23/10/2019 02:37 PM

شەبەنگی خۆكوشتن لەدیوانی لەغوربەتا



(پار ساڵ ئەم وەختە ئەم بابەتەم نووسی .. ڕۆحت شاد و ماڵئاوا کاکە حەمەی ئازیز، ئاخر ئیتر ژیان بەو هەموو حەسرەت و تەنهایی و دڵشکانەوە نەدەکرا).

شوان ئەحمەد


ئای... كەی بێ‌ چەقۆی ژێر سەرینەكەت
لەقوڵپی خوێنتا گەرم بێتەوە؟
یان مردن بمرێ‌ و لەژوورەكەتا
هەوری خۆكوشتن بڕەوێتەوە؟

-محەمەد عومەر عوسمان، خۆكوشتن-

خۆکوشتن سەرەنجام پاکانە حیسابی ئێمەیە لەگەڵ ژیاندا. ژیانێک کەتێیدا نائومێد دەبین و دوایین شەڕەکانی خۆمانی تێدا دەدۆڕێنین و ئاڵای سپی هەڵدەکەین.
خۆکوشتن وەک حاڵەت و وەک دیاردەیەک، ڕۆژانە لێرەو لەوێ ڕوو دەدات. یان لەدوور گوێ بیستی دەبین، یاخود لەبندەستی خۆماندا دەقەومێت.
لەنێو ئەدیب و هونەرمەند و ڕۆشنبیراندا، لیستێکی دوورو درێژمان بەو ناوانە هەیە کەلەئان و ساتێکی نائومێدی قوڵدا، کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوەو خۆ ویستانە مەرگ و فەنابوونیان هەڵبژاردووە(چیزاری بافیتزی ، مایاکۆڤسکی ، کلایست ، پاوڵ تسیلان ، هەمەنگوای ، واڵتەر بنیامین ، سارە کەین و .....هتد)، چەند نموونەیەکن.
هاوکات نمونە گەلێکی دیکەش هەن کەخۆ کوژیان ئەنجام نەداوە، وەلێ وەک بابەتێک بیرکردنەوەیانی داگیر کردووەو بەچڕو پڕی لەنوسینەکانیاندا ئامادەگی هەبووە. فەلسەفەی دێوانەیەکی ڕەشبینی وەک (ئەمیل سێۆران)، چاکترین بەڵگەیە لەو ڕووەوە.
لەئەدەبیاتی کوردیشدا، نمونەیەکی زەق و بەرجەستەی ئەوحاڵەتەمان هەیە کەنائومێدی و ڕەش بینی وتارمایی خۆکوشتن، بەفەزای زۆرێک لەتێکستەکانیەوە دیارە.
لەمێژووی شیعری هاوچەرخی كوردیدا، تاقانە دیوانێكی خنجیلانەی (154) لاپەڕەیی هەیە كەساڵی 1985 چاپ بووەو تائێستاش سێ‌ جار چاپكراوەتەوە. ئەودیوانەش (لەغوربەتا)ی محەمەد عومەر عوسمانی شاعیرە. هەركەس بۆجارێ تێكستەكانی (لەغوربەتا)ی خوێندبێتەوە، ئەو دیوانەی بیرنەچۆتەوە.
كەم نوسین و جوان نوسین، لەناو ڕۆشنبیریی کوردی و لەناو كاروانی شیعری كوردیدا زۆر بەرچاو ناكەوێت، جگە لە (ڕازی تەنیای) بەهەشتی ئەحمەد هەردی و (لەغوربەتا)ی ژەنەراڵی پایز.
تێمای شیعرەكانی ئەو دیوانەی حەمە عومەر عوسمان خەمێكی قوڵی وجودییە، تەنییایەكی پڕسام و پوچگەراییەكی پوختە كەئەو لەژیانی ڕۆژانەی خۆیدا لەمسی كردووەو لەگەڵیدا ژیاوەو قەپاڵی گەورەی لێگرتووە.
شەبەنگی خۆكوشتن و كەوتنی ئومێد و دڵشكان لەدنیا، بەدێڕ بەدێڕی قەسیدەكانەوە دەبینین (ڤان كوخ، تەنیای، سەراب، كۆست، كارەسات، ڕەهێڵە، یەسەنین، هانا، شەوی پایز). بەڵام لەچامەی (خۆكوشتن)دا، هەموو ئەو شتانە بەزەق و زۆپی بەدی دەکەین.
شاعیر بەتاسەو حەزو ئارەزوویەكی زۆرەوە، بیری لای خۆكوشتن و مەحفبوونەوەیەو دەنووسێت :

ئای كەی بێ‌ چەقۆی ژێر سەرینەكەت
لەقوڵپی خوێنتا گەرم بێتەوە؟

ئەوەی دەی خاتە سەر کەڵکەڵەی خۆکوشتن و وای لێدەكات بەئاسانی دەستی بچێتە خۆی، تەنیاییە، تەنیایەكی كوشندەو تاقەت پڕوكێن. هەر بۆیە دەركەوتنی ڕوخساری یار بەكاڵی و بەنیوەو ناچڵی لەژوورەکەیدا، وادەكات مەرگ چەند فرسەخێک دوور کەوێتەوەو هەوری خۆكوشتن بڕەوێتەوە.
سەروەختێكیش سیمای ئەو دوور دەكەوێتەوەو ژوورەكەی جێدێڵێت، سەرلەنوێ:‌

لەنێو چاوانیا هەزاران تابووت دەخولێتەوە
لەتەموومژا پەل دەهاوێت و جارێكی تریش هانا بۆ چەقۆ و خۆكوشتن دەبات..




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved