27/10/2019 09:37 AM

دوو كتێبی سەید قادر هیدایەتی

سەید قادر هیدایەتی یەك لەو نووسەرانەیە كە زۆر بەوردی و بەدیقەتەوە دەنووسێ، خاوەنی كۆمەڵێك بەرهەمە چ وەك رۆمان و چ وەك لێكۆڵینەوەی ئەدەبی، نووسەرێكی وردەكارە، جگە لە رۆماننووسین، لە بواری لێكۆڵینەوەی ئەدەبیدا چەند بەرهەمێكی هەیە. بەكوردییەكی جوان و رەوان دەنووسێ، بەرهەمەكانی لەرۆژهەڵات چەندین جار چاپ كراونەتەوە، لە باشووری كوردستانیش خوێنەری زۆرە.
نوێترین بەرهەمی ( نەسری كوردی و گۆڕانی فۆڕم- ڕەخنە و لێكۆڵینەوە)  لەبڵاوكراوەكانی خانییە و لە مانگی رابردوودا لەگەڵ یانزە كتێبی دیكەدا بڵاو بووەتەوە. ئەم كتێبەش وەكو بەرهەمەكەی پێشوو تری لێكۆڵینەوەی ئەدەبییە لە بارەی پەخشانی كوردییەوەیە. 
بەردێك لە بەردێك، كۆمەڵێك وتاری ئەدەبی نوسەر سەید قادر هیدایەتییە، ئەم بەرهەمە لەكۆمەڵێك وتاری ئەدەبی پێكدێ‌، باسوخواسی ئەدەبی گێڕانەوە و زمانی كوردی لە ئەدەبیاتی كوردیدا، شیكاری تەكنیكی نووسین و گێڕانەوەن، قسە كردنە لەگۆشەنگیای گێڕانەوە و.. ئاوڕی لە تەكنیكەكانی نووسینی چیرۆك و رۆمان داوەتەوە لە بەرهەمی نووسەراندا. وەك نووسەر لە پێشەكییەكیدا نووسیوێتی: ئەم كتێبە پێك هاتووە لەهێندێك لە وتار و یاداشتانەی لەنێوان ساڵەكانی 1380 تا 1390ی هەتاویدا نووسراون، شتێك كە هەموویان پێكەوە گرێ دەداتەوە ئەوەیە كە زۆربەی ئەم وتارانە لەمەڕ چیرۆك و گێڕانەوەن. چەند وتاریان پێشتر لەگۆڤارەكان یان فەزای مەجازیدا بڵاوبوونەوە و هێندێكیشیان بۆ هەوڵجار لێرەدا بڵاو دەبنەوە.
ئەو بابەتانەی كە لەدووتوێی ئەم كتێبەدا هاتووە بریتین لە تایبەتمەندییەكانی گێڕانەوەی دۆنكیشۆت، پێكەنینی ترسێنەری گەدا، مرۆی ژێرزەمینی، میراتی سووك كراوی چیخۆف، سەربەخۆیی چیرۆك، خوێندنەوەی رۆمانی دابەش.. چەند بابەتێكی دیكە.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved