22/10/2019 08:41 AM

حەمە تاڵی بانە

حەمە تاڵی بانە، مێژووی خەبات و بەسەرهاتی، ئەم كتێبە گەشتێكی مێژووییە بە خەبات و تێكۆشان و بەسەرهات و رۆڵی ئەم كەسایەتییە لە كوردستاندا، ئەم بەرهەمە لەدووتوێی 129 لاپەڕەدا چاپ بووە، لە نووسینی كەمال نوری مەعروفە، سەلام مستەفا پێداچوونەوەی بۆ كردووە.
مێژووی كورد پڕە لە گیانبازی و شەڕ و تێكۆشان، ئەگەرچی هێشتا چوار پارچەی برنیدار و داگیركراوە، هێشتا لە ژێر باری ستەمدا دەچەوسێنرێتەوە، لێ خاوەنی خەبات و تێكۆشانی سەدان ساڵەیە و گەلێك پیاوی ئازا و تێكۆشەری مەزنی بەخۆوە بینیوە، بەڵام جاش و ناپاك و زۆرداری زلهێز هەمیشە لەمپەڕ بوون لەبەردەم شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكانی كورد. ئەگەر ناپاكی و فێڵی زۆرداران نەبوایە كورد خاوەنی گەلێك شۆڕشگێڕی مەزن بووە. چەندین سەدەیە كورد شۆڕش لەدوای شۆڕش، هەمیشە لە راساندا بووە ئەم گەلە و دوژمنیش بۆ هەموو راسان و راپەڕین و شۆڕشێكی كورد پیلانی خوێنڕێژانەی هەبووە و بەزەبری شمشێر و ڕم تا دەگاتە ئەم سەردەمە بە زەبری چەكی كیمیاویی و فیسفۆر شۆڕشەكانیان تواندوەتەوە، لێ نەكورد دەستبەرداری خاكی دەبێ و نە دوژمنیش ئەوەندە هۆشی هەیە تێبگات كە گەلێكی چل ملیۆنی قڕ ناكرێت، لەناو ناچێت. شۆڕش لەدوای شۆڕش قوربانی ئەدات. حەمەتاڵی بانە یەكێكە لەو پیاوە ئازایانەی رۆڵی گرنگی هەبووە لە شۆڕش و بەرخۆدانی گەلی كورد.
ئەم كتێبەش باس لە تێكۆشان و خەباتی حەمەتاڵی بانە دەكات، ناوەڕۆكی بابەتەكان لە بارەی ژیان و بەسەرهات و چالاكییەكانی حەمە تاڵی بانەوەیە، لە بابەتەكانی دووتوێی ئەم كتێبە: ناوبانگی حەمە تاڵ، حەمەتاڵ دەكرێت بە حاكمی سەقز، حەمەتاڵ و وەفای هاوڕێیەتی، ئەوەی لە سلێمانی لەسەر حەمەتاڵ دەیگێڕنەوە، راكردنی حەمەتاڵ لەزیندان، هەوڵەكانی حەمە تاڵ بۆ بەردانی ئەندامانی خێزانەكەی لەزیندان، حەمەتاڵ و گرتنی زەرغام، حەمە تاڵ لەهۆنراوەی شاعیرە میللیەكاندا..چەندین بابەتی دیكە كە هەموو لەسەر ژیان و بەسەرهات و كارەكانی ئەم كەسایەتییەیە.
حەمەتاڵی بانە ئەو كەسایەتییەی كە زۆر تر خەڵكی لە رێگەی كۆرانی و شیعری میللیەوە ناویان بیستووە، سەرەتای ناوبانگی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1915 بۆ 1916 واتە سەردەمی جەنگی جیهانی یەكەم، ئەو عەیامە سەردەمی شەڕ و داگیركاری زلهێزەكانی جیهان بووە و روس یەكێك لە زلهێزەكانی دنیا بووە و ئەو سەردەمە لەشكری روسیای تزاری لە ئازەربایجانی رۆژئاوا پەلاماری كوردستانی رۆژهەڵاتی داوە بە مەبەستی داگیركردنی. ئەو عەیامە شێخ مەحمود وەك سەركردەیەكی كورد لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا بەرپەرچی روسیای تزاریان داوەتەوە و شەڕیان كردوە. جا لەو رۆژگارەدا گیان بازی حەمەتاڵی بانە تا ئێستاش دەگێڕدرێتەوە كە چۆن لەشكری روسی تێكشكاندوە و توانیوێتی روس تێك بشكێنێ و هەر لەو گیان بازییەوە كە لەم كتێبەدا بەوردی باس كراوە، حەمەتاڵی بانە ناوبانگی دەركردوە وەكو سەركردەیەكی ئازا و پاش ئەو شەڕەیش كراوە بەحاكمی سەقز و لەو ماوەیەی حاكمی سەقز بووە خزمەتی خەڵكی هەژاری كردوە، خەڵكیش لێی رازی بوون.
 كۆی ئەم كتێبە باس و خواسی گیانبازی و وەفاداری و ئازایەتی حەمەتاڵی بانەیە، كە چۆن زیندانی كراوە، چۆن لە زیندان هەڵهاتووە، چۆن چووەتە شەڕەوە و بە ورەی بەرزەوە سەركەوتووە بەسەر دوژمناندا.
سورکێو ناسر




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved