لەسەتا ٩٩ی سەرچاوەکانی ئاوی شیرینی جیهان کە به شێوەی کێوی سەهۆڵن لە گرینلاند و ئانتارکتیکا یان هەمان جەمسەری باشوور هەڵکەوتوون. توانەوەی ئەم سەهۆڵە زەبەلاحانه لە دۆخێکی ئاساییدا هەزاران ساڵی پێدەچێ. بەڵام ئەگەر ئەم پرۆسەیە یەک شەو بخایێنێت چی ڕوو ئەدات؟ لە درێژەی بابەتدا وڵامی ئەم پرسیارە ئەدەینەوە. کاتێک هێشتا لەخەوداین، ئاستی دەریاکان ٦٦ مەتر بەرز ئەبنەوەو لەندەن و نیۆیۆرک و شەنگەهای ئەکەونه ناو لافاوێکی وێرانکەرەوە ئەم ڕووداوە ئەبێته هۆی ئاوارە بوونی سەتا ٤٠ی دانیشتوانی سەر زەوی. هاوکات کە ئەم ڕوودانە لەسەر زەوی یەک لە دوای یەک ڕوو ئەدەن، لە ژێر زەویش کۆمەڵێک ڕووداوی مەترسیدارتر ڕوو ئەدەن. ئەو ئاوە سوێرەی لە ئەقیانووسەکانەوە بەزەویدا بڵاوبوونەتەوە دزە ئەکەنه ناو سەرچاوەکانی ئاوی شیرین و ژەهراوی ئەکەن. ئیتر ئاوێک بۆ خواردنەوە نامێنێت. دواتر سیستەمی کەشوهەوای "گۆلف ستریم" کە گەرمای ئەوروپا دابین ئەکات، بەهۆی ئەو هەڵمەی کە لەئاوی شیرینەوە بەرهەم دێت، تووشی ئاڵۆزی ئەبێت و ئەم ناوچەیه (ئەوروپا) تووشی سەهۆڵبەندان ئەبێت. بەڵام کارەساتەکە لەمانەش قووڵتر ئەبێتەوە. بەشێک لە کێوە سەهۆڵەکانی جیهان لە بەرزاییەکانی هیمالایان و لەناو ئەم سەهۆڵانەدا مادەیەکی کیمیایی زۆر ژەهراوی به ناوی (DDT) بوونی هەیە و لەگەڵ توانەوەی سەهۆڵەکان دێته نێو ژینگەی مرۆییەوە. ئەم قسانه ڕەنگه هاوشێوەی چیرۆکێکی خەیاڵی یان ئاخر زەمان بێت، بەڵام به گوتەی کارناسان لە ئەگەری بەرزبوونەوەی تەنها یەک پلەی سەنتیگراد دا، ئەم چیرۆکە لەجیهانی واقیعدا ڕوو ئەدات. مەترسییەک کە بەهۆی ژەهراوی بوونی لەڕادەری ژینگەوە، چاوەڕوان ئەکرێت.
سەرچاوە: businessinsider
خاک_پشکۆ کامەران
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure