25/10/2019 09:29 PM

بەرهەمی خۆماڵی پێداویستی بازاڕ دابیندەكات

رێژەی بەروبومی ناوخۆیی لە پارێزگای سلێمانی 65% پێداویستی بازاڕ دابیندەكات و لەو بڕەش بەشێكی هەناردەی پارێزگاكانی تری عیراق دەكرێت, قائیمقامی سلێمانی رایدەگەیەنێت گرنگی تەواو بە بەروبومی ناوخۆیی و پرۆژە كشتوكاڵییەكان دەدەن و داواش لە جوتیاران دەكات پارەی "عمولە" نەدەن.

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاریكردنی هاوسەنگی بەروبونی سەوزەو میوە  لە پارێزگای سلێمانی كۆبوەوە, لە كۆبوونەوەكەدا قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: لەچەند مانگی رابردووداو لەگەڵ پێگەیشتنی بەشێك لە بەروبومی ناوخۆیی و قەدەغەكردنی هاوردەكردنی ئەو بەروبومانەی كە لە ناوخۆ بەرهەمدەهێنرێت، كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر بوژانەوەو گەشەسەندنی بەروبومی ناوخۆیی و ساغكردنەوەی بەوربومی جوتیاران, ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بە ئامانجی زیادكردنی ئاستی بەروبومی ناوخۆیی پاڵپشتی زیاتری جوتیاران و پرۆژە خۆماَلییەكان دەكەن و پێداویستیەكان بۆ دابیندەكەن, قائیمقامی سلێمانی وتیشی: وەك پاڵپشتیەك بۆ جوتیاران و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان بڕیاری وەرنەگرتنی "عمولە" لە جوتیاران لە عەلوەی سلێمانی بەتەواوی جێبەجێ دەكرێت و لەكاتی فرۆشتنی بەرهەمەكانیان هیچ بڕە پارەیەك لە جوتیاران وەرناگیرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی رابردووداو بەهۆی وەرگرتنی "عمولە" لە جوتیاران چەند نوسینگەی كشتوكاڵی لە عەلوەی سلێمانی داخراون, لە كۆبوونەوەكەدا قائیمقامی سلێمانی جەختی لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە كردەوەو رایگەیاند: هەر نوسینگەیەكی كشتوكاڵی پارە لە جوتیاران وەربگرێت روبەڕووی سزا دەكرێتەوەو شوێنەكەی دادەخرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بڕیارەكە كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر دروستبونی جموجوڵ و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی جوتیاران لە عەلوەی سلێمانی, لەبارەی بڕیارێكی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بۆ رێگریكردن لەو بەرهەمە دەرەكیانەی كە بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ قەدەغەكراون. وتی: لەرێگەی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیەوە رێگری تەواو لە هەموو ئەو بەرهەمانە دەكەن بە مەبەستی ساغكردنەوەو گرنگیدانی زیاتر بە بەروبومی ناوخۆیی جوتیاران.

لەبارەی بەبازاڕكردنی بەروبومە ناوخۆییەكان و باشتر ساغكردنەوەیان قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: پێویستە گرنگی زیاتر بە كردنەوەی پێشانگە كشتوكاڵییەكان بدرێت و بكرێتە دەرفەتێك بۆ بەبازاڕكردن و دۆزینەوەی گونجاوترین رێگە بۆ ساغكردنەوەی بەروبومە خۆماڵییەكان.

بەپێی ئەو ئامارانەی كە لە عەلوەی سلێمانی تۆماركراوە بۆ ئەمساڵ لەم وەرزەدا "50-60" هەزار تۆن هەنارو "200-300" تۆن ترێ لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەرهەمدەهێنرێت, كە بەتەواوی پێداویستی بازاڕ دابیندەكات و بەشێكی رەوانەی شارەكانی تری عێراق دەكرێت, ئەمە جگە لەو بەرهەمانەی تر لە سەوزەو میوە كە لە ناوخۆیی هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێت, بەمەش كۆی گشتی بەرهەمە ناوخۆییەكان بۆ مانگی داهاتوو "65% پێداویستی بازاڕ دابیندەكات و تەنیا 35% پشت بە بەرهەمی دەرەكی سەوزەو میوە دەبەسترێت.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا پێشنیاركرا باجی زیاتر بخرێتەسەر ئەو بەرهەمانەی سەوزەو میوە كە لە دەرەوە هاوردە دەكرێت, ئەمەش بە ئامانجی ساغكردنەوەو گرنگیدانی زیاتر بە بەروبومی  خۆماڵی و پڕۆژە كشتوكاڵییەكان.

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved