25/10/2019 09:01 PM

هاوردەكردنی مریشك قەدەغە دەكرێت

بەهۆی زیادبوونی بەروبوومی ناوخۆیی لە پەلەوەردا، هاوردەكرنیان قەدەغە دەكرێت و جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانیش رایدەگەیەنێت، وەبەرهێنان لە پرۆژە كشتوكاڵییەكاندا رووی لە زیادبوون كردووە.

قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەنراویکدا رایگەیاندووە: لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا كۆبوویەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبوومی ناوخۆیی بڕیاردرا پێداچوونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.

لە دوای كۆبونەوەكەش رزگار حمد خدر جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی وتی: بەهۆی زۆربوونی پرۆژە كشتوكاڵیەكان و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ هەروەها بۆ پشتگیری خاوەن پرۆژە پەلەوەرییەكان، بۆ مانگی یازدە هاوردەكردنی مریشك قەدەغە دەكرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووه كە، لە رێژەی بەروبومە هاوردەكراوەكان رەچاوی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆو كەمبوونەوەی بەكارهێنان لە وەرزەكاندا كراوە، لیژنەكە بۆ مانگی (11)ی ئەمساڵ بڕیاری دا 800 تۆن ماسی و 500 تۆن گۆشتی سور هاوردە بكرێت و هاوردەكردنی مریشك و هێلكەش قەدەغە دەكرێت.

سەبارەت بە هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو لیژنەكە دوو پێشنیاری بۆ وەزارەت خستەڕوو بۆ دیراسەكردنی
1- ڕەسید كراوە بێت بۆ ئەو كۆمپانیاو بازرگانانەی كە پسپۆڕن لە بوارەكەدا لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەكان ئاژەڵ هاوردە بكرێت.
2- ڕێگە بدرێت تەنها خاوەنی پرۆژەكانی ئاژەڵداری ئاژەڵ هاوردە بكەن بەپێی مۆڵەتی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی.

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved