23/10/2019 12:07 PM

ماڵئاوا ژەنەراڵ


ئەم شەو ژەنەڕاڵە كەڵەگەتەكەی شیعر لە كەشێكی پاییزەدا دواین شیعری بەخوێنی زەردی پایزە نووسیەوە، ئەم شەو دواشەوی شیعرێك بوو، پتر لەسی ساڵە مانیفێستی پایز و مەرگ دەنووسێتەوە، ئەز باوەڕم نەبوو لە شەوێكی غەمگینی پایزەدا رۆحت وەك یەكەم گەڵای زەرد هەڵگەڕاوی ئەم پاییزە رەشەبای غەم و كوێرەوەری بەرەو حەوێقی ئاسمان بیبات، پێم وابوو وەك ئەمیل سیۆران تەمەنێك لەگەڵ مەرگدا ئینكەبەری دەكەیت، گەمە لەگەڵ مردندا دەكەیت، لێ وانەبوو ژەنەڕاڵ، داخی گرانم وانەبوو، لە شەوێكی ئەم پاییزە غەمگینەدا دوا شیعرت بەخوێنی رەشباوی میحنەت نووسیەوە، شیعرێك تەمەنی كوێرەوەری بڕییەوە. شاعیری پاییز ئەم شەو بەدەم بای پاییزێكی غەمگینەوە شار كە نووقمی خەمی لەشكركێشی غەدارێك بوو بەمەرگی تۆ راچەنی. خرۆشاو دڵی ئەم شارە . زایەڵەی تۆش لە عەرشەوە دەگاتە گوێمان پڕ بە دنیا دەڵێی " بۆ شادمانی زۆر كورتە تەمەن، بۆ كوێرەوەری نابڕێتەوە."
 محەمەد عومەر عوسمان ئەو شاعیرەی ژەنەڕاڵی پاییزە، چوار وەرزە لەگەڵ پاییزدا ژیا، ئەو پیاوە كەڵەگەتەی هەر بە چەند شیعرێك پتر لە سی ساڵە پاڵەوانێكە بەنێو دنیای شیعری كوردیدا دێ و دەچێ، وشە پاییزییەكانی لەسەر زاری عاشقانی شیعرن، ژەنەڕاڵ هەر خۆی شیعرێكی باڵابەرز بوو، لەم سەر زەمینە پان و بەرینەدا هێلانەیەكی بچووك و خاكەڕایی لەسەر لقی درەختێكی رووتەڵ چێ كردبوو. هەر بەباڵای ئەو درەختە رووتەڵەیەی پاییزدا خۆی هەڵواسی.
 ژەنەڕاڵ، زمان شكاوە، دەرەقەتی ئەم كۆستەت نایەت، كوڕە تاقانەكەی پاییز. پتر لەنیو سەدە تەنیا و تەنیا باوەشت بە ئەژنۆی خۆتدا كردبوو، دواجار دواوەسوەسەی مەرگ هات و تۆش وەك گەڵایەكی پاییزە خۆت خزاندە باوەشییەوە.  
ماڵئاوا ژەنەراڵ، رۆحت شادبێ
خاك  




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved