای شۆڕشی ١٤ی تەمموز دەگەڕێتەوە کۆیە، خاڵە تایەر لە ساڵی ١٩٨٠ توشی پاڵە پەستۆی خوێن و شەکرە دەبێت چەندجاریش بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی چووە بۆ دەرەوەی وڵات بەڵام بێسوود بووە تاکو بەیانی ڕۆژی ٣شەممە ٢٠/١٠/١٩٨٧ دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و لە گۆڕستانی (غەریبان) بەخاکسپێردرا.

خاك - پوكمیدیا









زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved